چالدران، سەر بە شاری ماکو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاکێکی کۆنە کە لە بیرەوەریی خۆڕاگریی گەلەکەماندا شوێنێکی قووڵی هەیە. منداڵانی ئەم خاکە لە سەرەتای ژیانیانەوە بە بەها کوردییەکان و نەریتی وەستانەوە لەبەرامبەر داگیرکەران پەروەردە دەکرێن. خەڵکی چالدران بەها ڕەسەنەکانیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە زیندوو ڕاگرتووە و هەمیشە گرانبەهاترین منداڵەکانیان ڕەوانەی ڕیزی خەبات کردووە. ئەو گەنجانەی لە چالدرانی ماکۆدا گەورە بوون، بە پشتبەستن بەو میراتە دێرینەی خۆڕاگرییە، بوونەتە گەریلایانی پێشەنگ لە بزوتنەوەکەماندا.
هەڤاڵ ڕوکەن (شەیدا خالدی) لە چالدرانی ماکو و لە خێزانێکدا چاوی بە ژیان هەڵهێنا کە نەریتی خۆڕاگری تێیدا ڕەگوڕیشەی داکوتابوو. گەورەبوون لە ماکۆ، یەکێک لە ناوەندەکانی کلتووری دێرینی کوردستان، دەرفەتی پێدا پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ کلتوور و بەهاکانی کۆمەڵگەکەی دروست بکات. پەروەردەبوون لە ژینگەیەک نیشتمانپەروەر یارمەتیی دا ناسنامە ڕەسەنەکەی بناسێت وبە پێی ئەوە بژی و بیپارێزێت.
هەڤاڵ ڕوکەن، وەک ژنێکی کورد کە هەمیشە لە ژێر چەوسانەوە بووە و بەهۆی ژنبوونیشیەوە ڕووبەڕووی چەوسانەوەی ڕەگەزی بووەتەوە، لە هەمان ساڵانی گەنجییەوە ڕووبەڕووی ڕاستییە دژبەیەکەکانی کۆمەڵگە بووەوە. بینینی ئەو پێگە نزمەی سیستەمی پیاوسالار بۆ ژنان دیاری کردبوو، هانی دا بەدوای وەڵامدا بگەڕێت. ئاشنایی بە ژنانێک کە لە ڕیزی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کوردستاندا بەشدار بوون و ڕۆڵی پێشەنگایەتییان دەگێڕا، تامەزرۆیی ئەوی بۆ لە نزیکەوە ناسینی بزوتنەوەکەمانی ورووژاند. ناوی ئەو ژنانەی لە دەوروبەری خۆیەوە بیستبوو و سەرەڕای سنوورداریی دەرفەتەکان، بە دوای هەواڵ و چالاکییەکانیان دەگەڕا. ژنە گەریلاکان کە لە چیاکانی کوردستاندا بە ویستی خۆیان پێشەنگی دروستکردنی ژیانێکی نوێ بوون، ڕوکەنیان زیاتر بە بزوتنەوەکەمان و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ نزیک کردەوە.
هەڤاڵ ڕوکەن شایەتی هێرشە نامرۆڤانەکانی ئەو هێزانەی کرد کە بە ئامانجی قڕکردنی گەلەکەمان، ڕۆژئاوای کوردستان، شنگال و مەخمووریان کردبووە ئامانجی هێرشەکانیان. ئەم ڕووداوانە هەستی بەرپرسیاریی قووڵتریان سەبارەت بە چارەنووسی گەلەکەی لە ناخیدا ورووژاند و یارمەتییان دا بە ئاگاییەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە خەبات بۆ ئازادیی گەلی کورد بگرێتە ئەستۆ. هاوڕێمان بە قووڵتر کردنەوەی لێگەڕینەوەکانی، لە ساڵی ٢٠١٧دا پەیوەندی بە ڕیزی گەریلاوە کرد. بەو هەنگاوە ڕێگایەکی لەبەردەم گەنجانی کورددا کردەوە و نیشانی دا کە دەتوانرێت بە ئاگاییەوە بەرپرسیاریی ئازادی بگیرێتە ئەستۆ.
لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆیدا، بە تامەزرۆیی و حەزێکی زۆرەوە فێر دەبوو و هەوڵی دەدا ئەوەی فێری بووە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاری بهێنێت. هاوڕێمان لە هەمان سەرەتاوە دڵبەستەییەکی قووڵی بە چیاکانی کوردستان هەبوو. وەک ژنێکی گەنج، بە هەموو توانایەوە لە ڕاهێنانەکاندا بەشدار دەبوو تا خۆی لەگەڵ بارودۆخی سەختی ژیان لە چیاکاندا بگونجێنێت و بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم سەردەمە ئامادە بێت.
ئەمە، لەگەڵ سروشتی پاک و بەهێزی، یارمەتیی دا بە خێرایی پەیوەندی بە ژیان و کلتووری تێکۆشانی پەکەکەوە بگرێت. بە فێربوونی بنەماکانی ئایدیۆلۆژیی ئازادیی ژن، ناسنامە ڕەسەنەکەی لە نوێوە ناسینەوە و وەڵامی ئەو پرسیارانەی لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆدا دۆزییەوە کە سیستەمی پیاوسالار وەڵامی بۆیان نەبوو. هاوڕێمان مێژووی خۆی لە مێژووی پێکهاتن و ڕێکخستنی سوپای ژناندا ناسینەوە؛ مێژوویەک کە بە ڕەنج و فیداکاریی هەزاران ژنی شۆڕشگێڕ بناغەی دانراوە. بڕیاری دا بەشدار بێت لە تێکۆشان کردن لە ئەم خەباتە پیرۆزەدا. هاوڕێ ڕوکەن ڕێبەر ئاپۆی بە سەرچاوەی هیوا بۆ دروستکردنی ژیانێکی نوێ دەزانی و بێ پچڕان هەوڵی دەدا ببێتە ملیتانێک بۆ بەدیهێنانی ئەم هیوایە. چووە ناوچەی خواکورک و یەکەمین ئەزموونە کردەوەییەکانی وەک گەریلا دەست پێ کرد. لەو ماوە پڕفشارەی شەڕدا، هەمیشە ئاگای لە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی هەبوو. بە سەرنج و جدییەتەوە هەوڵی دەدا تاکتیکەکانی گەریلا باش فێر بێت و ئەوەی فێری بووە بە سەرکەوتوویی لە مەیدانی کرداردا بەکاری بهێنێت. هاوڕێمان دەیویست ببێتە گەریلایەکی بە توانای هێزەکانی یەژا ستار کە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت؛ بۆیە بە ویست و بەشدارییەکی بەهێزەوە لە چاڵاکییەکاندا بەشدار دەبوو.
شەهید ڕوکەن، وەک گەریلایەک پێشەنگ لە هێزەکانی یەژاستار، لە هەر بوار و چاڵاکییەکدا بەشداریی دەکرد، سەرکەوتنی دەکردە ئامانجی خۆی. بە بڕیارێکی پتەو، لە کرداردا دڵسۆزیی خۆی بۆ بەردەوامکردنی ڕێگای زیلان و بریتان دەردەخست. هاوڕێمان لە خۆڕاگریی مێژووییدا لەبەرامبەر هێرشە داگیرکەرانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاش بەشدار بوو و ئەرکەکانی لە مەیدانی شەڕدا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد. دەستپێشخەریی بەهێز و پەیوەندییە هاوڕێیانە پتەوەکانی وای دەکرد هەمیشە بۆ وەرگرتنی سەختترین بەرپرسیارێتییەکان پێشەنگ بێت. بەردەوام بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا تا لە وەڵامی خوێنی هاوڕێ شەهیدەکانماندا، زەبرێکی قورس لە دوژمن بدات.
هەڤاڵ ڕوکەن ماکۆ (شەیدا خالدی) لە کلتووری خۆڕاگریی چالدرانەوە وزەی وەرگرت و بە تێکۆشان لەبەرامبەر چەوسانەوەی نەتەوەیی و ڕەگەزیدا، بوو بە نموونەیەک لە ڕێکخستنی سوپای ژنان. بەهۆی سروشتی پاک و تواناییەکانییەوە، لە ماوەیەکی کەمدا پەیوەندییەکی قووڵی بە ژیانی تێکۆشانی پەکەکەوە گرت.
هەڤاڵمان ڕوکەن لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بەشداری کاروانی شەهیدان بوو. ئێمە، ڕێڕەوانی ڕێگای ئەو، جارێکی دیکە پەیمان دەبەستین کە یاد و ئامانجەکەی لە تێکۆشانی خۆماندا زیندوو ڕابگرین. خەبات و تێکۆشانی ئەو هەروا لە بوونی ژنە گەریلاکان و لە خۆڕاگرییان لە چیاکاندا زیندووە. بە تایبەتی سەرەخۆشی لە خێزانی بەڕێزی ئەو، خەڵکی چالدران و ماکۆ و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ڕوکەن ئازاد
ناو و پاشناو: شەیدا خالدی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ٢٠٠١_ ماکو
ناوی دایک: فاتمە
ناوی باوک: محەمەد
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٥-٠٨-٢٠١٧ _ ماکو




