ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد

١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٧٩ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان تێ‌پەڕی. ٧٩ ساڵ بەر لە ئێستا لە بەرەبەیانیی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاویدا پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی و سەدری قازی لەلایەن حکوومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە دران. لە ڕۆژانی پێش و دوای ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦شدا، کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێبەران و کاربەدەستانی کۆماری کوردستان ئێعدام کرابوون و بەمجۆرە شەهیدانی کۆمار بوونە سەرقافڵەی کاروانێک کە هەتا ئێستاش لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی نه‌ته‌وه‌ی کورددا هەر بەردەوامە.

پێشەوا قازی محەممەد کەسایەتییەکی ئایینی، ڕووناکبیر و نەتەوەیی کورد لە بنەماڵەیەکی ڕێزداری ناوچەی موکریان بوو. زانایی و پێگەیشتوویی قازی محەممەد بووە هۆی ئەوەی  دوای وەرگرتنی ئەندامەتی لە “کۆمەڵەی ژێکاف”دا زوو ببێتە سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە سیاسییە و دواتر بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێگە بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان خۆش بکات. بێگومان دامەزرانی کۆماری کوردستان لەو کات و سەردەمەدا بڕیارێکی بوێرانە و بیرێکی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانیی پێویست بوو کە پێشەوا و هاوبیرانی بوویان و بە لەخۆبوردوویی و گیانفیداییەوە خەونی نەتەوەیەکی بندەست و مافز‌ه‌وتکراویان بەدی هێنا.

پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمێکدا که ‌دیکتاتۆریی پەهلەوی باڵی ڕەشی بەسەر ئێران کێشابوو و هەموو نەتەوەکانی لە مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەکانیان بێبەش کردبوو، خەباتی سیاسی بۆ ڕزگاریی کوردی لە فۆڕمی مۆدیڕنی حیزبیدا ڕێک خست و بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان نموونەیەکی سەردەمیانە و هەرە پێشکەوتووانەی لە حوکمڕانیی کوردی پێشان دا. به‌ڕێوه‌بردنی‌كۆماری‌كوردستان به‌و په‌ڕی‌لێوه‌شاوه‌یی‌، به‌شداری تێکۆشەرانی کورد بۆ پشتیوانی لە کۆمار، پێکهێنانی زۆرترین تەبایی لەنێو کۆمەڵی کوردەواری، بەدیهێنانی کۆمەڵێک ده‌سكه‌وتی مێژوویی ‌له‌ بوارەکانی ‌پێشمەرگایەتی، ئەمنییەت، فه‌رهه‌نگی‌، کۆمەڵایەتی و پەروەردەدا‌، دامه‌زراندنی‌  کۆمەڵێک ڕێکخراوی‌ سینفی کە ‌تا ئه‌وكاته ‌له‌ مێژووی‌كورد ‌و ته‌نانه‌ت ناوچه‌کەشدا ‌وێنەی نەبیندرا‌بوو، ژیری و پێگەیشتوویی و گه‌وره‌یی ‌كه‌سایه‌تیی ‌پێشه‌وامان بۆ ده‌رده‌خەن.

دادگاییکرانی قازی محەممەد لە بێ‌دادگای ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەویدا ڕەهەندێکی دیکەی کەسایەتیی پێشەوای کوردی سه‌لماند. پێشەوا کە بە بڕیاری ئازایانە و قۆستنەوەی هەلێکی مێژوویی توانیبووی کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ و کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگ بۆ کورد بەدی بێنێت، هەروا بوێرانەش لە بەندیخانە و بێدادگاکانی حکوومەتی پەهلەویدا به‌رگریی لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی کرد و بە سەربەرزییەوە گیانی خۆی فیدای کورد و نیشتمانەکەی کرد. ٧٩ ساڵ دوای شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، بەردەوامبوونی ڕێبوارانی مەکتەبی پێشەوا لەسەر خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی کوردی ڕۆژهەڵات لە بندەستی، بیری پێشەوا قازی محەممەدی لەنێو خەڵکی کوردستاندا بە زیندوویی هێشتۆتەوە. بۆیە لەمێژ ساڵە پێشەوا قازی محەممەد بووەتە گەورەترین سیمبول و ناونیشانی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی لە هەموو شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگا و ئامانجەکانی بوون بە خاڵی لێک‌کۆکەرەوەی هێز و ڕێکخراوی سیاسیی جۆراوجۆر و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵی کوردەواری.

ساڵوه‌گه‌ڕی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی پەهلەوی، نەک هەر نەتەوەی کوردی لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش کردووە، بەڵکوو بە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی، چارەنووسی ئێران و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەی بەرەو هەڵدێر بردووە. بێگومان هەتا ئەو ڕێژیمەش مابێت، نە نەتەوەکانی ئێران مافەکانیان وەدی دێن و نە ئەمنییەت و سەقامگیری لە نێوخۆی ئێران و هەروەها لە وڵاتانی ناوچەشدا سەقامگیر دەبێت.

لە ٧٩ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێداگری لەسەر ڕێبازی پێشەوا و هەموو ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەی لە شۆڕشی نوێی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دەور و کاریگەریی تایبەتیان بووە دەکاتەوە و ڕادەگەیەنێ خەباتمان بۆ وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌رده‌وام ده‌بێ. لەوەش دڵنیاین کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە قەیرانخوڵقینیی نێوخۆیی و دەرەکی و دروستکردنی شەڕ و تەنگەژە لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل، دەنگی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان کپ بکات. بۆیە خەباتی ئێمە هەتا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبێت و دژی هەموو جۆرە شەڕخوازییەکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ده‌وه‌ستینه‌وه.‌ پێ لەسەر ئەوەش دادەگرینەوە کە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان تاقە وەڵامی بەهێزە بۆ مایەپووچکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم و پاراستنی کوردستان لە هەر ئاڵۆزییەکی نێوخۆیی و ناوچەیی.

بابەتی پەیوەندیدار