هەڤاڵ باگەر ئەربابا «نادر عەزیزی»

نادر عەزیزی، ناسراو بە « باگەر ئەربابا»، لە شاری بانە لەدایک بووە. هەڤاڵ باگەر منداڵی پێنجەمی بنەماڵەکەی بوو و تا ئاستی خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانە خوێندوویەتی. ئەو لە ژینگەیەکدا گەورە بوو کە هەستی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی تێیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتابوو. باوکی شەهید باگەر لە سەردەمی شەهید قاسملوودا پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

باگەر سەردەمی منداڵیی خۆی لە بناری چیای ئەربابا تێپەڕ کرد. ئەو کاتەی لەدایک بوو، بۆنی کیمیاییی هەڵەبجە هێشتا لە هەناسەی کوردستاندا مابوو و شەڕی عێراق و ئێران بەرەو کۆتایی دەچوو؛ بەڵام بۆنی بارووت و شەڕ هێشتا لە کوردستان کۆتایی پێ نەهاتبوو. باگەر، وەک هەموو منداڵێکی کورد، بە چیرۆکی قارەمانیی ئەو شەهیدانە گەورە بوو کە بۆ ئازادیی کوردستان، چیای ئەربابایانیان کردبووە قەڵای بەرخۆدان.

شەهید باگەر لە هەمان سەردەمدا لە نێوان دوو دیمەنی قارەمانی و خیانەتدا گەورە بوو. لە کاتێکدا ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە بەرامبەر دوژمندا تێکۆشانیان دەکرد، بەشێکی دیکەش دەستیان لەگەڵ سیستەم تێکەڵ کردبوو و لە دژی گەلەکەی خۆیان وەستابوون. کاتێک گەورە بوو و گەیشتە تەمەنی گەنجی، هەستی نیشتمانپەروەریی لە ناخیدا قووڵتر بووەوە و گەورەترین پرسی ئەو ئەوە بوو کە چۆن بتوانێت خزمەت بە گەلەکەی خۆی بکات.

لەو ماوەیەدا، بە وردی تێکۆشانی گەلی کوردی لە بانە و ناوچەکانی دەوروبەری چاودێری و هەڵسەنگاندن دەکرد. شەهید باگەر لە ڕێگەی خوێندنەوە و ئەو زانیارییانەی کە لە ڕاگەیاندنەوە بەدەستی دەگەیشتن، دوای لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەیەکی قووڵ، ڕووی لە ڕیزەکانی گەریلا کرد. لە هەمان سەردەمدا، لە ماڵەوە دەستی بە خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کردبوو و لە هزر و بیرۆکەکانی ئەو کاریگەریی وەردەگرت. شەهید باگەر تەنیا وەک سەربازێک و بۆ شەڕکردن پەیوەندی بە گەریلاوە نەکرد؛ بەڵکو بە تێگەیشتنێکی ئایدیۆلۆژیک و بەهۆی ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان تەڤگەری ئاپۆیی و پارتی کارکەرانی کوردستان لەگەڵ تەڤگەرەکانی دیکەدا بینیبووی، ئەو ڕێگایەی هەڵبژارد.

ئەو یەکەم شەڕی خۆی لە ناو مێشک و هزری خۆیدا، دژی داگیرکاری و کۆنەپەرەستی دەست پێکردبوو. هەرچەندە لە نزیکەوە تەڤگەرەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکۆڵیبۆوە، بەڵام ئەو جیاوازییەی لە نێو پەکەکەدا بینیبووی، بڕیاری لەسەر هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایە دابوو. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، گەریلا بە شێوەیەکی بەردەوام لە دارستانەکانی بانە و مەریوان دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران تێکۆشانی دەکرد. هەمان ساڵ، گەریلا لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاش سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەست هێنا؛ ئەو سەرکەوتنەی کە لە ئۆپەراسیۆنی زاپدا دەستی پێ کردبوو. ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر زۆرێک لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو و ژمارەیەکی زۆریان بەرەو پەیوەستبوون بە خەباتی ئازادیی کوردستان، بە پێشەنگایەتیی پەکەکە، ڕاکێشا.

شەهید باگەر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتیی ناو ڕیزەکانی گەریلا کاریگەرییەکی زۆری وەرگرت و هەوڵی دەدا خۆی لەگەڵ شێوازی ژیانی گەریلا بگونجێنێت. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە بۆ گۆڕینی هزر و ئایدیۆلۆژی بۆ کردار، پێویستە بەردەوام لە تێکۆشاندا بێت و ئاستێکی بەرزی فیداکاری هەبێت. لە دیدی ئەودا، گەریلایەتی لە کوردستان بنەمایەکی سەرەکیی خەباتی ئازادیی گەلی کورد بوو. لەسەر ئەم بنەمایە، بەشداریی چەندین خولی پەروەردەی ڕێکخستنی کرد و هەوڵی دا خۆی بۆ قۆناغە نوێکانی تێکۆشان ئامادە بکات.

شەهید باگەر لەسەر بنەمای ئازادیی ژن خۆی قووڵتر پەروەردە دەکرد و هەوڵی دەدا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژندا، هاوڕێیەتییەکی ڕاستەقینە و ئازادانە بنیاد بنێت. ئەو دەیویست لەسەر بنەمای پارادایمی نوێ، وەڵامدەرەوەی ئەو شۆڕشە بێت کە ئازادیی ژنی کردووەتە بنەمای ئازادیی کورد و کوردستان. باش دەیزانی کە ئازادیی کوردستان بەشێکە لە ئازادیی مرۆڤایەتی؛ چونکە لەم جوگرافیایەدا یەکەم کۆمەڵگە مرۆییەکان سەریان هەڵداوە، لە زاگرۆسدا بنەماکانی ژیان دارێژراون و یەکەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕۆڵی ژن ـ دایک دەستیان پێ کردووە. لەبەر ئەوە، ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد، پێویستی بە شۆڕشێک هەیە کە ئازادیی ژن بخاتە ناوەندی خۆیەوە.

شەهید باگەر تا دوا ساتەکانی ژیانی، بە هزر و بیرۆکەی ئازادییەوە ژیا و تێکۆشانی کرد. لە هەر شوێنێک بووبێت، بە تێکۆشان و ئەو جۆش و خرۆشەیەی کە لە یەکەم هەنگاوەکانی بۆ ناو ڕیزەکانی گەریلا لەگەڵ خۆی هێنابوو، درێژەی بە خەبات دا و لە دڵی هەڤاڵانیدا جێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی کردەوە.

دوای تەواوکردنی پەروەردەی شەڕوانیی نوێ، ڕووی لە بادینان کرد و لەوێوە بەرەو گەلی تەیار چوو و بەشداریی چالاکییەکانی ئەو هەرێمەی کرد. لە هەرێمی زاپدا، لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ بەشداریی هەڵمەتەکانی گەریلا بوو. دواتر ڕووی لە باکووری کوردستان کرد و بە بڕینی سنوورە دەستکردەکان، لە هەرێمی گەڤەر و ئەسەندەرەدا دەستی بە کار و چالاکی کرد. شەهید باگەر لە باکووری کوردستان بە تێکۆشان و قارەمانیی خۆی سەدان بیرەوەریی لە دڵ و هزری گەلی باکووردا بەجێ هێشت و بووە وەک منداڵی هەر یەک لە دایکانی باکوور.

تا ساڵی ٢٠١٣ لەوێ مایەوە. دواتر بۆ بەشداری لە پەروەردەی گەریلا مۆدێرن گەڕایەوە هەرێمەکانی پاراستنی گەل و تا ساڵی ٢٠١٤ لەوێ مایەوە. دوای تەواوکردنی پەروەردەکە، جارێکی دیکە ڕووی لە باکووری کوردستان کردەوە و چووە ئامەد، پایتەختی بەرخۆدان.

شەهید باگەر باش دەیزانی کە ئازادیی کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستاندا بە یەکترەوە گرێدراوە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕووی لە باکووری کوردستان کرد. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە بە شۆڕشی ڕۆژئاوا، کاتی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیش هاتووە و پێویستە ئامادەکاریی بۆ بکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، هەموو هێز و وزەی خۆی تەرخان کرد تا بتوانێت ئەزموونی تێکۆشانی خۆی لە باکوور پەرە پێ بدات و لە کاتی خۆیدا بیخاتە خزمەتی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو لە ئەزموونی سمکۆ سەرهه‌ڵدان، فەرماندەی ناوداری شەڕی دژی جاسوسان، کە تا دەریای ڕەش گەیشتبوو، وەک نموونەیەک لە تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن وانەی وەردەگرت.

شەهید باگەر لە بەردەوامی ڕێپێوانی خۆی لە پێناو ئازادیی کورد و کوردستاندا، لە ئامەدی باکوری کوردستان، دڵی پڕ لە جۆش و خرۆشی لێدان کەوت و پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی ئازادی بوو؛ بەم شێوەیە بووە میوانی گەلی ئامەد.

لێرەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بەبۆنەی شەهیدبوونی هەڤاڵ و هاوڕێمان نادر عەزیزی، ناسراو بە «باگەر ئەربابا»، ئاراستەی بنەماڵەی خۆشەویستی عەزیزی، خەڵکی نیشتمانپەروەری بانە، گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: باگەر ئەربابا

ناو و پاشناو: نادر عەزیزی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٨ / بانە

ناوی دایک: شەرافەت

ناوی باوک: محەممەد

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٠٨ / بانە

بابەتی پەیوەندیدار