هەڤاڵ ئومید چیا مەهاباد «سادق فەتاحی»

سادق فەتاحی، بە ناوی سازمانی «ئومید چیا مەهاباد»، لە شاری مەهاباد و لە نێو بنەماڵەیەک چاوی بە جیهان هەڵهێنا کە بە قووڵی پابەندی نرخ و بەها نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد بوو. ئەو لە ژینگەیەکدا گەورە بوو کە پەیوەندییەکی قووڵی بە ڕەگ و ڕیشە و بەها ڕەسەنەکانی گەلی کوردەوە هەبوو. لە تەمەنی منداڵییەوە، کەلتووری خۆڕاگریی گەلەکەی کە لە درێژایی مێژوودا پێگەیشتبوو، کردبوونی بە هەوێنی ڕێبەری ژیانی خۆی. هەڤاڵ ئومید تەنها ١١ ساڵ لە قوتابخانەکانی ڕژیم خوێندی و لەگەڵ ئەوەی تەمەنی زۆر کەم بوو، بۆ یارمەتیدانی داهاتی بنەماڵەکەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کاری دەکرد و ماندوویەتیی دەکێشا. بەهۆی کەسایەتیی زەحمەتکێش، ڕاستگۆ و خۆبەخشەوە، هەمیشە لە نێو دەوروبەری خۆیدا کەسێکی خۆشەویست و نموونەیی بوو.

هەڤاڵمان، وەک جەوانانی دیکەی کورد، بەرامبەر بەو شەڕە بێئامانەی کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە لە کوردستاندا بەڕێوە دەچوو، بێدەنگ و بێلایەن نەمایەوە. ئەو ژیانێکی بێ ناسنامە و ملکەچانەی قبووڵ نەدەکرد کە سیستەم هەوڵی دەدا بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنێت. هەڤاڵ ئومید خۆشەویستی و باوەڕێکی قووڵی بە گەریلا ئازادیخوازەکانی کوردستان هەبوو؛ ئەو شۆڕشگێڕانەی کە بە ڕۆحییەتی فیدایی و ئاپۆیی، بۆ پاراستنی بوون و بەهاکانی گەلی کورد تێدەکۆشان و ژیانێکی ئازاد و جێگرەوەیان بە مرۆڤایەتی پێشکەش دەکرد. هەڤاڵ ئومید لە ساڵی ٢٠١٠ دەرفەتی ناسینی نزیکی تەڤگەری ئاپۆیی بۆ ڕەخسا. بە تایبەتی، لە بەرامبەر هێرشە دژەمرۆییەکانی تاوانبارانی داعشدا، قوربانیدان و خۆکردنە قەڵغان لەلایەن گەریلاوە بۆ پاراستنی گەلەکەمان، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەری دانا. لە هەمان کاتدا، لە بەرامبەر ستەم و زوڵمی ئەو تاوانبارانە لە شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامیان دەدا، تووڕەییەکی زۆری هەستی پێکرد و کەوتە ناو قۆناغێکی قووڵی بیرکردنەوە و لێکدانەوەوە. ئەو بەم ئاگاییە گەیشت کە ڕاستترین و ڕیشەییترین وەڵام بۆ ئەم بارودۆخە دژوارە و هێرشە فاشیستییانە، پەیوەستبوونە بە ڕیزەکانی شۆڕش. لەسەر ئەم بنەمایەش بڕیاری کۆتایی خۆی دا.

هەڤاڵ ئومید لە ساڵی ٢٠١٥، لە ڕێگەی سەردەشتەوە، ڕووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد و پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. یەکەمین خولی پەروەردەی خۆی لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا تەواو کرد. ئەو بەهۆی پەروەردە ئایدیۆلۆژیک و سەربازی کە وەری گرت، دەرفەتی بۆ ڕەخسا بە قووڵی خۆی پەرە پێ بدات. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خولی پەروەردە، ڕەوانەی مەیدانەکانی کار و تێکۆشان بوو. هەڤاڵ ئومید لە ماوەیەکی کەمدا توانی ئەزموونی ژیانی چیایی و گەریلایەتی بەدەست بهێنێت. دواتر لە ناوچەی قەندیلەوە ڕووی لە زاپ کرد و بازنەی خەباتی خۆی فراوانتر کرد. ئەو دڵبەستەی چیا بەرز، دژوار و شکۆدارەکانی زاپ بوو؛ ئەو جۆگرافیایەی کە مێژوو شاهیدی شکستی داگیرکەران لەوێ بووە. لەم جوگرافیایە دژوارەدا، بە ڕەنج و قوربانیدانی زۆرەوە بەشداریی لە چەندین چالاکیی هەستیار و چارەنووس سازدا کرد و بە وردبینی و هەستیاریی زۆر و ئاگایی شۆڕشگێڕانە، هەر ئەرکێکی کە دەخرایە ئەستۆی، بە هەموو توانای خۆی جێبەجێی دەکرد.

هەڤاڵ ئومید لە درێژایی ژیانی خەباتکارانەی خۆیدا، بە ڕەفتاری فیداکارانە و بە سادەژیانی، جێگەی خۆی لە دڵی هەموو هەڤاڵانی خۆیدا کردەوە. ئەو بوو بە میلیتانێکی فیدایی لەسەر هێڵی ئاپۆیی و لە پێناو ئازادیی کوردستاندا؛ میلیتانێک کە هاوسەنگەرانی وەک نموونەی خۆیان سەیریان دەکرد. هەڤاڵ ئومید میراتێکی بەهادار و لەبیرنەکراوی خەباتی لەدوای خۆی بەجێ هێشت.

بەم بۆنەیەوە، لەگەڵ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهید ئومید، پەیمانەکەمان لەبەردەم هەموو شەهیدانی کوردستاندا نوێ دەکەینەوە؛ پەیمانی بەردەوامبوون لە خەبات تا گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانیان، واتە ئازادیی کوردستان لە ژێر چنگی داگیرکاری. لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبین و بە هەموو توانامانەوە پێداگری لەسەر دەکەین.

لێرەوە، بە ڕێزەوە، یادی شەهیدبوونی هەڤاڵ سادق فەتاحی، بە ناوی سازمانی «ئومید چیا مەهاباد» دەکەینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی فەتاحی، خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری مەهاباد، هەموو گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ئومێد چیا مەهاباد

ناو و پاشناو: سادق فەتاحی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٨ / مەهاباد

ناوی دایک: لەیلا

ناوی باوک: ئیسماعیل

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٥ / سەردەشت

بابەتی پەیوەندیدار