هەڤاڵ خەیری تۆڵهەڵدان «سامان تومانی»

سامان تومانی، ناسراو بە «خەیری تۆڵهەڵدان»، ساڵی ١٩٩٧ لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. ئەو، وەک زۆرێک لە منداڵانی بنەماڵە کوردەکان، بە تایبەتی لە شاری مەهاباد کە لە سەردەمی نوێدا وەک ناوەندی بزووتنەوەی کوردی ناسراوە، لە هەست و باوەڕی نیشتمانپەروەری و لە نێو ژینگەیەکدا گەورە بوو کە لە نزیکەوە شاهیدی خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد بوو.

وەک چۆن کۆمەڵەی ژێکاف هەوڵێک بوو بۆ پێشخستنی خەباتی گەلی کورد بە شێوازێکی نوێ، لە بنەڕەتدا ڕەخنەیەکیش بوو لە جووڵانەوەکانی پێشوو؛ ئەو جووڵانەوانەی کە زۆرجار بە شێوەی سەرهەڵدان و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر دەردەکەوتن، بەڵام نەیانتوانیبوو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگا و ژیانی تاکی کورددا پێش بخەن. بە هەمان شێوە، دەرکەوتنی تەڤگەری ئاپۆیی لە کوردستان و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان پێشکەش کرد. لە هەمان سەرەتای دامەزراندنی پارتی کارکەرانی کوردستان، بە پێشەنگایەتیی شەهید مەعسووم کۆرکماز (عەگید)، گرووپێک لە هەڤاڵان بۆ ناساندن و ڕێکخستنی تێکۆشانی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی لە شاری مەهاباد، وەک ناوەندی کۆماری کوردستان، چالاک بوون.

بنەماڵەی شەهید خێری لەگەڵ ئەو بزاڤە شۆڕشگێڕانەی کە لە کوردستان خەباتیان دەکرد، ئاشناییەکی تەواویان هەبوو. ئەوان بە ئاگایی و زانیارییەکی قووڵەوە تەڤگەری ئاپۆیییان هەڵبژاردبوو، وەک بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە کە دەتوانێت وەڵامدەری پێویستییەکانی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان لە هەر چوار بەشەکەیدا بێت. لەسەر ئەم بنەمایە، شەهید خەیری لە ژێر کاریگەریی ئەو بنەماڵەیە و بە هزر و بیرکردنەوەی ئاپۆیی گەورە بوو و تێگەیشتنێکی نیشتمانیی پەیدا کرد.

ئەو دەیان جار لە زمانی دایک و باوکییەوە چیرۆک و هەواڵی ئەو شۆڕشگێڕانەی بیستبوو کە لە پێناو ئازادیی کوردستاندا تێکۆشانیان کردبوو. لە ڕاستیدا، شەهید خێری بەرهەمی پەروەردەی دایک و باوکێکی زانا، وریا و نیشتمانپەروەر بوو؛ بنەماڵەیەک کە بە ئاگایی و هۆشیارییەوە ڕێگای شۆڕشی نوێی هەڵبژاردبوو.

شەهید خێری زۆر بە ئاواتەخواز بوو بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلا بکات. سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمی هەبوون، تا پۆلی دوازدەی قوتابخانە خوێندی و پاشان بڕیاری بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلا دا. ئەو، کە کوڕی گەورەی بنەماڵە بوو، دایک و باوک و خوشکە بچووکەکەی بەجێهێشت و بۆ بەشداری لە خەباتی ئازادی، ڕووی کردە چیا سەرکەشەکانی کوردستان.

باوکی هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردبوو کە ژیانێکی باش بۆ بنەماڵەکەی دابین بکات و نەهێڵێت هیچ کەموکوڕییەک ڕووبەڕوویان ببێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، بەردەوام ڕەنجی دەکێشا و تێدەکۆشا. شەهید خێری، هەرچەندە جەوان بوو و ئەزموونی ژیانی کەم بوو، بەڵام هەوڵ و ماندووبوونی باوکی دەبینی و ڕێزی لێدەگرت. هەروەها، بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ هاوڕێکانی هەیبوو، زیاتر لەگەڵ هزر و بیرۆکەکانی تەڤگەری ئاپۆیی ئاشنا بوو.

ئەو ساڵەی هەڤاڵ خەیری بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلا کرد، واتە ساڵی ٢٠١٥، هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی داعش بۆ سەر گەلی ئێزیدی لە شەنگال و هەروەها گەرمەی باس و چیرۆکە پڕ لە قارەمانییەکانی گەریلا و شەڕڤانان لە بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی داعشدا. ئەو سەردەمە، چیرۆکی ئەو قارەمانییانە هەموو کوچە و کۆڵانەکانی کوردستانی داگرتبوو. بێگومان، جەوانانی شاری مەهاباد، شاری قازی، لەگەڵ ئەو داستانانە گەورە بوون و ژیانیان لەگەڵیان بەستبووەوە. هەڤاڵ خەیریش لەو هەلومەرجەدا، بۆ پاراستنی گەلەکەی، بڕیاری دا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببێت.

شەهید خێری لە ژیانی شاخ و هاوڕێیەتی لە نێو ڕیزەکانی گەریلا دا کاریگەرییەکی قووڵی وەرگرت. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خۆی لەگەڵ ئەم خەباتەدا تێکەڵ کرد و هەوڵی دەدا لە ڕووی فکری و هزرییەوە پێش بکەوێت. ئەمەش بووە هۆی گەشەکردنی کەسایەتی و پێگەی هەڤاڵ خەیری. بەم شێوەیە، لە نێو ڕیزەکانی گەریلا و هەڤاڵەکانیدا، وەک شۆڕشگێڕێکی جەوان، بە ڕەنج و فیداکاریی خۆی بووە هەڤاڵێکی خۆشەویست و جێگەی ڕێز لای هەمووان.

شەهادەتی هەڤاڵ خەیری، یاد و بیرەوەریی هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەمان زیندوو دەکاتەوە کە لە تەمەنی جەوانیدا شانیان دایە بەر ڕەنج و ئازارەکانی گەلەکەیان و لەبری ئەوەی لە نێو سیستەم و ژێردەستیی داگیرکەراندا بتوێنەوە، ڕێگای ئازادییان هەڵبژارد و گیانی خۆیان کردە قەڵغان. ئەوان لە ڕێچکەی شەهید عەلی چیچەکدا بوون؛ ئەوەی لە زیندانی ئامەد و لە ژێر ئەشکەنجەی دوژمندا، بە وتنی «نا» و تا دوا هەناسە بە درووشمی «بەرخۆدان ژیانە»، بووە چرایەکی ڕووناکی لەسەر لووتکەی ئازادی لە مێژووی گەلی کورددا.

یاد و بیرەوەریی شەهید خەیری سەرچاوەی وزە و هێزی تێکۆشانمانە لە ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورددا. لەسەر ئەم بنەمایە، سوێند و پەیمانی خۆمان بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێگایە دووبارە دەکەینەوە.

بەم بۆنەیەوە، لە یادی شەهید سامان تومانی، ناسراو بە «خەیری تۆڵهەڵدان»، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تومانی، هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد، گەلی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: خەیری تۆڵهەڵدان

ناو و پاشناو: سامان تۆمانی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٨ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٧، مەهاباد

ناوی دایک: بەیانە

ناوی باوک: کامران

مێژوو و شوێنی بەشداربوون : ٢٥ی دیسەمبەری ٢٠١٥، قەندیل

بابەتی پەیوەندیدار