هەڤاڵ ڕۆنیا ڕوناهی (زارا زراعەتی)

ئەو قۆناغەی خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان کە بە ناوی «شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی » دەستی پێ کرد، وەرزێکی نوێی لە خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستاندا کردەوە و بناغەی پەیوەندیکردنی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی بۆ ڕیزی خەبات و تێکۆشان ڕەخساند. شەهیدبوونی هەڤاڵان لەم قۆناغەدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر گەنجانی پەروەردەبووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا و زۆرێکیانی بەرەو وەرگرتنی بەرپرسیاری و بەشداری لە مەیدانی خەباتدا پاڵ پێوە نا. ژنە گەنجانی ماکۆ کە پەیوەندییان بە ڕیزی خەباتەوە کرد، بە ڕۆحی ئەم بزوتنەوەیە هەنگاویان نا لە ڕێگای ئازادیدا و بوون بە گەریلایانی پێشەنگ.

هەڤاڵ ڕۆنیا ڕوناهی لە شاری ماکۆ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە ژیان هەڵهێنا. لە خێزانێکی سەر بە عەشیرەتی جەلالی، کە لە مێژووی کوردستاندا پێگەیەکی دێرینی هەیە، و بە بەها ڕەسەنە کوردییەکان و ڕۆحی نیشتمانپەروەری پەروەردە بوو. ڕۆنیا گەورەترین منداڵی خێزانێکی حەوت منداڵی بوو و پێنج ساڵ لە قوتابخانەکانی ئاسیمیلاسیۆندا خوێندی. لە منداڵییەوە بە هەستی بەرپرسیاری بەرامبەر خێزانەکەی گەورە بوو و فێری  هاوبەشی و فیداکاریی بوو.

هەڤاڵمان لە ماوەی خوێندندا نەیدەتوانی قبووڵ بکات کە سیستەمی حاکم تەنانەت مافی قسەکردن بە زمانی دایکییشی لێ زەوت بکات. هەمیشە لەبارەی ئەم ناکۆکییە و هۆکاری ئەم سیاسەتانەوە بیر دەکردەوە. هەرچی گەورەتر دەبوو، ڕەهەندەکانی سیاسەتەکانی فشار و سەرکوتی دەوڵەت باشتر دەناسی؛ لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەرامبەر چەرخی ئاسیمیلاسیۆنی ڕێژیمدا سەری دانەنا و بەردەوام بوو لە پاراستنی بەها ڕەسەنەکانی خۆی. ڕۆنیا لەبەرامبەر ڕێژیمێکدا بووە خاوەن هەڵوێست کە بە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ژیانی ژنانی تەنگ دەکرد، هەروەها لەبەرامبەر سیستەمێکی سەرمایەدار کە ژنی دەکردە کاڵا؛ بۆ ڕزگاری لەم ڕاستییانە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا.

خۆڕاگری و پێشەنگایەتیی گەریلایانی یەژاستار لەو تێکۆشانەدا کە بە ڕێبەرایەتیی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بەڕێوە دەچوو، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەڤاڵ ڕۆنیا دانا. تێگەیشت کە دروستکردنی ژیانێکی دیکە دەکرێت و ژنان دەتوانن لە بنیاتنانی ئەودا ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن. شەهیدانی «شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی »یش کاریگەرییان لەسەر دانا و ویستی ئەویان بۆ پەیوەندیکردن بە تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان پتەوتر کرد. لە کۆتاییدا، هاوڕێ ڕۆنیا لە ساڵی ٢٠١٠دا لە ناوچەی سەردەشتەوە ڕووی کردە چیاکانی کوردستان و پەیوەندی بە ڕیزی گەریلاوە کرد.

هەڤاڵمان یەکەمین ڕاهێنانەکانی لە هەرێمی پاراستنی میدیا وەرگرت. شکۆی چیاکانی کوردستان و ڕۆحی هاوڕێیەتی و هاوبەشی لەنێو گەریلاکاندا کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دانا. پەروەردەکانی پەیوەست بە مێژووی ژنان و مێژووی حیزبیش یارمەتییان دا زیاتر لەگەڵ ئەو ناخۆشییانە ئاشنا بێت کە بزوتنەوەکەمان لە قۆناغەکانی ڕابردوودا تێیانپەڕیبوو. ئەم ناسینە ویست و بڕیاری ئەوی بۆ بەردەوامبوون لە تێکۆشان پتەوتر کرد. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خولی ڕاهێنان، پەیوەندی بە چاڵاکییە کردەوەییەکانی ناوچەی قەندیلەوە کرد و یەکەمین ئەزموونەکانی خەباتی لەوێ بەدەست هێنا. بە سەرنج و بەردەوامییەکی زۆرەوە هەوڵی دا خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی خەبات و  تێکۆشان لەم قۆناغەدا بگونجێنێت و ئەم ماوەیە بە سەرکەوتوویی تەواو بکات. هاوڕێمان دەیویست بنەماکانی ئازادیی ژن لە کەسایەتی و ژیانی خۆیدا دەربخات و بە پێی ئەرکی پێشەنگایەتیی یەژا ستار بەشداری بکات؛ بۆیە ڕووی کردە ناوچەی شەمزینان.

هەڤاڵ ڕۆنیا (زارا زراعەتی) لە چەندین ئۆپەراسیۆندا لە ناوچەی شەمزینان بەشدار بوو و بە توانایی و بەشداریی خۆی پێگەیەکی تایبەتی لەنێو هاوڕێکانیدا بەدەست هێنا. لە ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی دوژمن بە چاڵاکی بەشدار بوو و بە بوێری و فیداکاریی خۆی بەرچاو کەوت. ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و ڕۆحییەتی فیداکاریی ئەو ، کردیبوویە گەریلایەکی نموونە لە ڕیزی یەژا ستاردا. هاوڕێمان لە مەیدانە سەختەکانی تێکۆشاندا پێشەنگی خۆڕاگری بوو و هەر شوێنێک بەشداریی تێیدا دەکرد، بە ڕۆح و ویستی خۆی هێزی دەبەخشی بە هاوڕێکانی.

شەهید ڕۆنیا تێکۆشانی خۆی بە ڕۆحی «شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی» بەڕێوە دەبرد. هەمان هەستی بەرپرسیارێتی کە وەک گەورەترین منداڵی خێزانەکەی هەیبوو، لە ڕیزی تێکۆشانیشدا هەڵیگرت و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا بە جدییەت و پابەندییەوە بەشداریی دەکرد. تواناییە سەربازییەکانی کە لە ئەکادیمییە سەربازییەکاندا بەدەستی هێنابوون، لە مەیدانی کرداردا بەکاری دەهێنا و لە پێناو ئەرکی پێشەنگایەتیی یەژاستاردا ڕۆڵ و بەشدارییەکی کاریگەری دەگێڕا. ڕەوشت و کەسایەتی سادە و ڕاستگۆیانە و پابەندیی ئەو بە بنەماکانی خەبات و تێکۆشان، وێنەی ژنێکی پێشەنگ و نموونەیی لە ڕیزی بزوتنەوەکەماندا بەجێهێشت.

هەڤاڵ ڕۆنیا ڕۆناهی (زارا زراعەتی) بەدوای هێرشی دوژمن لە ناوچەی سەنێلا، سەر بە شەمزینان، پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوو. هەموو بوونی خۆی لە پێناو ئازادیی گەلەکەیدا خستە گەڕ و ڕێگای تێکۆشانی ئازادیخوازانەی بە سەربەرزییەوە تەواو کرد. شەهیدبوونی، لەنێو هەڤاڵاندا هۆشیارییەکی قووڵتری سەبارەت بە پێویستیی بەردەوامبوون لە تێکۆشان و بڕیارێکی پتەوتری بۆ فراوانکردنی خەبات ورووژاند. ڕێگا، تێکۆشان و خەباتی هەڤاڵ ڕۆنیا هەروەها بەردەوام لە دڵی ژنە گەریلاکاندا کە لە چیاکاندا خۆڕاگری دەکەن زیندووە. بە تایبەتی سەرەخۆشی لە خێزانی بەڕێزی ئەو، خەڵکی ماکۆ و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ڕۆنیا ڕوناهی

ناو و پاشناو: زارا زراعيتی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٤ _ ماکۆ

ناوی دایک: فاتمە

ناوی باوک: عادل

مێژووی بەشداربوون: ٢٠-٠٥-٢٠١٠

بابەتی پەیوەندیدار