هەڤاڵ سڵا

گەلی کورد کە داگیرکەران خاکەکەیان بەسەر چوار بەشدا دابەش کرد و کردیانە ئامانجی هێرشەکانی تواندنەوەی کولتووری (ئاسیمیلاسیۆن)، ئینکارکردن و لەناوبردن، سەرەڕای هەموو ئەم پەلامارانە توانی قەوارە و بوونی خۆی بپارێزێت و تا بە ئەمڕۆ بگەیەنێت. نەتەوەیەک کە لە هەر بەشێکدا لە ژێر ستەمێکی جیاوازدا بوو، بە ئیلهام وەرگرتن لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان هێزی گرت و بەرگریی مێژوویی خولقاند. سەرەڕای سنوورە دەستکردەکانی داگیرکەران، تێکۆشانیان لە پێناو یەکێتیی نەتەوەییدا گرتەبەر. ئەو بەرگرییەی کە قازی محەمەد لە مەهاباد ڕێبەرایەتیی کرد، جۆش و خرۆشی ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری مەهاباد بۆ هەمیشە لە بیر و زەینی تاک بە تاکی گەلەکەماندا نەخشاوە. پارتەکەمان، پەکەکە، کە بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ شێوەی گرت، پارێزگارییەکی دروستی لە میراتی کۆماری مەهاباد و سەرجەم بەرگری و ڕاپەڕینەکانی کوردستان لە دژ بە ستەم کرد و مانای پێبەخشین. ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک لە دژ بە ڕەزا شا و وەستانەوە لە بەرامبەر بیرۆکەی ناوەندگەراییدا، بەشێکی گرنگ بوو لە نەریتی بەرگریی کوردستان کە یەکەمین چەخماخەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانیان لێدا. لەم ڕووەوە پەکەکە بوو بە بەرجەستەکردنی ئاواتی لەمێژینەی گەلەکەمان بۆ خەباتی ئازادی، کە بە فیداکارییەکی بێوێنە توانی بڕیارەکەی بێنێتە دی. لە ساڵی ١٩٩٩دا، لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی کە ڕێبەر ئاپۆی کردبووە ئامانج، سەدان گەنج لە ڕۆژهەڵاتەوە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی گەریلاوە؛ هاوکات لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا ڕاپەڕینگەلێک سەریان هەڵدا کە ئاستی سەرنجڕاکێشی هۆشیاریی نەتەوەیی گەلەکەمانی نیشان دا. خەڵکی ڕۆژهەڵات بە ناردنی ئازاترین ڕۆڵەکانیان بۆ ڕیزەکانی خەبات، کاریگەرترین وەڵامیان دایە داگیرکەران. هەر گەنجێک لە ناو دڵی ئەم کولتوورە دێرینەی بەرگریدا گەورە بووبێت، بە بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی گەلەکەی و نەریتی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن پەروەردە بووە. ئەو کولتووری بەرگرییەی کە لەم خاکەدا ڕەگی داکوتیوە، نەوە بۆ نەوە گوازراوەتەوە و لە گەشەپێدانی خەباتماندا پشکێکی گرنگی هەبووە.

هەڤاڵمان سڵا لە سەڵماس چاوی بە دنیا هەڵێنا و بە ئیلهام وەرگرتن لە ڕاپەڕینە مێژووییەکەی سمکۆی شکاک و ئەو شۆڕشەی کە لە دژ بە داگیرکەران و دەوڵەتی ناوەندیی ئێران کردی، لەگەڵ بنەماکانی نیشتمانپەروەریدا ئاشنا بوو؛ خاکێک کە تێیدا هەستی نیشتمانپەروەری هەمیشە دیار بووە و پابەندبوون بە بەها کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کورد بایەخی هەبووە. ئەو لە کەشێکدا گەورە بوو کە دەوڵەتی ناوەندی بە ئاگایییەوە هەوڵی دەدا بە ڕووبەڕووکردنەوەی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری، شەڕێکی ماڵوێرانکەر دەست پێبکات. هاوسنووربوونی سەڵماس لەگەڵ باکووری کوردستاندا بووە هۆی ئەوەی گەشەکردنی نیشتمانپەروەری لەم ناوچەیەدا بکەوێتە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی نوێ بە ڕێبەرایەتیی پەکەکە. سیاسەتەکانی دەوڵەتی ناوەندی بەرامبەر بە لەناوبردنی نەتەوەی کورد و هاوکات ئەو بایەخەی بزووتنەوەی ئاپۆیی بە پێگەی ژن لە خەباتی گەلاندا و بەتایبەتی بە بزووتنەوەی ژنان دەیدا، کاریگەریی لەسەر بەشێکی گەورە لە ژنانی ئەم ناوچەیە دانا؛ “ڤیان پەیمان” کە لە بەرگریی کۆبانێدا گۆڕا بۆ ئەفسانەیەکی نەمر، لەم ناوچەیەوە هەستابوو. هەڤاڵ سڵا لە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی داگیرکەران کە خاک و ناسنامەی کوردییان ئینکار دەکرد، و هەروەها بیرکردنەوەی پیاوسالاری کە ئیرادەی ژنی ڕەتدەکردەوە، دەستی بە ڕاپەڕین کرد و بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە لە گەڕان و تێکۆشاندا بوو.

هەڤاڵ سڵا لە هەر دەرفەتێک بۆ ناسینی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کەڵکی وەردەگرت و ئەو ژیانە ئازادەی کە بەدوایدا دەگەڕا و لە بیرکردنەوەکانی ڕێبەر ئاپۆ و کوێستانەکانی کوردستاندا شارابووەوە، بۆ خۆی دەکردە بنەما. پەیوەستبوونی خزمەکانی بە خەباتەوە، بڕیارەکەی ئەوی پتەوتر کرد. لەسەر ئەم بنەمایە، هەڤاڵ سڵا لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕووی لە چیا سەربەرزەكانی کوردستان کرد و پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی خەباتەوە.

پەیوەستبوون بە ژیانی گەریلایەتییەوە کە هەمیشە چیرۆکەکانی بیستبوو، بۆ هەڤاڵ سڵا بوو بە مایەی خۆشحاڵییەکی بێوێنە و ئەو لە هەر دەرفەتێکدا باسی لەم شادییە دەکرد کە پێی گەیشتبوو. ئەو بە پەرۆشی و گڕوتینێکی زۆرەوە چوونە ناو ژیانی بەکۆمەڵ، لە پەروەردە سەرەتاییەکانی گەریلادا بەشدار بوو و خولە پەروەردەییە ئایدۆلۆژی و سەربازییەکانی خۆی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا. ئەو بە قووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەو ڕاستییەی کە ژنان ڕووبەڕووی ببوونەوە و هەوڵی دەدا لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی لە نوێوە بنیاد بنێتەوە؛ خەبات لە دژ بەو دۆخەی کە تێیدا ژنان پشتگوێ دەخران و دەکرانە کاڵا، شێوازی تێکۆشانی ئەو بوو. هەڤاڵ سڵا پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ خەباتماندا دروست کرد؛ ئەو خەباتەی کە بێریتان و زیلانەکانی پەروەردە کردبوو. ئەو بە کەسایەتیی ڕەنجدەر و ڕاستگۆی خۆی بە خێرایی لە ڕیزەکانی خەباتدا پێگەیشت، خۆی لەو تایبەتمەندییە نەرێنییانە ڕزگار کرد کە سیستەم لە ناخیدا دروستی کردبوون و ناسنامەی ڕەسەنی خۆی دۆزییەوە. بە بەشداریکردن لە چالاکییە جیاوازەکاندا، ئەزموونی ڕێکخراوەیی کۆکردەوە و بوو بە گەریلایەکی بەتوانا. ئەو بۆ ئەوەی لە پێگەی ژنێکدا، ڕۆڵێکی پێشەنگانە و شایستە بگرێتە ئەستۆ، هەوڵێکی زۆری دا. هەڤاڵمان کە حەزێکی زۆری بۆ بواری سەربازی هەبوو، لەو هەڤاڵانە بوو کە تاکتیکەکانی گەریلایەتییان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرد.

هەڤاڵمان چەندین جار پێشنیازی کرد کە لە پرۆسەی شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەلدا بەشدار بێت و بە چوونە ناوچەی زاگرۆس، لە بەرگریی مێژوویی دژ بە داگیرکەراندا جێگەی خۆی گرت. ئەو وەک چۆن لە ژیاندا پێشەنگ بوو، لە شەڕیشدا ڕۆڵی پێشەنگایەتیی خۆی بە باشی گێڕا و تۆمارێکی سەرکەوتووی لە خەباتی سەربازی لە دوای خۆی جێهێشت. هەڤاڵ سڵا لە شەڕی شەمزیناندا لە بەرەی پێشەوەدا ئامادە بوو و گورزێکی بەهێزیان لە دوژمن وەشاند. شەهیدبوونی هاوسەنگەرەکەی، هەڤاڵ دەستان بێریتان (سەمیرا جەعفەری) لە ساڵی ٢٠١٢دا، بڕیار و پەرۆشیی سڵای بۆ تێکۆشانی زیاتر بەرز کردەوە.

هەڤاڵ سڵا بێوچان بۆ تۆڵەسەندنەوەی سەرجەم شەهیدان، بەتایبەتی شەهید دەستان، و گەیاندنی خەونە نیوەچڵەکانی ئەوان بە سەرکەوتن هەوڵی دا. بە کەسایەتییەکی پێداگر لەسەر سەرکەوتن و لێوانلێو لە جۆش و خرۆشی ژیان، خۆشەویستی و ڕێزی هەموو هەڤاڵەکانی لە هەر شوێنێکدا بێت بەدەست هێنا. هەڤاڵ سڵا هەمیشە لە گەڕان بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بوو: «چۆن دەتوانم زیاتر خزمەت بە گەلەکەم بکەم؟» و لەسەر ئەم بنەمایەش تێدەکۆشا و خەباتی دەکرد. ئازایەتی، فیداکاری و شێوازی شەڕی فیداکارانەی، ئەوی گۆڕی بۆ نموونەیەک بۆ هەموو هەڤاڵەکانی. هەڤاڵ سڵا پاشان چوو بۆ ناوچەی ئاواشین و بە بوونی بە فەرماندە، خەباتەکەی هەنگاوێک بەرەو پێشەوە برد. ئەو لەو بەرگرییە مێژووییەدا بەشدار بوو و لە بەرامبەر ئەو هێرشە لەناوبەرانەدا ڕاوەستا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنێکدا بە ئامانجی چۆکدادان بە بزووتنەوەی ئاپۆیی بە هاوکاریی دەستوپێوەندەکان و بە گڵۆپی سەوزی ناتۆ دەستی پێکردبوو. لەم هێرشانەدا سەرجەم تەکنیک و تاکتیکە سەربازییەکان لەوانە چەکی کیمیایی و چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بەکارهێنران. سڵا هەم لە ژیان و هەم لە مەیدانی شەڕدا، نوێنەرێکی بەهێزی هێڵی خەباتی ئاپۆیی و تێکۆشەرێکی ئازا لە ڕێگەی پەکەکە و پاژکدا بوو. ئەو بۆ وەڵامدانەوەی پرۆسەی شەڕی بەرفراوان، بێوچان هەوڵی دا و لە تاکتیکەکانی گەریلادا گەیشتە کارامەیییەکی زیاتر. هەڤاڵ سڵا فێربوونەکانی خۆی لەگەڵ هەڤاڵانیدا بەش دەکرد و بۆ پێگەیاندنی ئەو هەڤاڵانەی تازە هاتبوون هەوڵی دەدا، بەم شێوەیەش گۆڕا بۆ تێکۆشەرێکی نموونەیی لە هێڵی ئاپۆییدا.

هەڤاڵمان سڵا کە بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لە ڕیزەکانی خەباتی ئازادیی کوردستاندا خۆی لە نوێوە بنیاد نابووەوە و هەر چرکەیەکی ژیانی بێ دوودڵی دەبەخشی بە پاشەڕۆژی ئازادی نەتەوەی کورد، لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا، لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا لە ئاواشین گەیشتە کاروانی شەهیدان. یادی سڵا کە شێوازی خەباتی فیداکارانەی بێریتان و زیلانی کردە سەرمەشقی خۆی و میراتێکی بەردەوامی لە تێکۆشان لە دوای خۆی جێهێشت، هەمیشە ڕێگەی بەردەممان ڕووناک دەکاتەوە.

وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و یادەوەریی شەهید سڵا، شەهیدبوونی ئەم هاوسەنگەرە لە پێش هەموو شتێکدا لە بنەماڵەی بەڕێزی ئەو و پاشان لە هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری سەڵماس و گەلی ئازادیخوازی کوردستان سەرەخۆشی دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: سڵا دەستان

ناو و پاشناو: زەهرا ئیسماعیلی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ۱۹۹۲/ سەڵماس

ناوی دایک: خەدیجە

ناوی باوک: زوبەیر

مێژوو و شوێنیشەهیدبوون: ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ئاڤاشین

بابەتی پەیوەندیدار