هەڤاڵ شەڕڤان شۆڕش (عەلی حاجیلو)

هەڤاڵمان شەڕڤان شۆڕش (عەلی حاجیلو) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری ماکۆ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵهێنا. ئەو هاوشێوەی شاری ماکۆ تێکۆشەرێکی خۆڕاگر و پێداگر بوو. ئەویش وەک هەڤاڵەکانی دیکەمان کە لەم دەڤەرەوە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی ئاپۆییەوە کردووە، هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ بزووتنەوەکەدا پەیدا کرد و لە ڕیزی ئەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرانەی ماکۆ و هۆزی جەلالی بوو کە هەمیشە خۆیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی ئاپۆیی زانیوە و هاوکارییان کردووە. بێگومان پاشخانی نیشتمانپەروەری و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادی پەکەکە، ئیلهامبەخشی خەبات و گەشەکردنی ڕۆحی نیشتمانپەروەرییە؛ هەروەها هێمایەکە بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر داگیرکاری و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی.

هەڤاڵ شەڕڤان (عەلی حاجیلو) تەنها پێنج ساڵ خوێندی و لەژێر باری فشاری جیاکاریی نەتەوەییدا کە لە ناوەندەوە دەسەپێنرێت، هەروەها بەهۆی پەرەنەسەندنی ئابووری لەم ناوچەیە و نەبوونی هەلی کاری گونجاو، بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی دەستی کرد بە ئەنجامدانی کاری وا کە لەگەڵ تەمەنی ئەودا نەدەگونجان. ژیان لە بارودۆخێکی سەختدا و لە لایەکی دیکەشەوە جیاکاریی نەتەوەیی، وایکرد هەڤاڵ شەڕڤان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بەدوای ڕێگەچارەدا بگەڕێت. ئەو بە باشی دەیزانی کە پەراوێزخستنی کورد لە سیستەمی ئێراندا هۆکاری سەرەکیی پەرەنەسەندنی کوردستانە؛ خاکێک کە خاوەنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوییە، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن. کاتێک دەیبینی لەو دیوی سنوورەکانیش لە تورکیا دۆخی کورد بە هەمان شێوەیە، زیاتر لە قووڵایی ئەو سیاسەتە تێدەگەیشت کە لەلایەن داگیرکەرانەوە پەیڕەو دەکرێت. هەر ئەمەندە بەس بوو بۆ ئەوەی هەڤاڵ شەڕڤان بەرەو چیاکان و پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی تێکۆشەرانی کوردەوە کۆچ بکات. ئەو لە ساڵی ٢٠١٧ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. لەو کاتەدا کە هێشتا مەترسیی داعش لە ناوچەکەدا هەبوو و بەرخۆدانی تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ئاپۆیی؛ گەریلا و شەڕڤانان لە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان، تاکە هێز بوون کە پارێزگارییان لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکرد. ئەو ئیرادەیەی کە ئەم بزووتنەوەیە لەناو گەلی کورددا دروستی کردبوو، بووە خاڵی هیوا بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە و پشکێکی لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورددا هەبێت. وەها هەڵوێستێک کەسایەتییەکی دیار و جێی متمانەی لە هەڤاڵ شەڕڤاندا بنیات نا.

هەڤاڵ شەڕڤان دوای پەیوەندیکردنی بە بزووتنەوەی ئاپۆییەوە، پاش ماوەیەکی کورت ڕووی کردە ناوچەی خواکورک و یەکەمین خولی پەروەردەی خۆی لە هەمان ناوچە تێپەڕاند و بە بەشدارییەکی بەپەرۆش و پڕ لە جۆشوخرۆش، لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ ژیانی گەریلا و چیا ڕاهات. ئەو خۆی بەهۆی پیشەی شوانییەوە زۆر نامۆ نەبوو بە ژیانی ناو چیا و هەر بەم هۆیەشەوە زۆر بە خێرایی لەگەڵ ژیانی گەریلاییدا ئاوێتە بوو و لەناو هەڤاڵەکانیدا بووە پێشەنگی خەبات. ئەو بە فیداکاری و ڕۆحی زەحمەتکێشیی خۆی، بە کار و ڕەنجی خۆی زۆر بە خێرایی پێشکەوت.

هەڤاڵ شەڕڤان شۆڕش، لە ناوچەی شەهیدان کە دەکەوێتە خواکورکەوە، پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانەوە. ئەو لە پێناو ئازادیی گەلی کورددا تێکۆشا و بووە سەرمایەیەکی نەتەوەیی کە هەمیشە لە دڵ و ڕۆحی گەلی کورد و تەواوی ئازادیخوازاندا جێگەی گرتووە؛ هەڤاڵێک کە یاد و بیرەوەریی هەمیشە لەناو هەڤاڵان و هاوسەنگەرەکانیدا دەبێتە ئیلهامبەخشی خەبات.

بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە وێڕای بەرزنرخاندنی یاد و بیرەوەریی شەهید شەڕڤان، سەرەخۆشیی شەهیدبوونی بەڕێزیان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی حاجیلو و خەڵکی نیشتمانپەروەری ماکۆ، نەتەوەی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: شەرڤان شۆڕش

ناو و پاشناو: عەلی حاجیلو

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٥_ ماکۆ

ناوی دایک: ڕابعە

ناوی باوک: بەکر

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠-٠٦-٢٠١٧/ ماکۆ

بابەتی پەیوەندیدار