پەیامی بەردەوامیی یەکگرتوویی و خۆڕاگری و پێزانینی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ١٨ی بەفرانبار

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!

خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران!

حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان!

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی!

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار کوردستان جارێکی دیکە سەلماندیەوە سەنگەری لەگیراننەهاتووی خەبات و خۆڕاگری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئەمڕۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی گشتی، داخستنی دووکان و بازاڕ و  شوێنە گشتییەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، هەم متمانەی چەند بارەیان بە حیزبە سیاسییەکانیان بەخشییەوە، هەم نیشانیان دا شۆڕشی “ژینا-ژن، ژیان، ئازادی” نەک هەر لە پێ نەکەتووە؛ بەڵکوو لە قووڵایی کۆمەڵگەدا زیندووە و لێ بڕاوە بۆ هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچێ. خەڵکی کوردستان پێشانی دایەوە کە لەهەمبەر تاوان و جیناتەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوڕستان و مەلەکشایی و شوێنەکانی دی بێدەنگ نابێ و ڕێگە نادا ڕێ‌وڕێبازی خوێن و خەباتی لاوان و ئازادیخوازان ون ببێ. هەروەها پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران، مەحکوومکردنی سیاسەتی هەڵاواردن و وەستانەوە لەهەمبەر جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان سەلمێنەری زیندێتی و گەشەی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران و پێشكەوتنی خەبات و ڕاپەڕینی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە دژ بە دیکتاتۆریی ڕێژیمی ئێرانە.

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوكاریی حیزبەکان لە کوردستان سپاسی خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئازادیخوازانی ناوچەکانی تری ئێران دەکا کە بە مانگرتن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان وەڵام و پەیامێكی سیاسیی ڕوون و گورچكبڕیان بە هێزە سەركوتگەرەكان و تەواوەتیی ڕێژیمی دەسەڵاتدار دایەوە. خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان نیشانیان دایەوە هەڕەشە و تۆقاندن و سیاسەتی سەرکوت هەنگاویان پێ شل ناکا و بەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی حیزبە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ئەو پەیامە بە ڕاشکاوی ڕاگەیەندرا کە كە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ‌وە. ئەم قۆناغە نوێیەش دەخوازێ لەپێناو بەردەوامی و سەرکەوتنی یەکجارەکیدا زیاتر و جیاوازتر لە هەمیشە بەستێنی لەبار بۆ یەکڕیزی، هاوخەباتی و هەڵمەتی پێكەوەیی دەستەبەر بکەین و بەوەش هێزێكی زیاتر بە خەبات و بزووتنەوەکەمان بدەین.

بزووتنەوەی سیاسی و مافخوازانەی کوردستان کە بەردەوام پێداگریی لەسەر فرەچەشنی و پێکەوە ژیان کردووە و دژ بە پاوانخوازی و خۆسەپاندن بووە، جارێکی دیکەش پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئیران ڕادەگەیەنێ و پێ لەسەر شێلگیری و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی خەلکی کوردستان لەپێناو وەدیهاتنی ماف و داوا ڕەواکانی لە ئێران دادەگرێتەوە.

بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی خەڵكی مافخوازی كوردستان!

بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران!

– پارتی ئازادیی کوردستان

– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

– کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤

بابەتی پەیوەندیدار