گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە درێژایی مێژوودا بە بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکان و پابەندی بە شێوازی ژیانی ئازاد ناسراون. ئەوان هەمیشە کولتوور و نەریتی کوردییان بە زیندوویی ڕاگرتووە و بە پێگەیاندنی ڕۆڵەی ئازا و تێکۆشەر، هەمیشە هێزیان بە بەرگری بەخشیوە؛ بەم شێوەیەش نەریتی بەرگریی قازی محەمەد، سلێمان موعینی، شەریفزادەکان، فواد و مستەفا سوڵتانییان تا بە ئەمڕۆ گەیاندووە. هەر منداڵێک لەم خاکەدا گەورە بووبێت، بە بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی گەلەکەی و نەریتی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن پەروەردە بووە. جوگرافیای شاخاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکە خۆڕاگرەکەی، لە هەر قۆناغێکی خەباتی ئازادیخوازانەماندا لە ناردنی ڕۆڵە بەنرخەکانیان بۆ ڕیزەکانی تێکۆشان درێغییان نەکردووە. خەڵکی ڕۆژهەڵات کە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لە دامەزراندنی پارتەکەمان (پەکەکە) کرد و ئازاترین ڕۆڵەکانیان ناردە ڕیزەکانی خەبات، بێ دوودڵی پەیوەست بوون بە ڕێبازی ئازادیخوازیی ڕێبەر ئاپۆوە. هەرکام لە هەڤاڵانمان کە لەسەر ئەم بنەمایە هاتنە ناو ڕیزەکانی خەبات، بۆ هێنانەدی پاشەڕۆژێکی ئازاد کە گەلەکەمان ئاواتی بۆ دەخواست هەوڵێکی زۆریان دا و بڕیاریان دابوو لەو ڕێگەیەی کە شەهیدان کردبوویانەوە هەنگاو بنێن.
هەڤاڵمان ڕێبوار لە خێزانێکی پابەند بە بەها نیشتمانپەروەرییەکان و لە شاری کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. گەورەبوونی لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕدا کە بە بەها ڕەسەنەکانی گەلی کوردەوە پابەند بوون، یارمەتی دا کە کولتووری گەلەکەی لە ناخەوە هەست پێبکات، لەگەڵی بژیت و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا هەبێت. ڕێبوار لەم ژینگەی خێزانییەدا گەورە بوو و بە جێگیرکردنی بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگەی کوردی و کولتووری بەرگری، کەسایەتییەکی بەبڕشت و پتەوی بەدەست هێنا. هاوسۆزیی ئەو بۆ داخوازی ئازادیی گەلەکەی، بەهۆی کاریگەریی خێزان و ژینگەی ژیانییەوە، بە تێپەڕبوونی کات بوو بە باوەڕێکی ڕەگ داکوتاو لە ناخیدا.
هەڤاڵ ڕێبوار سەرەڕای تەمەنی کەمی، لە قوتابخانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا شاهیدی پشتگوێخستنی ناسنامەی کوردی بوو؛ بە بیرکردنەوەی قووڵ لەم دژایەتییانە، بەدوای ڕێگای خەباتدا گەڕا. ئەو لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سڕینەوە و لەناوبردنی ڕژێمدا ڕاوەستا و لەم پێناوەدا ڕێگای تێکۆشانی هەڵبژارد. «هەڤاڵ ڕێبوار کە هەر لە سەرەتاوە پارتەکەمان (پەکەکە)ی ناسی، لە نزیکەوە چاودێریی خەبات و بەرگریی کەم وێنەی گەریلاکانی دەکرد و ئاگاداریان بوو. ئەو کەسایەتییەکی ماندوونەناسی هەبوو کە هەوڵی دەدا لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت، هەر ئەمەش وای لێکرد لە کارەکانی خێزانەکەیدا بەشدار بێت و بۆ سووککردنی باری سەرشانی خێزانەکەی، دەستی بە کار و تێکۆشان کرد.
هەڤاڵ ڕێبوار لە ژێر کاریگەریی ژینگەیەکدا کە لێوانلێو بوو لە هەستی نیشتمانپەروەری، هەوڵی دا فەلسەفەی ڕێبەرایەتی بناسێت؛ هەرچەندە هۆشیاریی لەم بوارەدا زیاتر دەبوو، بڕیارەکەی بۆ پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی خەباتەوە پتەوتر دەبوو. ئەو سەرەتا پەیوەست بوو بە چالاکییەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرەوە؛ بە شیکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیا، سیستەمی داگیرکەری باشتر ناسی و لە نزیکەوە زیان و وێرانکارییەکانی ئەو سیستەمەی هەست پێکرد و پێی ئاشنا بوو. هێرشەکانی داعش لە دژ بە گەلەکەمان لە ڕۆژاوا و شەنگال، تووڕەییەکی قووڵی لە ناخیدا بەئاوا هێنا. ئەو تێگەیشت کە گەلەکەمان بێ هەبوونی هێزی بەرگری لە خۆ، ناتوانێت قەوارەی خۆی بپارێزێت و بگاتە پاشەڕۆژێکی ئازاد. هەڤاڵ ڕێبوار ماوەیەک لە بەندیخانەکانی داگیرکەراندا مایەوە و لەم ماوەیەدا دەرفەتی بۆ ڕەخسا ڕاستیی دوژمن لە نزیکەوە بناسێت، بەم شێوەیەش بڕیارەکەی بۆ خەبات پتەوتر بوو. ئەو کە باوەڕی وابوو دەبێت پارێزگاری لە میراتی خەباتگێڕانەی شەهیدانمان بکرێت و بگەیەنرێتە سەرکەوتن، لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕووی لە چیا سەربەرزەكانی کوردستان کرد و پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی خەباتەوە.
هەڤاڵمان لە ناوچەی قەندیل دەستی بە خولی پەروەردەی سەرەتایی گەریلایەتی کرد؛ بەهۆی بەشداریی پەرۆشانە و پڕ لە گڕوتینی، لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ ژیانی شاخ و گەریلادا ڕاهات. هەڤاڵ ڕێبوار کە بە قووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە دڵسۆزانەکانی گەریلاکان و ژیانی بەکۆمەڵ، بە هەڵوێستی پتەوی لە بڕیاری خەباتدا، بەسەر هەموو دژوارییەکانی بەردەمیدا سەرکەوت و لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ گەریلایەکی بەتوانا. پەروەردەکان دەرفەتیان پێبەخشی تا مێژووی گەلەکەمان، پارتەکەمان (پەکەکە) و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە نزیکەوە بناسێت و لێی تێبگات. ئەو بۆ قبووڵکردنی فەلسەفەی ئاپۆیی و ڕەنگپێدانەوەی بنەماکانی ئازادی لە ژیانی خۆیدا هەوڵی دا و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕووی بیروباوەڕەوە قووڵتر دەبووەوە.
هەڤاڵمان کە دەیویست وەڵامدەرەوەی پڕۆسەی شەڕی بەرفراوان بێت لە دژ بە داگیرکەران، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە خۆی پێگەیاند. هەڤاڵ ڕێبوار تاکتیکەکانی گەریلای نوێ و هونەری شەڕی لە ناخی خۆیدا گەشە پێدا و بۆ بەدەستهێنانی هەر توانایەک کە خەبات پێویستی پێی بوو، تێکۆشا. ئەو کەسایەتییەکی لێوانلێو لە وزەی هەبوو؛ بە تایبەتمەندیی فیداکاری و ماندوونەناسیی خۆی، کاریگەریی دەخستە سەر هەر کەسێک کە پێوەندیی لەگەڵیدا هەبێت. ئەو لەو سەردەمەی لە بەشی گەنجاندا بوو، زۆرێک لە گەنجانی کوردی لەگەڵ فەلسەفەی ئاپۆییدا ئاشنا کرد و هانی دان بێنە ناو ڕیزەکانی خەباتەوە. هەڤاڵمان لە چالاکییە مەیدانییەکاندا بەشدار بوو؛ بە پێگەیشتوویی و توانای وەڵامدانەوەی کێشەکان، هەر بەرپرسیارێتییەکی بە شایستەیی تەواوەوە ڕادەپەڕاند. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تین و تاوی خەباتی خۆی زیاتر دەکرد و لەم ڕێگایەدا، ژیانی تێکۆشەرانەی نەمرانی شۆڕشی ئازادیی کوردستانی دەکردە چرای ڕێگەی خۆی. بە قووڵکردنەوەی بەردەوامی بیرکردنەوەکانی، لە ژیاندا پێشەنگ بوو و هەمیشە هەوڵی دەدا کەسایەتییەکی کاریگەر لە خۆی نیشان بدات. ئەو تووڕەیی خۆی بەرامبەر بە داگیرکەران کردە هاندەرێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات؛ بە ڕۆحیەتی یەکێتیی نەتەوەیی، وەڵامدانەوەی هێرشی داگیرکەرانی بۆ سەر هەر بستێکی خاکی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانی. ڕێبوار بە ڕۆحیەتی کاری بەکۆمەڵ لە هەموو چالاکییەکاندا بەشدار دەبوو، هەڤاڵەکانیشی بۆ کار و چالاکی هان دەدا و بۆ پێشکەوتنی ئەوان هەوڵێکی زۆری دەدا. تایبەتمەندییە خەباتگێڕییەکانی، سەرنج و ڕێزی هەموو هەڤاڵانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
هەڤاڵ ڕێبوار لە هەر دەرفەتێک بۆ قووڵکردنەوەی ناسینی خۆی لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کەڵکی وەردەگرت؛ بۆچوون و تێگەیشتنەکانی خۆی لەگەڵ هەڤاڵانیدا بەش دەکرد و گفتوگۆی لەسەر دەکردن و ئەوانی دەوڵەمەندتر دەکرد. ئەو سەرەڕای تەمەنی کەمی، لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە ڕیزەکانی خەباتدا بەدەست هێنا. بە کەسایەتییەکی ڕاستگۆ، سادە، ماندوونەناس و فیداکار، بوو بە تێکۆشەرێکی نموونەیی لە ناو بزووتنەوەی ئاپۆییدا و لە بەرەکانی دژواری خەباتدا بوو بە پێشەنگی بەرگری.
هەڤاڵ ڕێبوار لە ٣١ی ئایاری ساڵی ٢٠١٧دا، لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا، گەیشتە کاروانی شەهیدان. ئەو هەموو شتێکی خۆی بۆ ئازادیی گەلەکەی فیدا کرد و بە بڕیارێکی پتەو هەنگاوی نایە نێو ڕێگەی شەهیدانەوە، بەم شێوەیەش میراتێکی گەورەی خەباتی بۆ هەڤاڵە بەجێماوەکانی لە دوای خۆی جێهێشت. شەهیدبوونی ئەو لە ناو هەڤاڵەکانیدا هۆشیارییەکی قووڵتری بۆ تۆڵەسەندنەوە و بڕیارێکی زیاتری بۆ گەشەپێدانی خەبات خوڵقاند. بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهید ڕێبوار، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە خەباتی هەڤاڵمان تا گەیشتن بە سەرکەوتن درێژە پێبدەین. بەم بۆنەیەوە، لە پێش هەموو شتێکدا شەهیدبوونی هەڤاڵ ڕێبوار لە بنەماڵەی بەڕێزی ئەو، و پاشان لە هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کامیاران و گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان سەرەخۆشی دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ڕێبوار ئامەد
ناو و پاشناو: خەبات یووسفی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٩ / کامیاران
ناوی دایک: نەسرین
ناوی باوک: غولام عەلی
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ / قەندیل
مێژووی شەهیدبوون: ٣١ی ئایاری ٢٠١٧ (٣١/٥/٢٠١٧)



