هاوڕێمان بێریڤان لە خێزانێکی پابەند بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکان، لە شاری ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە ژیان هەڵهێنا. ئاگایی قووڵی خێزانەکەی لە بەها نیشتمانپەروەرییەکان و پەیوەندییان بە کلتووری کوردییەوە، ژینگەیەکی گونجاوی بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتییەک دروست کرد کە لە هەمان منداڵییەوە دڵبەستەی ڕەگوریشە و ناسنامەی خۆی بوو. بێریڤان کەسایەتییەکی پێگەیشتوو و ئاگادار بوو. پەروەردە و ئاگاییەکەی لە خێزانەکەی وەرگرتبوو، کردیبوویە کەسایەتییەکی خۆشەویست و ڕێزلێگیراو لە ژینگەی دەوروبەریدا؛ بە شێوەیەک کە کەسانی دیکە گوێیان لە قسەکانی دەگرت و بۆچوونەکانیان بە بەها دەزانی.
هاوڕێمان بێریڤان (چیچەک عومری بڕوکی میلانی) لە تەمەنی کەمەوە لەگەڵ گەریلاکان ئاشنا بوو و هەمیشە شیفتەی ژیان و خەباتی ئەوان بوو. خەونی پەیوەندیکردن بە ڕیزی گەریلا و تێکۆشان بۆ ئازادیی گەلەکەی لە مێشکیدا دەپروراند. هەر ڕەفتار و مامەڵەیەکی گەریلاکان کە لە نزیکەوە دەیبینی، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دادەنا و دڵبەستەیی ئەوی بە حیزبەکەمان زیاتر دەکرد. بە تایبەتی حەزی دەکرد بزانێت ڕێبەرمان چۆن توانیویەتی لەو ژنانەی عەقلیەتی پیاوسالار لە چوارچێوەی سنوورداردا حەساری کردوون، سوپایەک لە ژنانی ئازاد و
شۆڕشگێڕ پێک بهێنێت و ژنە گەریلاکان چۆن لە مەیدانی خەباتدا پێشەنگی دەکەن. ئەم پرسیارانە مێشکیانی خەریکی خۆیان کردبوو و بوونە هۆی بیرکردنەوەیەکی قووڵ لەبارەی ئازادیی ژن.
هاوڕێمان دەیویست پەیوەندی بە خەباتی گەریلاوە بکات و پارێزوانی لەو بەهایانە بکات کە بە فیداکارییە گەورەکان دروست کرابوون و بوونەتە دەستکەوتی تێکۆشانی گەلەکەمان. بۆیە دەستی بە هەوڵدان و گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای پەیوەندیکردن بە ڕیزی خەباتەوە کرد. لە هەمان کاتدا دەیویست بەشدارییەکی لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیدا هەبێت؛ بۆیە ڕووی کردە پیشەی چنینی فەرش، کارێک کە پێویستی بە ئارامی، وردبینی و بەردەوامییەکی زۆر هەیە. بێریڤان لە هەمان ساڵانی منداڵییەوە بە کار و ڕەنج ئاشنا بوو و کەسایەتییەکی هەوڵدەر و فیداکاری پەیدا کرد. ڕۆحی زەحمەتکێشی و بەرپرسیارێتیی ئەو بەناوبانگ بوو و لە ژینگەی دەوروبەریدا وەک نموونەی ژنی کورد دەناسرایەوە.
بە پەیوەندیکردنی نزیکەکانی بە خەبات و ئاشنایی زیاتر بەو بەها و ئەرکەی ڕێبەرمان بۆ ئازادیی ژن دیاری کردبوو، بێریڤان زیاتر هەستی بە نزیکی لە ئازادی دەکرد. بە بەراوردکردنی بارودۆخی ژنان لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ ئەو ژنانەی لە ڕیزی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستاندا بەشدار بوون، گەیشتە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە کێشەی ئازادی. هاوڕێمان تێگەیشت کە ئازادیی ژن و ئازادیی کۆمەڵگە لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. بۆیە زیاتر دڵبەستەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بوو. قبووڵی نەکرد ڕۆڵ و ناسنامەی ژن لەلایەن سیستەمی پیاوسالارەوە دیاری بکرێت و بڕیاری پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی گەریلا دا و ڕێگای خەبات بۆ ئازادی بگرێتەبەر.
هاوڕێمان بێریڤان ئامەد (چیچەک عومری بڕوکی میلانی) لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پەیوەندی بە ڕیزی گەریلاوە کرد و یەکەمین ڕاهێنانەکانی لە ناوچەی قەندیل وەرگرت. ژیانی پێکەوەیی و بە کۆمەڵی گەریلا و پەیوەندییە هاوڕێیانەکان کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دانا. بەشداریی پڕشۆق و پڕوزەی ئەو وای کرد لە ماوەیەکی کەمدا بە ژیانی گەریلا ڕابێت. هەرچەندە ماوەیەکی زۆر لە پەیوەندیکردنی تێنەپەڕیبوو، بە خێرایی ئەزموونی کۆکردەوە و بوو بە پێشەنگێک کە بە ئارامی و ویستێکی پتەو ناخۆشییەکانی تێدەپەڕاند. هەرچی لە ماوەی ڕاهێنانەکاندا زیاتر دەیخوێندەوە و دەگەیشتە ئاگاییەکی قووڵتر، بە ئیرادە و بڕیارێکی پتەوترەوە پابەندی هەنگاوەکانی لە ڕێگای ئازادی هەڵدەگرت.
حەزی دەکرد لە هێرشی یەکی حوزەیراندا کە بزوتنەوەکەمان دەستی پێ کردبوو، بەشدار بێت. بێریڤان دوای دوو ساڵ مانەوە لە ناوچەی قەندیل، ئەزموونی بەسوودی بەدەست هێنا و بوو بە ژنە گریلایەکی بە توانا لە ڕیزی هێزەکانی یەژا ستاردا. هاوڕێمان هەمیشە هەوڵی دەدا ساتەکانی ژیانی پڕبەها بکات و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا یارمەتیی هاوڕێکانی بدات. پاشان چووە ناوچەی هەفتانین و لەوێش شارەزاییە سەربازییەکانی پەرەپێدا. سروشتی هەفتانین کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر دانا و دڵبەستەیی ئەوی بەو ناوچەیە زیاتر کرد. بێریڤان بە فیداکاری، ڕۆحی بەرپرسیارێتی و بەشداربوونی چاڵاک لە چاڵاکییە کردەوەییەکاندا، بوو بە نموونەیەک لە ڕیزی یەژا ستاردا.
دوای ماوەیەکی چڕی چاڵاکییە کردەوەییەکان، بێریڤان لە ئەکادیمی شەهید بێریتان پەروەردەی بینی. لەم ماوەیەدا، سەرنجێکی تایبەتی خستووەتە سەر خوێندنەوە و شیکردنەوەی بەرگرینووسراوە و بەرهەمەکانی ڕێبەرمان لەبارەی ڕێکخستنی سوپای ژنان. دەیویست لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوەش پاشخانێکی قووڵتر بەدەست بهێنێت و خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنێت. بۆیە هەوڵی دەدا داواکارییەکانی ناسنامەی یەژا ستار بە دروستی لە ژیان و تێکۆشانی خۆیدا دەربخات. تامەزرۆیی و جدیبوونی لە فێربوون و بەشداری لە خولەکانی ڕاهێناندا، ستایشی هاوڕێکانی دەورووژاند. بێریڤان دەیویست بە ناسین و شیکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی عەقلییەتی پیاوسالاری لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان، خۆی لە کاریگەرییەکانی ئەم عەقلییەت و سیستەمە پاک بکاتەوە و بگاتە کەسایەتییەکی ئازاد.
لە ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، بێریڤان لەو چاڵاکییەکاندا کە بزوتنەوەکەمان لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا دەستی پێ کردبوون بەشدار بوو. لە ناوچەی مەخمووردا ئەرکەکانی وەک ملیتانێکی شایستەی هێزەکانی یەژا ستار جێبەجێ کرد. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا چاڵاکانە بەشدار بوو کە و کەسایەتییە خۆڕاگر و بە ئیرادە نموونەییەکەی بووە هۆی شکستی گرووپەکانی داعش، و هەروەها لە هەر بوارێکدا یارمەتیی هاوڕێکانی دەدا. بێریڤان لە کاتی شەڕ لەگەڵ داعش بریندار بوو، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا تەندروستیی خۆی گەڕاندەوە و جارێکی دیکە گەڕایەوە مەیدانی چالاکی و تێکۆشان. بە ئاگایی لەو ئەرکە مێژووییەی لەسەر شانی ژنی کورد دانرابوو، بە ویستێکی پتەوەوە بەردەوامی بە تێکۆشانی دەدا.
دوای ماوەیەکی چڕی چالاکییە کردەوەییەکان، بێریڤان جارێکی دیکە گەڕایەوە هەرێمی پاراستنی میدیا و لە ئەکادیمی شەهید حەقی قەرار پەروەردەی بینی. ئەم ماوەیە دەرفەتێک بوو بۆ بیرکردنەوە و پێداچوونەوەی قووڵ بە ڕێگای تێکۆشانی خۆی. بە هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانی و ئەو کەموکوڕیانەی لە جەریانی چالاکییە کردەوەییەکاندا ڕووبەڕوویان بووبووەوە، ئەزمونی لە سەرپێهاتەکانی ژیان و تێکۆشانی خۆی دەردەخست. هەروەها دەیویست لەبەرامبەر هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بە ئامادەیی و ئاگایی زیاتر وەڵام بداتەوە. بێریڤان بە ڕەفتاری سادە و دڵنزمانەی، ڕۆحی فیداکار و دڵبەستەیی قووڵ بە ئازادی، هاوڕێیەکی بوێر و شۆڕشگەڕێکی ئاپۆیی بوو کە هەر بەرپرسیارییەک بە هەستی پابەندی و شایستەییەوە جێبەجێ دەکرد.
هاوڕێمان بێریڤان ئامەد (چیچەک عومری بڕۆکی میلانی) تێکۆشانە ئازادیخوازانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێ کردبوو، بەبێ پچڕان و بە ویستێکی پتەو لە ناوچەکانی قەندیل، هەفتانین، گارە، زاپ، مەخموور و خواکورکدا بەردەوام کرد. لە ماوەی هەژدە ساڵ تێکۆشان، لە هەر ناوچەیەکدا بووبێت، بە ڕۆحی فیداکاری، هەوڵدان و پابەندی بە بەهاکانی ئازادی، شوێنپێیەکی تێکۆشان و هاوڕێیەتیی بەجێهێشت. لە کۆتاییدا، لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، بەدوای هێرشی دوژمن لە ناوچەی خواکورک، بەشداری کاروانی شەهیدان بوو.
ئێمە، هەڤاڵمان بێریڤان، میراتی تێکۆشان و ئەو بەهایانەی لە ماوەی ژیانیدا خوڵقاندی، بە بڕیارێکی پتەوەوە تا گەیشتن بە سەرکەوتن بەردەوام دەکەین. بە ڕێز و سوپاسەوە سەری ڕێز بۆ یاد و بیرەوەریی هەموو شەهیدانمان دادەنوێنین. لەسەر ئەم بنەمایە، بە تایبەتی سەرەخۆشی لە خێزانی بەڕێزی هاوڕێمان دەکەین کە ژنێکی شۆڕشگێڕ و پێشەنگی وەک بێریڤانیان پێشکەشی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان کردووە، هەروەها سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.
یاد و بیرەوەریی هاوڕێ بێریڤان ئامەد لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەماندا هەتاهەتایی دەمێنێتەوە.

ناوی ڕێکخستنی: بێریڤان ئامەد
ناو و پاشناو: چیچەک عومەری بروکی میلان
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٩_ ماکۆ
ناوی دایک: غەزاڵ
ناوی باوک: محەمەد
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٠٦ _ ماکۆ




