هەڤاڵ ماریا ئامانۆس (گوڵزار ڕاسق قزڵباش)

لە ڕۆژهڵاتی کوردستان، لەو شوێنەی چیا بەرزەکان ئاسۆیان لە باوەش گرتووە و بەردە گەورەکان وەک دیوارێک لە بیرەوەری و مێژوو لە سەر دۆڵەکان وەستاون، شارێک ئارامی گرتووە کە ناوەکەی بە شکۆی سروشت و ڕەگ‌وریشە دێرینەکانی خەڵکەکەیەوە تێکەڵ بووە؛ ماکۆ.

ماکۆ، شاری چیا و بەردەکان، دیاری ئەو باو و دایکانە کە لە سەر بەرزییەکانەوە تێدەپەڕن و کۆڵانەکانی چیرۆکی نەوەکانی ڕابردوویان لە بیرەوەریی خۆیاندا هەڵگرتووە. خاکێک کە زمانی دایک، پەیوەندییە خێزانییەکان و کلتووری کوردیی تێیدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراوەتەوە. لەنێو خێزان و عەشیرەتەکانی ئەم دیارەدا، عەشیرەتی جەلالی بەشێکە لەم میراتە کۆمەڵایەتی و کلتوورییە.

لە باوەشی هەمان شاردا، لە خێزانێکی نیشتمانپەروەری عەشیرەتی سەلجان، کچێک چاوی بە ژیان هەڵهێنا کە ناوی گوڵیزار ڕاسک بوو و ناوی ڕێکخراوەیی ماریا ئامانۆس بوو؛ کچێک کە چیرۆکی ژیانی بە ڕەگ‌وریشەکانی خاکی دایکییەوە دەستی پێ کرد و ساڵانێک دواتر لە چیاکانی کوردستاندا کۆتایی هات.

گوڵیزار لە ماڵێکدا گەورە بوو کە ڕێزگرتن لە کلتوور و ناسنامەی کوردی، دڵبەستەیی بە زادگا و بیرەوەریی ناخۆشییەکانی گەل بەشێک بوون لە ژیانی ڕۆژانە. لە هەمان منداڵییەوە، لەگەڵ چیرۆکەکانی خێزان و ئەزموونەکانی دەوروبەری ئاشنا بوو و لەنێو ئەم بیرەوەری و بەهایانەدا کەسایەتییەکی سەربەخۆ و پتەوی پەیدا کرد.

هەرگیز دەرفەتی چوونە قوتابخانە فەرمییەکانی نەبوو؛ بەڵام نەیویست بێ‌خوێندەوار بمێنێتەوە. بە ویست و هەوڵدانی خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین بوو. بۆ ماریا، هەر وشەیەک کە فێر دەبوو، دەرگایەکی نوێی بۆ جیهان دەکردەوە و هەر لاپەڕەیەک کە دەیخوێندەوە، هەنگاوێک بوو بەرەو ناسینی زیاتر.

لە ساڵانی گەنجیدا، چیرۆکی ژیان و گیان‌لەدەستدانی ئەندامانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانی بیستبوو. ماریا بەدوادای هەواڵ و ژیانی ئەوانی دەگەڕیا و وردەوردە پرسیاری قووڵتری لەبارەی داهاتوو، پێگەی ژنان و ڕێگای ژیانی خۆی لە مێشکیدا دەپروراند.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پەیوەندیکردنی براکەی بە ڕیزی گەریلا بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی ئەودا. ئەم ڕووداوە تێکۆشانی سیاسی لە بابەتێکی دوورەوە کردە ئەزموونێکی نزیک و خێزانی. لەوە بەدواوە، بڕیارەکانی لەبارەی داهاتوو جدیتر بوون و سەرنجی زیاتر دا بە ڕۆڵی ژنان لە بزوتنەوەدا.

ماریا (گوڵزار ڕاسق) نەیدەویست داهاتووی تەنها لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵانەدا پێناسە بکرێت کە کۆمەڵگە بۆ ژنان دیاری کردبووی. بەدوای ژیانێکدا دەگەڕا کە بتوانێت تێیدا لەبارەی چارەنووسی خۆی بڕیار بدات. ئاشنایی بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەبارەی ئازادیی ژن و چالاکیی ژنە گەریلاکان، کاریگەریی لەسەر ئەم لێگەڕینە هەبوو.

بۆ ئەو، ئازادیی ژن تەنها چەمکێک لە نووسراوەکاندا نەبوو؛ پرسیارێک بوو لەبارەی دەسەڵات بەسەر ژناندا، ناسنامە، یەکسانی و مافی هەڵبژاردنی ڕێگای ژیان.

لە کۆتاییدا، لە ساڵی ٢٠١٠دا، ماریا ئامانۆس (گوڵزار ڕاسق) ماکۆی بەجێهێشت و پەیوەندی بە ڕیزی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستانەوە کرد.

لە زادگای دوور کەوتەوە، بەڵام بیرەوەریی ماکۆی لەگەڵ خۆی برد؛ بیرەوەریی ئەو ماڵەی تێیدا گەورە بوو، ئەو زمانی دایکییەی پێی قسەی کردبوو، ئەو خێزانەی یەکەم وانەکانی ژیانی لێ فێر بوو و ئەو چیايانەی لە منداڵییەوە لە ئاسۆی شارەکەدا دەیبینی.

یەکەمین خولی ڕاهێنانی ماریا لە ناوچەی قەندیل دەستی پێ کرد. ژیان لە چیاکاندا لەگەڵ ناخۆشی و بەرپرسیاریی نوێدا هاوڕێ بوو. دەبوو لەگەڵ بارودۆخی جیاوازی ژینگە، ژیانی کۆمیناڵ و بەرنامەکانی ڕاهێنان ئاشنا ببێت.

ماریا (گوڵزار ڕاسق) بە بەردەوامی خۆی بە فێربوونەوە سەرقاڵ کرد. خوێندنەوەی بابەتە فکرییەکان، ڕاهێنانە بنەڕەتییەکان و ئەزموونی ژیان لەگەڵ ژنانی دیکە، دەرفەتی پێدا لەبارەی ڕابردوو و داهاتووی خۆی بیر بکاتەوە. بە تایبەتی گرنگی بە بابەتی ئازادیی ژنان و ڕەخنە لەو پەیوەندییانە بگڕێت کە لە ژێر کاریگەریی عەقلیەتی پیاوسالاری دا بوو، هەروەها هەوڵی دەدا ئەم بیرۆکانە لە پەیوەندی و ڕەفتاری ڕۆژانەی خۆشیدا دەربخات.

ئەو کچەی ڕۆژێک بە هەوڵی خۆی خوێندنەوە و نووسینی فێر بووبوو، ئێستاش بە هەمان ویست، ڕێگایەکی نوێی فێربوونی دەگرتەبەر.

دوای تەواوکردنی ڕاهێنانەکان، ماریا ڕووی کردە ناوچەی خواکورک و لە چالاکییە جۆراوجۆرەکان بەشداریی کرد. لەم ماوەیەدا، بەرپرسیارێتی، زەحمەتکێشی و دڵسۆزیی ئەو لەنێو هاوڕێکانیدا ناسرا.

لە گێڕانەوەی هاوڕێکانیدا، ماریا وەک ژنێکی ئارام، پێگەیشتوو و ڕاستگۆ وەسف کراوە؛ مرۆڤێک کە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیدا جدی بوو و لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ کەسانی دیکە، ڕێز و هاوسۆزیی لەبیر نەدەکرد. ژیانی کۆمەڵانە بۆی دەرفەتێک بوو تا ئەوەی لەبارەی هاوکاری، یەکسانی و بەرپرسیارێتی فێری بووە، لە کرداردا تاقی بکاتەوە.

ماریا (گوڵزار ڕاسق) دواتر چووە ناوچەی شەمزینان لە باکووری کوردستان؛ ناوچەیەک کە لەو کاتەدا شایەتی شەڕی سەربازیی توند بوو. لە چەندین ئۆپەراسیۆندا بەشدار بوو و لە  چالاکییەکاندا بەرپرسیاری گرتە ئەستۆ.

لە نێو ناخۆشییەکانی ئەم ماوەیەدا، ماریا هەروا پابەندی ئەو باوەڕانە مایەوە کە ڕێگای ژیانیان پێکهێنابوو. هاوڕێکانی لە ڕۆحی زەحمەتکێش، ڕەفتاری دڵسۆز و گرنگیدانی ئەو بە شوێنی ژنان دەدوێن؛ تایبەتمەندییەکانی بیرەوەریی ئەویان لە مێشکی ئەواندا بەجێهێشت و، لەگەڵ دڵسۆزیی قووڵی بۆ ڕێبەرمان و شەهیدان، کردییە شۆڕشگێڕێکی سەرکەوتوو لە هێڵی ئاپۆییدا.

هاوڕێمان ماریا ئامانۆس (گوڵزار ڕاسق) هەموو شتێکی لە پێناو ئازادیی گەلەکەیدا بەخشی و توانی ڕێپێوانی ئازادیخوازانەی خۆی لەسەر لووتکەی چیا کۆتایی پێ بهێنێت. شەهیدبوونی، لە دڵی هاوڕێکانیدا هۆشیارییەکی قووڵتری لە پێویستیی تۆڵەسەندنەوە و بڕیارێکی پتەوتری بۆ فراوانکردنی تێکۆشان دروست کرد. تێکۆشانی ئەو هەروا لە دڵی هەموو ژنە گەریلاکاندا زیندووە کە لە چیاکاندا خۆڕاگری دەکەن.

لە ماریاوە بیرەوەریی کچێک ماوەتەوە کە لەبەرامبەر بێ‌بەشبوون لە خوێندن، ملکەچی بوونی ناس نەدەکرد.  ژنێک کە پرسیاری لەبارەی شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەدا کرد، هەوڵی دا جیهانی دەوروبەری بناسێت و چارەنووسی خۆی بە پێی باوەڕەکانی هەڵبژارد؛ و لە سەرەتای هەموو ئەم بیرەوەرییانەدا، ناوی ماکۆ وەستاوە.

کچێک لە عەشیرەتی سەلجان؛ لەنێو گەلێکدا کە زمان، کلتوور و بیرەوەرییەکانیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستووەتەوە.

ئەو لە باوەشی هەمان خاکەوە سەری هەڵدا، بە ویستی خۆی فێر بوو. بۆ دۆزینەوەی شوێنی خۆی لە جیهاندا گەڕا و ڕێگایەکی هەڵبژارد کە ژیانی بۆ هەمیشە گۆڕی.

ماریا (گوڵزار ڕاسق قزڵباش) لە ماکۆ ڕۆیشت، بەڵام ماکۆ لە چیرۆکی ژیانی ئەو جیا نەبووەوە. ماریا ئامانۆس؛ کچی ماکۆ، کچێک بە ویستێکی پتەو و ناوێکی بەجێماو لە بیرەوەریی خۆشەویستانیدا. بە ڕێز و هاوسۆزییەوە لەگەڵ خێزانی ڕاسک، خەڵکی ماکۆ و هەموو ئەوانەی بیرەوەرییەکەی بە گرانبەها دەزانن، یاد و بیرەوەری ماریا بەردەوام لە دڵی هاوڕێکانی وچیاکان دەمێنێتەوە.

ناوی ڕێکخستنی: ماریا ئامانوس

ناو و پاشناو: گڵزار ڕاسق قزڵباش

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٢ _  ماکۆ

ناوی دایک: نورە

ناوی باوک: مەحمەد

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١٨-٠٤-٢٠١٠ / ماکۆ

بابەتی پەیوەندیدار