هەڤاڵ دیجلە ماکۆ (نەعیمە ئاهەن‌خۆش)

پێشەنگایەتیی ژنی کورد لە بواری سەربازیدا، یەکێکە لە دیارترین دەستکەوتەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان. ژنە گەریلاکان کە لە شاری ماکۆوە پەیوەندییان بە ڕیزی تێکۆشانەوە کردووە، بە بەشدارییان لە هێڵی پێشەوەی خۆڕاگری لەبەرامبەر هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گەلەکەمان، ویست و توانایی ژنی ئازادیان سەلماندووە. ئەم هێڵە پێشەنگایەتییە کە بە خەبات و فیداکاریی ملیتانگەلێک وەک زیلان و بریتان کرایەوە، بە پەیوەندیکردنی هەر ژنێکی شۆڕشگێڕ فراوانتر بووە و بووەتە هێزێکی پێشەنگ لە ڕێگای ئازادیدا.

هەڤاڵ دیجلە ماکۆ (نەعیمە ئاهەن‌خۆش) لە شاری ماکۆ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە ژیان هەڵهێنا. خێزانەکەی پابەندی بە بەها نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد بوو. دیجلە کە سەر بە عەشیرەتی کۆنی جەلالی بوو، لەم ژینگەیەدا بە بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکان و کلتووری خۆڕاگریی کۆمەڵگەی کورد ئاشنا بوو و پەیوەندییەکی قووڵی بە ڕەگ‌وریشە و ناسنامەی خۆیەوە گرت. ڕۆحی نیشتمانپەروەریی خێزانەکەی و ئەو بەهایانەی لە ژینگەی خێزانیدا فێری بوو، بناغەی دڵبەستەییەکی قووڵیان بە ئامانجی ئازادیی گەلەکەی دانا؛ دڵبەستەییەک کە وردەوردە لە ناخیدا بوو بە باوەڕێکی پتەو.

هەڤاڵ دیجلە حەوت ساڵ لە قوتابخانەکانی ئاسیمیلاسیۆنی ڕێژیمی ئێراندا خوێندی و لە هەمان ماوەدا بە ڕوونی تێگەیشت کە سیستەمی حاکم هەوڵ دەدات گەلی کورد لە بازنەی نکۆڵی و ئاسیمیلاسیۆندا، لە ناسنامە و بەها ڕەسەنەکانی دووری بخاتەوە. لە منداڵییەوە بە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان ئاشنا بوو و پێشەنگایەتیی ژنان لە بوارە سەربازییەکاندا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کەسایەتی و بیرکردنەوەی دانا. بوێری، توانایی و بەشداریی چالاکی ژنە گەریلاکان لە مەیدانی تێکۆشاندا، تامەزرۆیی ئەوی بۆ پەیوەندیکردن بە ڕیزی تێکۆشان زیاتر کرد. شەهید دیجلە لە ساڵی ٢٠٠٩دا دەرفەتی پەیدا کرد زیاتر لەگەڵ بزوتنەوەکەمان ئاشنا بێت و لەوە بەدواوە بە جدی دەستی بە خەبات کرد. لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان، هەستی بەرپرسیاریی زیاتر لە ناخیدا دروست بوو و گەیشتە ئەو تێگەیشتنەی کە دەبێت خۆشی لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێست بگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، لە ساڵی ٢٠١٣دا شاری ماکۆ، زادگای خۆی بەجێهێشت و ڕووی کردە چیاکانی کوردستان تا پەیوەندی بە ڕیزی بزوتنەوەی ئازادیخوازای کوردستان بکات.

یەکەمین ڕاهێنانەکانی لە ناوچەی خواکورکدا وەرگرت و لەم ماوەیەدا دەرفەتی پەرەپێدانی تواناییە سەربازی و ئایدیۆلۆژییەکانی پەیدا کرد. دەیویست بە قووڵترکردنەوەی تێگەیشتنی لە فەلسەفەی ئازادیی ژن، ناسین و ئاگایی خۆی فراوانتر بکات و بگاتە کەسایەتییەکی پێشەنگ و ئازاد. دیجلە لەو پێشەنگانە ئاپۆییانە بوو کە بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێزدی، کە لە گەمارۆ و مەترسیی کۆمەڵکوژی داعشدا بوون، ڕووی کردە شنگال. لە چەندین ئۆپەراسیۆندا بەشدار بوو و بە ویست و بوێریی خۆی لەبەرامبەر هەوڵەکانی داعش بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی وەستا. هاوڕێمان ئامادە بوو هەموو بوونی خۆی فیدا بکات بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر گەلەکەمان. بەشداری لە هێڵی چڕی خۆڕاگریی شنگالدا ئەزموونی سەربازیی بەسوودی بۆ هێنا و لەو گەریلایانە بوو کە لە شکستهێنانی گرووپەکانی داعشدا ڕۆڵی گێڕا.

هەڤاڵ دیجلە لە ساڵی ٢٠١٦دا جارێکی دیکە گەڕایەوە بنکەکانی گەریلا و لە ئەکادیمیی شەهید بێریتاندا بەشدار بوو. ئەم پەروەردە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ قووڵکردنەوەی بیرکردنەوە و پێداچوونەوە بە کەسایەتی خۆی. بە سەرنجدان لە فەلسەفەی ڕێکخستنی سوپای ژنان کە لەلایەن ڕێبەرتییەوە خراوەتەڕوو، تێگەیشتنێکی قووڵتری لە پێویستیی ئازادیی ژن و ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە تێکۆشاندا بەدەست هێنا. هەروەها بە شیکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی عەقلیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگە و بە تایبەتی لەسەر ژنان، هەوڵی دا خۆی لە کاریگەرییەکانی عەقلیەتی سیستەم ڕزگار بکات. بەشداریی بەردەوام، جدیبوون و تامەزرۆیی ئەو لە پەروەردەکاندا، ڕێز و ستایشی هاوڕێکانی بۆی بەدیهێنا.

دوای تەواوکردنی ئەکادیمیا، هەڤاڵ دیجلە لە ناوچەی جیلۆ جێگیر بوو و شکۆ و گەورەیی چیاکانی زاگرۆس کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. بوونی لەم چیا پیرۆزانەی گەریلا بۆی جێی دڵخۆشی و شانازی بوو. هەستی دەکرد چیاکان بە باوەشی کراوەوە ژیان و تێکۆشانی گەریلاکانیان لە خۆ گرتووە. دیجلە بە هەڵوێستێکی ڕوون لە هێڵی ئازادیی ژن و بە توانایی سەربازیی خۆی، زوو شوێنێکی شایستەی لەنێو هاوڕێکانیدا پەیدا کرد. کەسایەتییەکی بوێر، ڕێکوپێک و بێ‌باکی هەبوو و بوو بە ملیتانێکی نموونەیی لە هێزەکانی یەژا ستاردا. لە مەیدانە سەختەکانی تێکۆشاندا پێشەنگایەتیی دەکرد و لە هەر ناوچەیەکدا بووبێت، بە ڕۆح و بەشداریی چاڵاکی خۆی ورەی بە هاوڕێکانی دەبەخشی.

هەڤاڵ دیجلە ئەو ئەزموونە سەربازییانەی لە بەرخۆدانی شنگالدا بەدەست هێنابوو، هەروەها ئەو  ناسین و زانستە ئایدیۆلۆژییەی لە ئەکادیمی شەهید بریتان بەدەستی هێنابوو، لە ژیان و تێکۆشانی خۆیدا پێکەوە بەستەوە. شۆڕشگێڕێکی ماندوونەناس بوو لە هێڵی زیلان و بریتاندا، هەروەرها پێشەنگبوونی ژنانی گەریلای هەم لە کەسایەتی خۆیدا و هەم لە بواری کرداریدا نیشان دەدا. هاوڕێمان بە ویستێکی پتەو و هەستی بەرزی بەرپرسیارییەوە تەنانەت لە سەختترین ئەرکەکانیشدا بێ دوودڵی بەشداریی دەکرد. هەڵوێستی ڕوون، ڕێکوپێکی و بەشداریی فیداکارانەی، کردییە نموونەیەکی ژنی گەریلای پێشەنگ لە ڕیزی هێزەکانی یەژا ستاردا.

هەڤاڵمان دیجلە ماکۆ (نەعیمە ئاهەن‌خۆش)، بەدوای هێرشی دوژمن لە ناوچەی جیلۆی چیاکانی زاگرۆس، پەیوەندی بە کاروانی شەهیدانەوە کرد. ئەو کە هەموو بوونی خۆی بۆ ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردبوو، تا دوا سات بە ڕۆحێکی فیداییانە بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ  ئازادی گەلەکەی و ڕێگاکەی لەسەر لووتکەکانی خەباتدا کۆتایی پێ هێنا. شەهیدبوونی، لەنێو هەڤاڵاندا هۆشیارییەکی قووڵتری لە پێویستیی بەردەوامبوون لە تێکۆشان و ویستێکی پتەوتری بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شەهیدان دروست کرد. ڕێگا و تێکۆشانی هاوڕێ دیجلە هەروا لە ناخی ژنە گەریلاکاندا زیندووە کە لە چیاکاندا خۆڕاگری دەکەن، و پێشەنگایەتیی ئەو وەک بەشێک لە بیرەوەریی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد دەمێنێتەوە.

ئێمە وەک هاوڕێیانی، بە ڕێز و سوپاسەوە سەری ڕێز بۆ یاد و بیرەوەریی هەڤاڵمان دیجلە ماکۆ دادەنوێنین و پابەندی خۆمان بۆ میراتی تێکۆشانی ئەو تا گەیشتن بە سەرکەوتن دووپات دکەینەوە. بە تایبەتی سەرەخۆشی لە خێزانی بەڕێزی ئەو، هەروەها خەڵکی ماکۆ و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.

یاد و بیرەوەریی هەڤاڵ دیجلە ماکۆ لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەماندا هەتاهەتایی دەمێنێتەوە.

ناوی ڕێکخستنی: دیجلە ماکو

ناو و پاشناو: نەعیمە ئاهەن خۆش

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٦_ ماکو

ناوی دایک: غەزاڵ

ناوی باوک: حەسەن

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١٦-٠٦-٢٠١٣/ ماکو

بابەتی پەیوەندیدار