ئەم کۆمەڵکوژییە لە ئەنجامی یاسایەکەوە لە ژێر ناوی “مبارزە با جنایات بین‌المللی” ئەنجام دراوە کە لە ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیدا پەسەند کراوە

رۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٧ی جولای ٢٠٢٦)، لەسەر ڕێگای نێوان بانە و مریوان، هونەرمەند و نیشتمانپەروەری کورد مەهدی تەوەکولی لەگەڵ مریەم ئەسلانی دایکی شەهید و سومەیە تەوەکولی خوشکی شەهید لە ناو ئۆتۆمبێلی خۆیاندا ڕووبەڕووی دەستڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەوە و لە ئەنجامدا هەرسێکیان شەهید بوون. بە پێی زانیارییەکانمان، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا منداڵێکی ئەم بنەماڵەیەش هەبووە کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ئەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی، کوشتاری بەئەنقەستی خەڵکی مەدەنی، جینۆساید، جنایەتێکی دژە مرۆیی و تیرۆریستییە. ئێمە ئەم کردەوە جنایەتکارانە و تیرۆریستییە بە توندی شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی و پەژارەی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری تەوەکولی، خزم و کەسوکاریان و هەروەها هەموو گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.

لە بابەت ئەم جەنایەتەی کۆماری ئیسلامی، سەرنج ڕادەکێشینە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم: ئەم کۆمەڵکوژییە لە ئەنجامی یاسایەکەوە لە ژێر ناوی “مبارزە با جنایات بین‌المللی” ئەنجام دراوە کە لە ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیدا پەسەند کراوە؛ ئەم یاسایە دەستی هێزەکانی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ئاوڵە دەهێڵێتەوە تاوەکو چالاکوانان و خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج؛ بە جۆرێک کە ئەم یاسایە ڕۆڵی “حوکمی تیر” بۆ کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و هەموو ئێران دەبینێت.

تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامی دەستی لە هیچ جۆرە جەنایەت، ڕەشکوژیی و لەسێداردانێک نەپاراستووە، بەڵام لەمە بە دواوە نەک تەنیا لە زیندانەکان، بەڵکو لە هەموو کۆڵان، شەقام، شار و گوندەکاندا مەیدانی کوشتار، تیرۆر و لەسێدارەدانی بێدادگا دەکاتەوە. دەنگدان بەو یاسایە، دووپاتکردنەوەی فتوای جیهادی خومەینییە کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ٥٨ لە دژی گەلی کوردستان و بڕیاری ئەو ڕژیمە بۆ دووبارەکردنەوەی جنایەتەکانی لە کوردستاندا نیشان دەدات. بێگومان مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە دەرخستنی ئەم یاسایەوە زیاتر ڕوونی کردەوە کە لە دەزگایەکی کوشتار و سەرکوت زیاتر هیچ شتێکی تر نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی گەلەوە نییە. هەر بۆیە بانگەوازی بۆ ئەو نوێنەرانە دەکەین کە خۆیان لە دەرەوەی ئەم بازنەیە دەبینین، هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن و لەو ناوەندە سەرکوتکارییە دەرچن.

دووهەم: مەهدی تەوەکولی هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێست بوو و بنەماڵەی تەوەکولی بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری سنە و گشت کوردستانن. شەهید مەهدی و بنەماڵەکەی زۆر بەئەنقەست و بە پیلانگێڕییەکی نگریس بە ئامانج گیراون. ئەم کردەوەیە سیگناڵێکی مەترسیدارە بۆ هەموو کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی ئازادیخواز لە کوردستان و ئێراندا. ئەم کردەوەیە، کارێکە لە چەشنی قەتڵە زنجیرەیییەکان و دوابەدوای یاسا نوێیەکەی مەجلیسی شورای ئیسلامی قۆناغێکی نوێی سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات.

بێگومان گەلی کورد و ئازادیخوازان لە ئێراندا کە ئاشنای مێژووی پڕ لە جەنایەتی کۆماری ئیسلامین، لەم قۆناغە پڕ لە سەرکوتکارییە تێپەڕ دەبن و دەچنە ئاستێکی دیکەی بەرخۆدان لە دژی تیرۆریزمی دەوڵەتییەوە. مادام دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ هەموو شوێنێک بکات بە گۆڕەپانی تیرۆر و توندوتیژی، کۆمەڵگەی ئێمەش بە دروشمی بەرخۆدانە ژیانە، هەموو شوێنێک دەکات بە گۆڕەپانی بەرخۆدانی مەدەنی.

هەڵوێستی ڕەتکردنەوە و بایکۆتكردنی کەسایەتی و دەزگاکانی سەرکوتی رژیم، و لە ئەنجامدا وەدەرنانی دەوڵەت لە کۆمەڵگا، هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانەیەو خاوەندارێتی لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرامبەر تیرۆری دەوڵەتیدا دەکات.

ئێمە وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، گشت پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورستانی و ئێرانی بانگهێشتی هەڵوێستی هاوبەش لە دژی قۆناغی نوێی سەرکوت، لەسێدارەدان و تیرۆری کۆماری ئیسلامی دەکەین. هەروەها پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و گشت ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم کردەوە دژی ئینسانی و تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و فشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن.

جارێکی تر، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تەوەکولی و گشت نیشتمانپەروەران دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە لە بەرامبەر ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستییانە بێوەڵام نامێنینەوە  و لە هەر کاتێک زیاتر مافی پاراستنی ڕەوای خۆمان و گەلەکەمان لە جێگەی خۆیدا دەبینین.

بابەتی پەیوەندیدار