هەڤاڵ ئارتەش

شاری بۆکان لە هەموو قۆناغەکاندا یەکێک لە نیشتەجێگە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. خەڵکی بۆکان بەو کولتووری بەرگرییە دێرینەی کە سەدەها ساڵە بە زیندوویی ڕایانگرتووە، داکۆکیکردن لە ناسنامە، زمان و کولتووری کوردییان بە بابەتێكی شەرەفمەندانە زانیوە. ئەم شارە دێرینە، سەرەڕای هەموو گوشارەکان و سیاسیەتەکانی تواندنەوەی (ئاسیمیلاسیۆن) ڕژێمی داگیرکەری ئێران، بە بەها ڕەسەنەکانی خۆی دڵسۆز ماوەتەوە و لە هەر قۆناغێکی خەباتی ئازادیخوازانەماندا، لە ناردنی ڕۆڵە بەنرخەکانی بۆ ڕیزەکانی خەبات درێغی نەکردووە. هەر منداڵێک کە لە جوگرافیای شاخاوی بۆکاندا گەورە بووبێت، بە بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی گەلەکەی و نەریتی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن پەروەردە بووە. ئەو کولتووری نیشتمانپەروەرییەی کە لەم خاکەدا ڕەگی داکوتیوە، نەوە بۆ نەوە گوازراوەتەوە و لە گەشەپێدانی خەباتماندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە.

هەڤاڵمان ئارتەش چیچەک لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا، لە شاری دێرینی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. ئەو لە کەشوهوایەکی بنەماڵەیی ئاوهادا گەورە بوو و بە جەوهەریكردنی بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگەی کوردی و کولتووری بەرگری، بە دڵسۆزی بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی پەروەردە بوو. هەڤاڵ ئارتەش کە لە بنەماڵەیەکی جوتیاردا گەورە بوو، بەهۆی ڕۆحیەتی نیشتمانپەروەری بنەماڵەکەیەوە، لە تەمەنێکی بچووکەوە هاوسۆزی بۆ داخوازی ئازادی گەلەکەی لە دڵدا بوو. ئەم پەرۆشییە بە تێپەڕبوونی کات لە ناخیدا بوو بە باوەڕێکی ڕەگداکوتاو و ئاواتی پەیوەستبوون بە خەباتی بە قووڵی لە ناخی خۆیدا پەروەردە کرد.

هەڤاڵ ئارتەش تا قۆناغی ئامادەیی لە قوتابخانەکانی ئاسیمیلاسیۆنی ڕژێمی ئێراندا خوێندی و لەم ماوەیەدا کەوتە بەر کاریگەریی سیاسەتەکانی ڕژێم بۆ جیاکردنەوەی گەلی کورد لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی. ئەو هۆشیار بووەوە کە سەپاندنی تێڕوانینی یەکڕەنگکەری فارسی لە قوتابخانەدا و سیاسەتەکانی ناچارکردنی قوتابییان بە ئینکارکردنی ناسنامەی خۆیان، نامۆبوونە لە خۆیان؛ لەبەر ئەوە، هەستیاری بەرامبەر بە زمانی دایکی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی. ئەو سەرەڕای زمانی دایکی، کە کوردییە، شارەزایی لە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزیشدا هەبوو، بەم زانیارییەش دەیتوانی پردی پەیوەندی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا دروست بکات و یارمەتی کولتووری پێکەوەژیانی هاوبەش بدات. هەڤاڵمان سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕژێم بۆ تواندنەوەی کولتووری، بە بەها ڕەسەنەکانی خۆیەوە پابەند مایەوە و بەم هۆیەشەوە لە نێو دەوروبەریدا خۆشەویست و ڕێزلێگیراو بوو.

ئەو بۆ یارمەتیدانی ئابووری بنەماڵەکەی، لە تەمەنێکی بچووکەوە لەگەڵ کارکردن ئاشنا بوو. هەڤاڵمان لەم قۆناغەدا کەسایەتییەکی ڕەنجدەر و فیداکار بوو، بە ناسینی بەهای تێکۆشان و ئارەقەی نێوچاوان، گەیشتە کەسایەتییەکی پێگەیشتوو. ئەو بۆ یارمەتیدانی خەرجییەکانی ژیانی بنەماڵەکەی وێنەگریی دەکرد و لە ڕوانگە جوانناسییەکە و پەیوەندییە مرۆییەکانی پێویست بۆ ئەم پیشەیە، ئەزموونی بەنرخی بەدەست هێنا. بەم تایبەتمەندییانەوە، لە نێو بنەماڵە و دەوروبەریدا خۆشەویست بوو و ئەوانی تر گوێیان لە قسەکانی دەگرت.

پەیوەستبوونی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە ڕیزەکانی خەباتی ئازادی کوردستان، بیرکردنەوە و گەڕان و بەدواداچوونەکانی هەڤاڵ ئارتەشی قووڵتر کرد و وای لێکرد هۆگری خەباتی گەریلایەتی بێت. پەیوەستبوونی خزمەکانی بە خەبات و ژیانی فیداکارانەی ئەوان، لە ناخیدا سەرسامی و هۆگرییەکی زۆری بەرامبەر بە گەریلا خوڵقاند. هەڤاڵمان کە لە بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بە گەلەکەی هۆشیار بوو، پێی وابوو ئەو چالاکییانەی ئەنجامیان دەدات بۆ گەشەپێدانی خەبات بەس نین. لەسەر ئەم بنەمایە، لە ساڵی ۲۰۰۵دا لە ڕێگەی باشووری کوردستانەوە پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی گەریلاوە و ڕووی لە کوێستانەکانی کوردستان کرد.

دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی گەریلا، هەڤاڵ ئارتەش یەکەمین خولەکانی پەروەردەی خۆی لە ناوچەی قەندیل تێپەڕاند و بە خێرایی لەگەڵ ژیانی شاخ و پەیوەندییە هەڤاڵێتیەکانی گەریلادا ڕاهات. لە ماوەی خولی پەروەردەدا، دەرفەتێکی دۆزییەوە بۆ ئەوەی پارتەکەمان باشتر بناسێت و لێی تێبگات؛ ئەو هەوڵی دەدا فەلسەفەی ئاپۆیی بکاتە هەوێنی بیرکردنەوەی خۆی و بنەماکانی ئازادی لە ژیانی خۆیدا ڕەنگ پێبداتەوە. هەڤاڵمان بە سەرنجدان و ڕامانی قووڵ، بە خوێندنەوەی پارێزنامەکان و شیکارییەکانی ڕێبەرایەتی، لەسەر قووڵایی ئایدۆلۆژی خۆی زیادی کرد. ئەو خولی پەروەردەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا و بۆ بەدەستهێنانی هەر توانایەک کە خەبات پێویستی پێی بوو، هەوڵی دا.

هەڤاڵ ئارتەش لە ساڵی ۲۰۰۶دا پەیوەست بوو بە چالاکییەکانی هێزی تایبەتەوە و لە ڕووی سەربازییەوە لە چوارچێوەی ئەم هێزانەدا گەیشتە توانایەکی زیاتر. ئەو لە ناوچەکانی بەهدینان و زاگرۆس چالاکانە خەباتی کرد و لەم ناوچانەدا کە شەڕ تێیاندا بە توندترین شێوە بەڕێوە دەچوو، تۆمارێکی سەرکەوتووی لە خەباتی گەریلایەتی لە دوای خۆی جێهێشت. هەڤاڵ ئارتەش بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی گەریلایەتی هەڤاڵەکانی، تواناکانی خۆی لە ڕووی سەربازییەوە بەرز کردەوە و لە بەرەکانی دژواری خەباتدا، بوو بە هێمایەکی بەرگری نموونەیی ئەو بە کەسایەتییەکی ڕێک و پێك، چاونەترس و ئازا، گۆڕا بۆ تێکۆشەرێکی نموونەیی لە ڕێبوارانی ڕێبازی رێبەر ئاپۆ. هەڤاڵمان بەو پەروەردانەی کە بینی و بەو ئەزموونەی لە مەیداندا بەدەستی هێنا، تاکتیکەکانی گەریلایەتی لە قۆناغی نوێدا فێربوو و لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی دوژمندا بەشدارییەکی چالاکانەی هەبوو.

لە سەرەتای ڕەوتی شۆڕشی ئازادی ڕۆژاوادا، هەڤاڵ ئارتەش چوو بۆ ئەو ناوچەیە و لە چەندین هەڵمەت و چالاکیدا بەشداری کرد. سەرەڕای هێرشە قورسەکانی چەتەکانی داعش، تەنانەت یەک هەنگاویش لە بەرگری پاشەکشەی نەکرد و بەپێی باوەڕەکەی بە سەرکەوتنی ژیان و خەبات، تێکۆشا. ئەو بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە گەلەکەمان، ئامادە بوو گیانی خۆی فیدا بکات و لەو تێکۆشەرانە بوو کە پشکیان لە تێکشکاندنی چەتەکاندا هەبوو. هەڤاڵ ئارتەش بە ڕەفتار و ڕەوشتی خۆی متمانەی بە هەڤاڵەکانی دەبەخشی و لە ئاستێکی بەرپرسیارانەدا بوو؛ بە کەسایەتی پێگەیشتوو و خاكیبوونی و دڵنزمییەكەی ڕێز و سەرنجی هەموو هەڤاڵانی ڕاکێشابوو.

هەڤاڵمان ئارتەش چیچەک لە ئابی ساڵی ۲۰۱۴دا، لە ناوچەی ڕۆژاوا گەیشتە کاروانی شەهیدان و تێكۆشان و خەباتەکەی گەیاندە لووتکە. ئەو کە هەموو شتێکی خۆی بۆ ئازادی گەلەکەی فیدا کرد و بڕیارێکی نەبەزانەی هەبوو بۆ هەنگاونان لەو ڕێگەیەی کە شەهیدان کردبوویانەوە، لەو تێکۆشەرانە بوو کە نەبەزینی ئیرادەی ئاپۆییان بە جیهان سەلماند. شەهیدبوونی ئەو لە نێو هەڤاڵانیدا هۆشیارییەکی قووڵتری بۆ تۆڵەسەندنەوە و بڕیارێکی زیاتری بۆ گەشەپێدانی خەبات خوڵقاند. خەباتی ئەو هێشتا لە دڵی هەموو ئەو گەریلایانەدا کە لە کوێستانەکانماندا بەرگری دەکەن بە زیندوویی ماوەتەوە. بەتایبەتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرز و بەڕێزی ئەو، و هەروەها لە هەموو خەڵکی بۆکان و گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ئارتەش چیچەک

ناو و پاشناو: محەمەد فەوزی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: _ ١٩٨٥ _ بۆکان

ناوی دایک: کوبرا سوڵتانی

ناوی باوک: معروف

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١٤-١٢-٢٠٠٥ _ سلێمانی

مێژووی شەهیدبوون: ٠٠ – ٠٨- ٢٠١٤ _ ڕۆژئاوا

بابەتی پەیوەندیدار