ئەیوب فەیزی، ناسراو بە «پیردۆغان ئاگرین»، ساڵی ١٩٩٩ لە شاری بۆکان لەدایک بووە. ئەو ساڵەی ئەیووب لەدایک بوو، پیلانێکی نێونەتەوەیی دژی گەلی کورد لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆدا بەڕێوە دەچوو؛ ساڵێک کە سێبەری ژینۆسایدێکی گەورە بەسەر گەلی کورددا کەوتبوو. لە کاتێکدا داگیرکەرانی کوردستان پیلانێکی سەرتاسەریان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد داڕشتبوو، ئەمڕۆ دەبینین ئەوەی سەرکەوت، ڕووناکی و هێزی ئیرادەی گەل بوو. لە سەردەمێکدا کە تاریکی بەسەر جیهاندا باڵی کێشاوە، ئەوەی خاوەن هێزی چارەسەرییە، ڕێبەر ئاپۆیە؛ ئەوەی لە پشت دیوارەکانی ئیمڕاڵییەوە نەخشەی دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێت. وەک تیشکی خۆر، هەورە تاریکەکان دەدڕێنێت و زەوی گەرم دەکاتەوە، بۆ ئەوەی تۆوی ژیان و ئازادی جارێکی دیکە سەرلەنوێ بژێتەوە.
هەڤاڵ پیردۆغان لەو کەشوهەوا و هەلومەرجەدا گەورە بوو. لە شاری بۆکان، شاری شیعر و ئەدەب و ئاواز، لە پاڵ حەوزەلارە و لە نێو هەموو ئەو دژەپڕۆپاگەندانەدا، کۆڵی نەدا؛ بەڵکوو وەک تۆوێکی گەنم، ڕەگی داکوتا و گەشەی کرد، تا ببێتە نانێک لە دەستی منداڵێکی هەژاردا. ئەو کاتەی ئەیوب لەدایک بوو، شەهید عاکیف مامۆ زاگرۆس لە چیاکانی کوردستان پێشەنگایەتیی خەباتی ڕۆژهەڵاتی دەکرد. ئەو وەک ئەندامی مەجلیسی پەژاک، بووە ڕچەشکێنێک بۆ تاقیکردنەوەی ڕێگایەکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورددا.
بۆکان تەنها شارێک نەبوو، بەڵکوو مەکۆی پێکدادان و ملمەلانێیەکی ئایدیۆلۆژیک بوو لە نێوان شۆڕشی کۆن و نوێدا. شەهید ئەیووب لە هەمان سەرەتادا تێگەیشتبوو کە چۆن دژەپڕۆپاگەندە هەوڵ دەدات جەوانانی کورد لە شۆڕشی نوێ دوور بخاتەوە. ئەو، هەرچەندە جەوانێکی تازە پێگەیشتوو بوو، بەڵام خاوەنی دەرک و تێگەیشتنێکی قووڵ بوو و باش دەیزانی چۆن لە نێوان ڕاستی و ناپاکی جیاوازی بکات. لە بنەماڵەیەکدا گەورە بوو کە نەتەنیا فێری ڕاستگۆیی، بەڵکوو فێری ئەوەش بوو چۆن بەدوای حەقیقەتی ژیاندا بگەڕێت.
پێیان دەگوت لە نێو ڕیزەکانی گەریلادا برسی دەبیت و خواردنت بە ئاسانی دەست ناکەوێت. بەڵام ئەیوب ناوی «پیردۆغان»ی بۆ خۆی هەڵبژارد؛ چونکە نە لە بەرزیی ئامانجەکانی دەترسا و نە لە برسێتی و نەداری. بە پێچەوانەوە، هەرچەندە جەوان و تازە پێگەیشتوو بوو، لە هزردا وەک کەسێکی بە ئازموون و تێگەیشتوو بوو کە دەیویست ببێتە بەشێک لە کاروانی ڕێگای ئازادی.
لەسەر ئەم بنەمایە، ساڵی ٢٠١٧ شاری بۆکانی بەجێ هێشت و بەرەو ورمێ ڕێکەوت و پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. ئەو ڕێگای بەشداری لە خەباتی ئازادیی بە پێشەنگایەتیی پارتی کارکەرانی کوردستانی هەڵبژارد. دوای تەواوکردنی پەروەردەی شەڕوانیی نوێ، بوو بە مەشخەڵێک لە کاروانی ڕووناکی. ئەو لە هەمان تەمەنی جەوانیدا هەوڵی شکاندنی سنوورەکانی داگیرکەران دەدا و لە باشووری کوردستان، هاوشانی هەڤاڵانی دیکەی، درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دا.
هەڤاڵ پیردۆغان بە ڕۆحێکی گەنج و وزەیەکی بێوچان، هەمیشە سەرچاوەی وزە و ورە بوو بۆ هەڤاڵانی دیکە. ئەمەش وای کردبوو جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی هاوسەنگەرانی خۆیدا بەدەست بهێنێت. یاد و بیرەوەریی شەهید ئەیوب لە هزر و بیری هەڤاڵانیدا هەمیشە سەرچاوەی تێکۆشان و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر داگیرکاریدا. ئەو بە شەهادەتی خۆی هەستی تۆڵەی جارێکی دیکە زیندوو کردەوە و ئێمەش سۆز و پەیمانی خۆمان بۆ درێژەدان بە ڕێگای شەهیدان و بەردەوامبوون لە خەبات دووپات دەکەینەوە.
بە بۆنەی شەهیدبوونی هەڤاڵ و هاوڕێمان، پیر دۆغان ئاگرین «ئەیوب فەیزی» پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی فەیزی، خەڵکی وڵاتپارێزی بۆکان، گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: پیردۆغان ئاگرین
ناو و پاشناو: ئەیوب فەیزی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٩ / بۆکان
ناوی دایک: مەریەم
ناوی باوک: محەممەد
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٧ / ورمێ




