شەڕڤان ڕۆڵەیەکی دەڤەری ماکۆیە و لە بنەماڵەی عەلەم هولی بوو؛ ئەو بنەماڵەیەی کە لەگەڵ ناوی شیرین عەلەم هولی (شەهید ڕوناهی)دا ئاوێتە بووە. ژنێکی تێکۆشەر کە هاوشانی هەڤاڵەکانی دیکەی (فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی) ڕووبەڕووی سیستەمی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی بووەوە. ئەو زیندانی کردە سەنگەرێک بۆ تێکۆشان و لەسەر دیوارەکانی زیندان دروشمە شۆڕشگێڕییەکەی نووسی کە تەواوی ئێرانی یەکخست و جیهانی هێنایە خرۆش.
هەڤاڵ شەڕڤان لە بنەماڵەیەکی جووتیار کە لەگەڵ ڕەنج و فیداکاریدا ئاشنا بوون، چاوی بە دنیا هەڵهێنا. ئەو بە یاد و بیرەوەریی بەرخۆدانی زیندانی ئەڤین و وەک وەڵامێک بۆ داگیرکەرانی کوردستان کە هەوڵیان دەدا بە لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی نیشتمان ترس و تۆقاندن بڵاو بکەنەوە، ڕێک دوای دەستبەسەرکردنی شەهید شیرین و لەژێر کاریگەریی بەرخۆدانی ئەو و هاوسەنگەرەکانی لە زینداندا، پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. ئەو لەو سەردەمەدا چیرۆکی بەرخۆدانی زیندانی چەندین جار لە خزمەکانیەوە بیست و بە هەموو بوونیەوە هەستی بە ترس و تۆقانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان کرد.
هەڤاڵ شەڕڤان هەرگیز بە دیدێکی تاکڕەهەند و لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی کە دوژمن بۆ جوگرافیای کوردستانی دەکرد و هەوڵی دەدا بە دروستکردنی سنووربەندی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باشوور و باکووری کوردستاندا مەودا دروست بکات، هەڵسوکەوتی نەکرد. بە شەهیدبوونی شەهید شیرین لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە، زیاتر لە پێشوو ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە لە ناخیدا گەشەی کرد و دوژمن بۆ ئەو هەمان ئەو داگیرکەرانە بوون کە کوردستانیان داگیر کردبوو؛ بۆ ئەو جیاوازیی نەبوو لە باکوور بێت یان لە باشوور. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە لەگەڵ بزووتنەوەکە ئاشنا بوو و هەمیشە بەو هیوایەوە دەژیا کە ڕۆژێک بتوانێت وەک تێکۆشەرێک لە بزووتنەوەی ئاپۆییدا جێ بگرێت و تۆڵەی ئەو ستەمە بکاتەوە کە لە نیشتمانەکەی دەکرا. هەر بەم هۆیەوە لە ساڵی ٢٠١٥ لە ناوچەی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد و یەکەمین خولی پەروەردەی خۆی لە ناوچەی خواکورک تەواو کرد.
هەڤاڵ شەڕڤان خاوەنی کەسایەتییەکی فیداکار و دڵسۆز بوو کە زۆر بە خێرایی توانی لە ڕیزەکانی گەریلا و لەناو هەڤاڵەکانیدا پێگەیەکی تایبەت بۆ خۆی بدۆزێتەوە؛ هەڤاڵێک کە هەمووان متمانەیان پێی هەبوو و هەمیشە پشتوپەنایەک بوو بۆ هەڤاڵەکانی دیکەی. بە بوێری و فیداکارییەوە چالاکیی دەکرد و هێمای پەیامە مێژووییەکەی شەهید زیلان (زەینەب کناجی) بوو: «ئەوەی تێدەکۆشێت جوان دەبێت و ئەوەی جوان بێت خۆشەویست دەبێت»، هەروەها بە کەسایەتی و بوێریی خۆی ببووە کەسێک کە لەناو هەڤاڵەکانیدا خۆشەویست بوو؛ ئەو بەڕاستی هێمای تێکۆشەرێکی بزووتنەوەی ئاپۆیی بوو.
هەڤاڵ شەڕڤان ماکۆ، لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی گەلیی ڕەش لە خواکورک، پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانەوە. یاد و بیرەوەریی شەهید شەڕڤان هەمیشە ڕووناککەرەوەی ئاسۆی خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد و تەواوی هاوسەنگەرەکانی دەبێت.
بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشیی شەهیدبوونی هەڤاڵ شەڕڤان ماکۆ پێش هەموو کەس ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی مستەفەوی و گەلی نیشتمانپەروەری ماکۆ و تەواوی نەتەوەی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: شەرڤان ماکۆ
ناو و پاشناو: محەممەد مستەفەوی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٧_ ماکۆ
ناوی دایک: سەبیلە
ناوی باوک: سلێمان
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠-٠٧-٢٠١٥ / حەکاری





