هەڤاڵ باهۆز سەقز «دانیال نووری»

شەهید دانیال نووری، ناسراو بە «باهۆز سەقز»، ساڵی ١٩٩١ لە شاری سەقز لەدایک بوو.

شاری سەقز لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی گەلی کورددا خاوەن پێگەیەکی گرنگە. مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سکاکان و بە ناوی «ساکز» ناسراوە؛ ناوێک کە دواتر گۆڕاوە بۆ سەقز. ئەشکەوتی کەرەفتوو، بە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵەوە، یەکێک لە شوێنە مێژووییە گرنگەکانی ئەم ناوچەیەیە. هەروەها، سەقز لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی جووڵانەوەی کرێکاری و لەو شارانە بووە کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانەوە، بەشدارییەکی بەرچاویان لە سەرهەڵدانی جەماوەریی دژی ڕژیمی دیکتاتۆریی پەهلەوی هەبووە.

شەهید باهۆز لە بنەماڵەیەکی بچووکدا گەورە بووە؛ بنەماڵەیەک کە تەنیا یەک خوشکی هەبووە و دۆخی ئابوورییان لە ئاستێکی مامناوەنددا بووە. ئەو خوێندنی قوتابخانەی تەواو کرد و دواتر لە زانکۆ خوێندنی درێژە پێدا. لە ڕێگەی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر بزاڤی ئازادیخوازیی کوردستان و بەدواداچوون بۆ ڕاگەیاندنەکان، زیاتر لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بە پێشەنگایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئاشنا بوو. هاوکات دەستی بە خوێندنەوەی هزر و بیری ڕێبەر ئاپۆ کرد و دوای ئەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری بەشداری لە خەباتی ئازادیخوازی دا. دوای ماوەیەک، بەشداریی پەروەردەی شەڕڤانیی نوێی کرد.

شەهید باهۆز هەستی بە سیستەمی سەرمایەداری و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا کردبوو. لەو باوەڕەدا بوو کە لە سەردەمی دیجیتاڵ و میدیادا، زیاتر لە هەر کاتێک کۆمەڵگا دەخرێتە بەر هێرش و دەستێوەردان و ژیان لە واتای ڕاستەقینەی خۆی دوور دەخرێتەوە. لە بنەڕەتدا، شەهید باهۆز بەدوای واتای ژیاندا دەگەڕا و دوای ناسینی تەڤگەری ئاپۆیی، شوێنی خۆی لە ڕیزەکانی گەریلادا دۆزییەوە. پێکەوە ژیانی گەریلا، هەڤاڵیەتی، پاکی و سادەیی ئەو ژیانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر هەڤاڵ باهۆز دانا و وایان لێکرد زیاتر لە هزر و بیری ڕێبەر ئاپۆ قووڵ ببێتەوە.

ئەو لە ژیانی ئاسایی و ڕۆتینی شار ماندووببوو و بەدوای رۆچنەیەک‌دا دەگەڕا کە بتوانێت ژیان واتادار بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، گەریلا و شاخ بوونە ئەو شوێنەی کە جارێکی دیکە خۆی لەوێدا دەدیتەوە. کاتێک سەیری ژیان و کەسایەتیی شەهید باهۆز دەکەین، بێ ئەوەی خۆمان بزانین، بیرمان دەچێتەوە سەر هۆنراوەی «شار»ی سوارەی ئیلخانیزادە؛ ئەو کەسەی کە لە هاڕەهاڕی شار ماندوو بووە، چیدی چاخانەکانی شار ئارامی پێ نابەخشن و ڕوو لە چیا دەکات؛ بەرەو ئەو شوێنەی کە وەک کانگای ژیان لەبەردەمی دەکەوێتەوە.

شەهید باهۆز تەنیا یاخییەک نەبوو کە لە شار ڕابکات، بەڵکو بەدوای جێگیرەوەیەک‌دا دەگەڕا تا ژیان جارێکی دیکە لەسەر بنەما سروشتییەکانی خۆی بنیاد بنێتەوە. ئەو ئاسوودەییەی کە بەدوایدا دەگەڕا، لە سروشتی کوردستان و لە هزر و بیری ڕێبەر ئاپۆدا دەیدۆزییەوە و هەوڵی دەدا ببێتە تێکۆشەرێک لە پێناو ژیانێکی واتاداردا. لای ئەو، پارتی کارکەرانی کوردستان نموونەیەک بوو لە ژیانی کۆمیناڵ؛ ژیانێک کە تاکگەری و تاکپەرستی تێیدا شوێنی نییە و ئازادی وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی تێیدا دەبینرێت. بەم شێوەیە، ئازادی و ئاسوودەیی خۆی بە ئازادی و ئاسوودەیی کۆمەڵگاوە گرێ دەدا.

شەهید باهۆز سەقز بەشداریی خۆی لە ڕیزەکانی گەریلا وەک لەدایکبوونێکی نوێ پێناسە دەکرد و بەردەوام هەوڵی دەدا لە ناخی خۆیدا نوێبوونەوە و گۆڕانکاری دروست بکات. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە مرۆڤ تەنیا بە لەدایکبوونی جەستەیی ناتوانێت ژیانێکی واتادار بژی؛ بەڵکو پێویستە لە ڕووی هزرییەوەش جارێکی دیکە لەدایک ببێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: «من لە ژیانی خۆمدا، جگە لە لەدایکبوونی جەستەیی، هەوڵم داوە چەندین جار لە ڕووی هزرییەوە لەدایک ببمەوە. دامەزراندنی پارتی کارکەرانی کوردستان لەدایکبوونێکی نوێ بوو بۆ گەلی کورد».

هەڤاڵ باهۆز لەسەر ئەم بنەمایە دەستی بە تێکۆشان کرد و بەو تێگەیشتنەوە قۆناغی پەروەردەی شەڕڤانیی نوێی تێپەڕاند. لەم پێناوەدا بوو بە شەڕڤانی ئازادی. لە باوەڕی ئەودا، خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان سەرەتای شکاندنی زنجیرەکانی کۆیلایەتی و گەیشتن بە ئازادییە. لەسەر ئەم بنەمایە، هەنگاوی خۆی لەم ڕێگایەدا نا و هاوکات بانگەوازی لە جەوانان دەکرد بۆ بەشداری لەم خەباتە مێژووییە؛ خەباتێک کە تەڤگەری ئاپۆیی خوێنێکی نوێی بە بەر بزووتنەوەی کورددا کردووە.

شەهید باهۆز، کە لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێگای خۆی و گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد سوور بوو، تا دوا هەناسەی خۆی لەسەر هەمان ڕێباز تێکۆشا و لە پێناو ئەو باوەڕ و ئامانجانەدا گیانی خۆی بەخت کرد.

لێرەوە، بە بۆنەی شەهیدبوونی هەڤاڵ و هاوڕێمان، دانیال نووری، ناسراو بە «باهۆز سەقز»، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خۆشەویستی نووری، هەموو گەلی وڵاتپارێزی سەقز، گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: باهۆز سەقز

ناو و پاشناو: دانیال نووری

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٦ی ئایار ١٩٩١ / سەقز

ناوی دایک: فەهیمە

ناوی باوک: محەممەدئەمین

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ / قەندیل

بابەتی پەیوەندیدار