لە دانیشتنێکی هاوبەشدا (هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران) بە فەرمی راگەیێندرا

PDFی لێدوانەکە دانلۆد بکە

بۆ ماوەی هەشت مانگ “ناوەندی دیالۆگ” کە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتبوو، گفتوگۆکانی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی دەستپێکرد. لەو پێوەندییەدا چەندین کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ پلاندانان بۆ پلاتفۆرمی هاوپەیمانی بۆ حیزب و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لە کۆتاییدا و لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا، ئەمڕۆ ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەم هاوپەیمانیە لە میانی دانیشتنێکی پێنج لایەنە بە فەرمی ڕاگەیەندرا.

له قۆناخی ئێستادا که ڕۆژهه ڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبه ڕووی گۆڕانکاریی بنه ڕه تی بونه تەوه ، ئەم هاوپه یمانێتییه زۆر گرنگه . ئەوەی کە ئەم هاوپەیمانییە لە ٣ی رەشەمەدا، ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٣٧٧ بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ڕادەگەیەنرێت، بۆنەیەکی تایبەتی هەیە. لە بنەڕەتدا ئەم دەستکەوتە بە ئیرادەیەکی پتەو بۆ درێژەدان بە ڕێگای شەهیدانی ٣ی رەشەمە و شەهیدانی دیکەی بزووتنەوەی ئازادیخوازمانە.

لە دانیشتنێکدا، سەرۆکانی پێنج لایەنی ئەندامی ئەم هاوپەیمانییە، لەوانە “پارتی ئازادی کوردستان (پاک)؛ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)؛ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران؛ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” وتاریان سەبارەت بە گرنگی هاوپەیمانی هەر پێنج لایەنەکە پێشکەش کرد.

هەڤاڵ “پەیمان ڤیان” هاوسەرۆکی پارتیمان پژاک لەم دانیشتنەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا ئەم دەستکەوت و هاوپەیمانییەی پێشکەش بە شەهیدانی ٣ی رەشەمە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان کرد و ڕێزی لە یادی ئەوان گرت. وتیشی:”ئەوەی ئێمە لە ڕۆژێکی وا گرنگ و گونجاودا بە فەرمی بوونی هاوپەیمانی خۆمان ڕادەگەیەنین، نیشانەی پابەندبوونمانە بە ڕێبازی شەهیدان، بەتایبەتی شەهیدانی ٣ی رەشەمە، بۆیە پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە لە کەسوکاری سەرجەم شەهیدانی ٣ی رەشەمە و سەرجەم شەهیدانی تەڤگەری ئازادی و گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین”.

هەڤاڵ پەیمان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پژاک هەمیشە خوازیاری دروستکردنی یەکڕیزیی نێوان حیزبەکان و ڕیزەکانی گەلەکەمان بووە و هەوڵ و تێکۆشانی زۆری لەو بارەوە داوە، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا پارتیمان پژاک بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی داوە ڕۆڵێکی کاریگەر لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەدا بگێڕێت، خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ گەیشتوینە ئەنجامەکانی کۆتایی. ئێمە و خەڵکەکەمان، پێویستیمان بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هەیە، بەو هاوپەیمانییە فەرمییەی ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین، دەتوانین نە تەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو بۆ ئێرانێکی دیموکراتیکیش ببینە پێشەنگێکی کارا.

(هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!

ئازادیخوازان و خەباتگێڕانی سەرانسەری وڵات!

بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێکخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدا خەبات دەکات. کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەر و ناوەندی سەرەکیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە بووە. کوردستان لەو ماوەیەدا تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگرییی خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەریی سیاسیی ئێعدام و تێرۆر کراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار و چالاکیی سیاسیی شەهید بوون و لە زیندانەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، کوردستانیش وەک جوغرافیایەکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و بە سیاسەتی سەرکوت و تاڵان‌وبڕۆ لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە کراوە.

ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی “هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران”مان واژۆ کردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ڕاوەستاو بووە؛ لە کوردستان وزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕیی خۆمان یەک خستووە و هاوپەیمانییەکی سیاسیمان ڕاگەیاندووە. مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە “ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری”دا پێک‌هاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.

ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داکۆکی لە شکڵگرتنی قۆناغێکی گواستنەوەی دێموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە به‌ ره‌سمییه‌ت ناسینی مافى نەتەوەیی نەتەوەکان، قبووڵکردنی دێموكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.‌

ئێمە لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دابینبوون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان و بە دامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبەری و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئايینییه‌ جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات؛ بە ئەرکی خۆمان دەزانین.

ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەرکاتێک یەکیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەکانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەمان و هەموو خەڵکی کوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەکەین.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

٣/١٢/١٤٠٤ (٢٢/٢/٢٠٢٦)

***

ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە:

بابەتی پەیوەندیدار