بابەتێک بۆ ساڵیادی شەهید رۆناهی
هەڤاڵ”سەنەم ئەریشەن”، بەنازناوی”رووناهی دەنیز”، لەدایكبووی شاری وانی باكوری كوردستان و ئەندامی رێكخستنی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان”یەژەرەكە” بوو. یەك لەكادیرە هەرە دڵسۆز و بەئەمەك و پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ساڵی 2005 لەنێو خەباتی رێكخستنی ژنانی رۆژهەڵات دا بەشێوەیەكی ئاكتیڤ جێگای خۆی گرت و بەبێ وچان، شانبەشانی هەڤاڵانی تر لەبەرەكانی تێكۆشاندا وەكو ژنێكی گەنج لەگۆڕەپانی تێكۆشانی ئازادیخوازی دا كاروخەباتی رێكخستنی راپەڕاند. ماوەیەك لەخەباتی پەروەردەیی كادیرانی هەرێمی دا جێگەی گرت و ئەركی پەروەردەیی گەنجان و ژنانی رۆژهەڵاتی رادەپەڕاند و دوابەدوای كۆنفرانسی بزاڤی ئازادیخوازی ژنان “یەژەرەكە” و كۆنگرەی دووهەمینی پەژاك لەساڵی 2006دا لەبەهاری هەمان ساڵدا و لەچوارچێوەی جێبەجێ كردنی پلان و بەرنامە و ئەو ستراتیژیەی لەكۆنفرانسی ژنان و كۆنگرەی دووەمی پەژاك دا دانرابوو هەڤاڵ رووناهی لەگەڵ پۆلێك لەهاوخەبات و هەڤاڵانی دا چووە هەرێمی كەلەڕەش و لەهەرێمەكانی ماكۆ، سەلماس، خۆی و ئەسەندەرە و ورمێ دەستی بەخەباتی رێكخستنی گەل كرد.
لەساڵی 2005 دا بەراگەیاندنی كۆما كۆمەڵانی كوردستان”كەجەكە”، لەتوركیا و باكوری كوردستان قۆناخێكی نوێ لەتێكۆشانی كۆمەڵایەتی و جەماوەری و تێكۆشانی پاراستنی رەوا لەلایەن گەریلا گیرایە بەر. ئەو هەنگاوەی رێبەر ئاپۆ لەو قۆناخە دەستی پێكردبوو، لەبواری ستراتیژی و پارادیگما و سیستەمەوە بەرچاو روونیەكی هزری، فەلسەفی، رێكخستنی زیاتر بەخشییە، رێكخستنەكانی گەریلا و گەل و وەكو وەرچەرخانێكی نوێ و دەست پێ كردنی هێرش و قەڵەمبازێكی نوێ بوو لەململانێ لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری تورك و رژێمە دەسپۆت و دیكتاتۆر و شوڤێنیزمەکان لەهەرێمەكە و سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، ئەمەش هەم دەوڵەتی داگیركەری تورك و هەم نوێنەرانی سیستەم لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا و ئیسرائیلی تەنگاو كردبوو، ئەوە بوو لەساڵی 2006 لەزینداندا رێبەر ئاپۆیان ژەهرخوارد كرد و ئەوەشیان لەژێر ناوی گوایە جێگۆڕكێ و سەرڕاستكردنی شوێنی مانەوەی و بەرێگەی بۆیاخ كردنی دەر و دیواری شوێنەكەی پێكهێنابوو. هەر لەو كاتەدا و دوای ئاشكرابوونی ئەو هەوڵە چەپەڵەی دەوڵەتی تورك و كاربەدەستانی رژێم و سیستەمی جیهانی لەزینداندا پەلاماری رێبەر ئاپۆیان دابوو و لەزیندانی تاكەكەسی ئیمراڵیدا، سزای گۆشەگیری و قەدەغەكردنی چاوپێكەوتنی لەگەڵ پارێزەرەكانیان بەسەردا سەپاند. لەو كاتەوە دەوڵەتی تورك بەهاوكاری سی پی تی، نوێنەری كۆمیتەی رێگرتن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆنسەی ئەوروپا ناوەناوە سزای گۆشەگیری لەنێوگۆشەگیریان بەسەردا سەپاند و رێگەی هاتووچۆی پارێزەرەكانیشیان سنووردار كرد.
ئەو هەڵمەتەی رێبەر ئاپۆ بەرێگەی ستراتیژی نوێ تێكۆشان و پارادیگمای چارەسەری دیموكراتیانە و پاراستنی رەوا پێشی خستبوو، رەنگدانەوەی لەخەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازی رێكخستنی ژنانی رۆژهەڵات و پەژاك دا دانا و هەر ئەوەش تین و هێز و مۆڕاڵێکی بەهێزتر و گوڕێكی تری دایە خەباتی ئازادیخوازانەی گەریلا و گەلەكەمان لەم بەشەی كوردستان و لەئەنجامی ئەو خاوەنداریە بەهێزەی گەلەكەمان لەشاری ماكۆ لەرێبەر ئاپۆ نیشانیان دا، ژمارەیەكی زۆر لەگەنجان و ژنان بوونە قوربانی، بەڵام ئەو سەرهەڵدانەی گەلەكەمان لەماكۆ و هێرشی وەحشیانەی رژێمی داگیركەر و هێزە سەرکوتكارەكانی بۆ سەر گەلەكەمان لەو شارە، دەنگدانەوەیەكی بەهێزی لەسەر شارەكانی سەلماس و خۆی و ئەسەندەرە و ورمێ و گوندەكانی دەوروبەریش دانا. لەو چوارچێوەیەدا، سەرهەڵدانی گەلەكەمان لەشاری ماكۆ بەرهەمی تێكۆشانی شەهید رووناهی و ئەو هەڤاڵانەی لەو هەرێمە كاریان دەكرد، لەوانە، شەهیدان”مادۆرا وان”میسەر ئادسز”، مانی كیاكسار”یوسف پیرۆتی”، دیجلە دێرك، د. ئافات”ئەشرەف كەرەباكان”، فازڵ”عەبدلرەحمان یۆرۆجو” تێكۆشین”نادیە رەیحان” و دیجلە دێرك”نەورۆز عەبدۆ” بوو.
رژێم ئیدی هەستی بەوە كردبوو كە هەوڵەكانی بزاڤی ئازادیخوازی لەرۆژهەڵاتی كوردستان، هەوڵێكی بونیادی و ستراتیژی درێژمەودایە، رژێمی داگیركەری ئێران تا ئەو كاتە بەهەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ جموجۆڵەكانی گەریلادا دەكرد، بەڵام لەوە بەدوا بەشێوەیەكی دڕندانە و بەپیلانگێڕی و بەرنامە، رووبەڕووی گەریلا بوویەوە.
رژێمی داگیركەری ئێران و دەوڵەتی توركی فاشیست بۆ ئەوەی زیاتر بەر بەجموجۆڵەكانی گەریلا و كاروخەباتی جەماوەری بگرن، لەو قۆناخەدا بەدەیان جار لەسەر ئاستی باڵا بەمەبەستی توندوتۆڵكردن و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی گەریلا كۆبوونەوە. یەكێك لەدەرئەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوانەش كە لەساڵی 2007دا هاتە ئاراوە، راگەیاندنی شەڕی هاوبەشی هەردوو دەوڵەت دژ بەخاڵێكی مانەوەی گەریلا لەجەهەنەم دەرە بوو لەبەرامبەر بەگەریلاكانی پەژاك و هێزەكانی پاراستنی گەل، بەڵام لەو شەڕە داسەپاوەی هەردوو دەوڵەتی داگیركەر بەسەر گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، زەبرێكی مەزن بەرهێزەكانی رژێمی داگیركەری ئێران و دەوڵەتی تورك كەوت، بەجۆرێك كە لەو شەڕدا فەرماندەیەكی پایەبەرزی رژێمی ئێران و هەلیكۆپتەرێكی شەڕكەری سوپای پاسداران و کوشتنی چەند بەرپرسێكی سوپا لەو هەلیكۆپتەرەی لێكەوتەوە.
هەڤاڵ حەسەن حیكمەت دەمیر لەو شەڕەدا داستان و قارەمانێتیەكی بێ وێنەی تۆمار كردبوو و دوابەدوای بریندار بوون و دابڕاندنی لەیەكینەی هەڤاڵانی بۆ ماوەی دوو رۆژ لە گوندی ئەلەندی سەر بەشارۆچكەی ماکۆ دەستگیر دەكرێت و بەبرینداری دەیگوازنەوە بۆ زیندان و لەوێدا بەبێ ئەوەی برینەكەی دەرمان بكەن و دوای بڕینەوەی قاچێكی، سزای هەتاهەتایان بەسەردا سەپاند، هەرچەندە لەو كاتەدا هەوڵدرا بەرێگەی پارێزەرانیەوە و رەتكردنەوەی سزاكەی، بەڵام لەدیوانی دادگای باڵای رژێم سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لەئەنجامدا دوای چەندین مانگ لەزیندان بەداربەستەكەیەوە دەیبەنە بەر پەتی سێدارە و لەسێدارەی دەدەن. سزای لەسێدارەدانی هەڤاڵ حەسەن حیكمەت دەمیر و جێبەجێ كردنی ئەو سزایە لەلایەن رژێمی داگیركەری ئێرانەوە، یەكەم رووداوی بەوشێوەیەیە کە لەبەرامبەر بەهەڤاڵانی بزوتنەوەی ئاپۆیی جێبەجێ دەكرێت. تەنانەت بەدرێژایی ئەو هەموو ماوەیە لەتێكۆشانی ئازادیخوازی لەگەڵ دەوڵەتی تورك سزایەكی بەوشێوەیە لەبەرامبەر بەهەڤاڵان پێكنەهاتبوو. ئەو هەڵوێستەی ئێران لەلووتكەدا ئاستی دژایەتی كردنی رژێمی داگیركەری ئێران لەبەرامبەر بەتێكۆشانی ئازادیخوازی بزووتنەوەكەمان و خەباتی رێكخستنی گەل و گەریلا بوو، بەتایبەتی هێرشێك بوو بەئامانجی پاكتاوكاری پەژاك و یەژەرەكە و بەتایبەتی بێ كاریگەرهێشتنەوە و دەستەوەستانی گەریلا و چۆنیەتی نزیكبوونەوە لەگەڵ رژێمی داگیركەری ئێران و خەباتی جەماوەری گەل بوو لەو هەرێمەدا. هەرێمی كەلەڕەش بەگشتی لەبزوتنەوەی ئازادیخوازی و پێشتریش لەبزاڤە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتیەكاندا رۆڵێكی دیاركەر و بەرچاوی هەبووە و هەیە. بۆیە رژێمی ئێران ویستی بەسزای لەسێدارەدانی هەڤاڵ عەگید، ترس و تۆقاندن لەریزەكانی گەل و گەریلا بڵاوبكاتەوە لەلایەك و لەلایەكی تر، ئەو پەیامەی دایە دەوڵەتی داگیركەری تورك كە ئێران بەهەموو شێوەیەك و لەئاستێكی بەرزدا دژ بەگەریلا لەپاڵ دەوڵەتی توركدا دەوەستێتەوە، لەبەر ئەوەش لەساڵی 2007دا لەنێوان بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردان”پەكەكە” لەباكوری كوردستان ـ توركیا و دەوڵەتی تورك ئاگربەستی یەكلایەنە راگەیەندرابوو، رژێمی ئێران ویستی بەو هەنگاوەی لەدژی خەباتی گەریلایی پەژاك و یەژەرەكە هەڵیگرتبوو، دەوڵەتی تورك لەرێبازی چارەسەرئامێز دوور بخاتەوە و هاوڕاستە لەگەڵ سیاسەتە دەرەكیەكانی خۆی، دەوڵەتی تورك زیاتر پەلکێشی نێوشەڕی گەریلا و ئەرتەشی دەوڵەتی تورك بكرێت، بەڵام هەر زوو بەهەڵوێستێكی شۆڕشگێڕیانە، هەڤاڵ”رووناهی دەنیز” بەچالاكیەكی فیدایانە و گیانبازانە و بەتاقی تەنیا هەڵیكوتایە سەر بنكەیەكی سوپای پاسداران لەهەرێمی ماكۆ و زەبرێكی جەرگبڕی لەداگیركەرانی رژێمی ئێران وەشاند و بەو چالاكیە گیانبازیەی هەڤاڵ رووناهی رژێمی ئێران ترس و لەرز كەوتە دڵ و دەروونیەوە.
ئەو چالاكییە گیانبازیەی هەڤاڵ رووناهی بەپەلە لەو هەرێمە دەنگی دایەوە و كین و رقی هەموانی ئەستورتر و قووڵترکرد لەبەرامبەر بەرژێمی داگیركەری ئێران و هاوكارانی لەنێوریزەكانی گەریلا.
هەڤاڵ روناهی دەنیز لەپەیامێكی پڕبەواتای خۆیدا كە لەپێش چالاكییە گیانبازیەكەی بەجێی هێشتبوو وەها باس لەئامانجی چالاكیەكەی دەكات:”سیستەمی داگیركەر لەچوارچێوەی سیاسەتی ئینكار و لەناوبردنی گەلی كورد، پیلانگێڕیەكی هەمەلایەنە سەربازی، کلتوری و كۆمەڵایەتی لەبەرابەر بەگەلەكەمان لەهەر چواربەشی كوردستان خستووەتە گەڕ. زلهێزە جیهانیەكانیش بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسیەكانی خۆیان لەلووتكەی ئەم پیلانگێڕیەدا جێ دەگرن. رێبەر ئاپۆ كە سەرچاوەی هێز، هیوا و ناسنامەی ئازادی گەلەكەمانە، لەژێر گوشار و ئەشكەنجەیەكی دژواردایە و رۆژبەرۆژ دۆخی تەندروستی جەستەیی رێبەر ئاپۆ رووبەرووی مەترسی دەبێتەوە. هاوكات هێرشە هەمەلایەنەكانی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان لەبەرامبەر بەگەلەكەمان و گەریلا لەباكوری كوردستان، باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان بەرفراوانتر دەبێتەوە. بەو شێوەیە هەموو دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بەخوێنی دەیان هەزار شەهید بەدەست هاتووە رووبەڕووی مەترسی و لەناوچوون دەكەنەوە. هاوكات سیاسەتی سەرکوت و گوشاری رژێمی ئێران بەبەكارهێنانی هەرچەشنە رێبازێكی نامرۆڤانە و دژە مرۆڤیی و بەدەر لەپێوان و پرەنسیپە دیموكراتیەكان، هێرشێكی هەمەلایەنەی بەئامانجی بێ ئیرادەكردن و تەسلیمبوون و دەست بەردان لەبەرخۆدان و خۆڕاگری لەبەرامبەر بەگەلەكەمان ئەنجام دەدەن و دەیەوێت گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەتەواوەتی بەچۆکدا بهێنن و بێ ئیرادەی بكەن.
لەبەرامبەر بە بێ هەڵوێستی هەندێ كەسایەت و گرووپگەلێك كە رادەستبوون و تەسلیم بوون بۆ خۆیان بەڕەوا دەبینن و رێگەی خیانەتی دژ بەگەلە زوڵملێكراوەكان دەگرنە بەر، پێویستە ببمە رووناككەرەوەی رێگەیەك كە چاندی خیانەت، بەكرێگیراوێتی و سەرشۆڕی لەبەرامبەر بەدوژمن و تەسلیم بوون قبووڵ نەكات. ژن لەكۆمەڵگە رووبەرووی مەترسی بێ ناسنامەیی و شكستی ئیرادەی خۆڕاگریانەی بووەتەوە. با ئەم چالاكیەی من ببێتە رێگە خۆشكەرێك بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامە و ئیرادە و بەرخۆدان و تێكۆشان بۆ ئازادی و بەرابەری ژنان لەرۆژهەڵاتی كوردستان. بڕیار وەرگرتن بەپێكهێنانی چالاكیەك لەم قۆناخەدا، وەڵامێكی بەهێزە بەگوێرەی پێودانگ و پرەنسیپە بنەڕەتیەكانی شۆڕشگێڕی لەبەرامبەر بە جێبەجێ كردنی سزای لەسێدارەدانی هەڤاڵ عەگید لەلایەن خوێنمژانی رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە. لەسێدارەدانی ئەم هەڤاڵەمان لەبەرزترین لووتكەی بێ ئەخلاقی و وەحشیگەری ئەو رژێمە لەبەرامبەر بەگەلی كورد هەڵدەسەنگێنم…”.
هەڤاڵ رووناهی شۆڕشگێڕی گووتە و كردار بوو
شۆڕشگێڕێتی واتا لەئان و سات دا وەڵامی هەر هێرشێك بدرێتەوە كە دەكرێتە سەر گیان وكیان و نرخ و دەستكەوتەكانی رێكخستن و گەل. ئەگەر شۆڕشگێڕێك توانی لەبەرامبەر بەهێرشەكانی دوژمن، بەبێ ئەوەی كات بەفێڕۆ بدات، وەڵامی پێویست بداتەوە، بەمەرجێك كە وەڵامدانەوەكەی ببێتە هۆی پووچەڵكردنەوەی ئەو هێرشانە، ئەوا دیار دەبێت ئەو شۆڕشگێڕە هەمەلایەنە و بەشێوەیەكی كوانتۆمیك بیردەكاتەوە و ئەگەریش ئەو شۆڕشگێڕە لەپەرچەكردارەكەیدا لەبەرامبەر بە هێرشەكانی دوژمن دوودڵ بوو، یاخود توانای بڕیاردانی نەبوو، ئەوا خوێندنەوەی ئەو شۆڕشگێڕە بەنیسبەت بارودۆخەكە و هێرشەكان و هەڵوێستەكانی دوژمن لاوازە و ناتوانێت دەركێكی وەهای لەهێرشەكانی دوژمن هەبێت، ئەمەش وادەكات كە هێرشەكان چەند قات لەسەر بوون و نەبونی هێزێكی شۆڕشگێڕی كاریگەری خۆیان بەجێ بهێڵن. هەڤاڵ رووناهی كاتێك هەست بەئاستی هێرشە دەڕندەیەكانی رژێمی داگیركەری ئێران لەسەر هەڤاڵانی و رێكخستنەكەی و دەستكەوتەكانی شۆڕش دەکات؛ هاوشێوەی شەهید زیلان، شەهید ڤیان، شەهید زەكیە ئاڵكان و شەهید رەخشان بڕیاری چالاكی گیانبازی لەبەرامبەر بەدوژمن دەدات و بەتاقی تەنیا پەلاماری بنكەیەكی هێزە سەركوتكارەكانی سوپای سەر بە رژێمی ئێران دەدات و زەبری كوشندە و جەرگبڕ دەوەشێنێت، بەو هەڵوێست و بڕیارەی لەبەرامبەر بەهێرشەكانی دوژمن پێشتڕاستی دەكاتەوە كە گەریلای ئاپۆیی و ژنی ئازاد، شۆڕشگێڕێكە كە گووتە و كرداری وەكو یەك وایە و لەبەرزترین ئاستەكاندا بەگیانی پارێزگاری لەنرخەكانی شۆڕش و بزوتنەوەكەی و دەستكەوتەكانی گەلەكەی و لەبەرزترین ئاستدا خاوەندارێتی لەناسنامەی ژنی ئازاد دەكات.
عاشقی ژنانی رۆژهەڵات و ئێران و خەباتی نەتەوەیی بوو
هەڤاڵ رووناهی وەكو گڕكانێك لەئاگر وابوو و لەهەناوی خۆیدا دەكوڵا، وەكو بوركانێكی ئاگرین، بەتین و بەگڕبوو. هەڤاڵێكی تا بڵێی بەدیسپلین و خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بوو. بەهەست و نەستەوە بەشداری ریزەكانی شۆڕشی ئازادی كردبوو و لەریزەكانی رێكخستنی ئاپۆیی دا بە زانابوون دەركی بەناسنامەی ژنی ئازاد كردبوو و لەبەرزترین ئاستەكاندا خاوەندارێتی لێ دەكرد. كەم گووتە، بەڵام دڵ و دەروونی پڕ بەهەست و بەكردار بوو. پراكتیكی هەمیشە و لەهەر سات و كاتدا پێشتر لەگووتەكانی بوو و بەو شێوەیە جێگایەكی مەزنی لەدڵی هەڤاڵانیدا بۆ خۆی كردبوویەوە بەو خۆشەویستیەش لەهەڤاڵانی وەردەگرت نەخشەرێژی ژیانی شۆڕشگێڕانەی دادەڕشت. لەچالاكیە گیانبازیەكەیدا بەباشی مرۆڤ دەتوانێت دەرك بەو راستیە بكات، وەكو بەخۆشی دەڵێت؛ ماوەیەكی درێژە بڕیاری چالاكیەكی وەها گیانبازانەی داوە، بەڵام دەیەوێت گونجاوترین دەرفەت بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی چالاكیەكی مەزن و پڕبەواتا پێكبهێنێت و ئەوەش دەڵێت؛ دەمەوێت بەرێگەی ئەم چالاكیەم ببمە؛ رێگە خۆشكەرێك بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامە و ئیرادە و بەرخۆدان و تێكۆشان بۆ ئازادی و بەرابەری ژنان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و بەچالاكی گیانبازی خۆی دەیسەلمێنێت كە چەندە عاشقی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و خەباتی ئازادیخوازی ژنان لەو بەشەی كوردستان و ئێرانە و بەو هەڵوێست و كاردانەوەیەی لەبەرامبەر بەهێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری ئێران وەكو شۆڕشگێڕێكی ژن، ئەركی شۆڕشگێڕی و پێشەنگایەتی خەباتی ئازادیخوازی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەگرێت. هەڤاڵ رووناهی ژیانی خۆی بەرێكخستن كردبوو، بۆیە توانای رووبەرووبوونەوە و بڕیاردانی وەها چالاكیەك دەدات. یەكێك لەرەهەندە فەلسەفی و پارادیگمایەكانی شۆڕش بەكارهێنانی مافی پاراستنی رەوایە. هەڤاڵ رووناهی بۆ ئەوەی بەهەرنرخێك بووە، پاراستنی دەستكەوتەكانی بزوتنەوەكەی و بەتایبەتی خەباتی ژنان و نەتەوەكەی بكات. بڕیاری چالاكی گیانبازی دەدات. شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبێت بزانن، لەپاشخانی شۆڕشەكەیاندا، شۆڕشگێڕانێكی وەكو شەهید رووناهی زۆرن. دەبێت وا هەست نەكەن كە رژێمی داگیركەری ئێران تەنیا لەبەرامبەر بەویست و داواكاریەكانی ئەوان بەزەبری هێز وەستاوەتەوە؛ بەڵكو ئەو رەفتار و هەڵسوكەوتانەی رژێمی ئێران سەرەتا لەبەرامبەر بە كادیرانی پێشەنگ و لەچیا و گوند و شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پێكهاتووە و هەرچەندە شۆڕش برەو بەخەبات و بەرێكخستن بوونی خۆی لەنێو ریزەكانی گەلدا بدات، لەو ئاستەدا و بگرە زیاتر رژێم پەلاماری شۆڕشگێڕان و لایەنگرانی شۆڕش دەدات. ئەركی سەرەكی شۆڕشیش خاوەنداری كردنە لەشەهیدانی پێشەنگی شۆڕش. نامەكەی هەڤاڵ شەهید رووناهی دەنیز، مانیفستۆی بەهێزی شۆڕشە و شۆڕشگێڕان و لایەنگرانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەتوانن ئەو مانیفستۆیە بكەنە رێنما بۆ بەردەوامی دان بەشۆڕشەكەیان تا سەركەوتن.