پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
بۆ نەتەوەکان و تەواوی ئازادیخوازانی ئێران، نەتەوەی تورکی ئازەربایجان و وڵاتانی دراوسێ
نەتەوە ستەملێکراوەکان و ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران!
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەم بڕگە هەستیارەی خەباتدا، بە پشتبەستن بە پێشینەی مێژوویی و بنەماکانی خەباتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کوردستان و، بە تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی لە بارودۆخی هەستیاری ئێستای ئێراندا، جارێکی دیکە بۆ تێپەڕین لە سەرەڕۆیی و بونیادنانی داهاتوویەکی دێموکراتیک، جەخت لەسەر پێویستیی هاوپێوەندی و یەکیەتیی نێوان تەواوی هێزە ئازادیخوازەکان و نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران دەکاتەوە.
ئێمە لەو بڕوایەداین داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ ئێران تەنیا لە سایەی جێگیربوونی سیستمێکی دێموکراتیک، و لەسەر بنەمای بەفەرمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەکان، دادپەروەری و یەکسانی، و زامنکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان چێ دەبێت. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەم پێناوەدا و بە مەبەستی بونیادنانی ئێرانێکی ئازاد، دێموکراتیک و فرەچەشن ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسی و مەدەنییە دێموکراتیکەکان ڕادەگەیەنێت.
خوشک و برایانی ئازەری!
هەمووان ئەم ڕاستییە مێژووییە دەزانین کە لە چەند شار و ناوچەدا، بەتایبەت لە ئازەربایجان و کوردستان، ئازەرییەکان و کوردەکان بە درێژایی مێژوو لە تەنیشت یەکدی ژیاون. بۆیە داهاتووی ئەم ناوچانەش هەر دەبێت لەسەر بنەمای هاوکاری، بەڕێوەبردنی هاوبەش و زامنکردنی مافی یەکسانی هەموو پێکهاتەکان بێت. هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەو ناوچە تێکەڵاوانەدا پشتیوانی لە دروستکردنی میکانیزمەکانی بەڕێوەبەریی هاوبەشی خۆجێیی دەکات کە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی دانیشتووان و ویستی خەڵک بێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدایە ئەمنییەت و سەقامگیریی بەردەوام تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێت کە هەموو خەڵکی ناوچەکە، لەوانە کورد و تورک لە ئازەربایجان، کوردستان و ناوچەکانی دیکە، خاوەنی مافی سیاسی، کولتووری و زمانیی یەکسان بن و کاروباری خۆجێیی لە ڕێگەی دامەزراوە دێموکراتیک و وەڵامدەرەکانەوە بەڕێوە ببرێت.
ئێمە وەک هەمیشە دەستی هاوکاری بۆ لای نەتەوەی تورکی ئازەری و هێزە سیاسییەکانیان درێژ دەکەین و ئامادەیی خۆمان بۆ گفتوگۆ، هاوئاهەنگی و دروستکردنی میکانیزمێک کە ئەمنییەتی گشتی و سەقامگیریی ناوچە هاوبەشەکان دەستەبەر بکات، ڕادەگەیەنین. داهاتووی ناوچەکە دەبێت لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، ڕێزی دوولایەنە و بەشداریی یەکسانی هەموو خەڵکەکەی بونیاد بنرێت. هەروەها بە جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکان و بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکی ئازەری، پێمان وایە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە دەبێت لەسەر بنەمای گفتوگۆ، ڕێزی دوولایەنە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بێت. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، جارێکی دیکە پابەندیی خۆمان بە نێوەڕۆک و ڕۆحی پەیمانی دۆستایەتیی نێوان کۆماری کوردستان و حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان ڕادەگەیەنین و بە نەخشەڕێگە و هێمایەکی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان بزووتنەوە دێموکراتیکەکانی کوردستان و ئازەربایجانی دەزانین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەردەوامیی ڕێگەکەیدا، بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هێزە دێموکراتیکەکان و پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان نەتەوەکان بۆ دروستکردنی میکانیزمی هاوبەش بۆ پێکەوەژیانی دادپەروەرانە، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گەیشتن بە داهاتوویەکی ئازاد و دادپەروەرانە بۆ تەواوی نەتەوەکانی ئێران دەزانێت و لەم پێناوەدا پێشوازی لە هەر جۆرە هاوکاری و هەوڵێک دەکات.
سەبارەت بە نەتەوە و وڵاتانی دراوسێ، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دراوسێیەتیی باش و ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە ڕەواکانی یەکدی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە و بڕوامان وایە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ، هاوکاری و ڕێزی دوولایەنەی نێوان نەتەوەکان و دەوڵەتەکانەوە بەهێز دەبێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٤ی ئازاری ٢٠٢٦ی زایینی