هەڤاڵ باهۆز نیشتمان

سنە یان، مێژوویەکی پڕ لە بەرگری و شارێکی لێوانلێو لە هونەر و مۆسیقایە؛ ئەم شارە هەمیشە وەک چیای ئاویەر، وەک قەڵایەکی پتەو لە بەرامبەر گۆڕانکاری و زریانی ڕۆژگاردا بە سەربەرزی و خۆڕاگری ڕاوەستاوە. شارێک کە بە بەرگریی ٢٤ ڕۆژەی خۆی لە سەرەتای شۆڕشدا، بوو بە سەرەتایەک بۆ نەریتی بەرگریی شاریی، کە دواتر لە کۆبانێ گەیشتە لووتکەی خۆی. سنە بە هونەر و مۆسیقاکەی، گۆڕا بۆ قەڵایەکی نەبەز لە بەرامبەر لێشاوی هێرشی کولتووریی دەسەڵاتداراندا و توانی بە هونەرەکەی، کاریگەری بخاتە سەر ناوەندیش. لە کەشێکی ئاوای پڕ لە بەرگری و نیشتمانپەروەریدا، ئەو ڕۆڵانەی لە ئامێزی ئاویەردا گەورە بوون، هەرکامەیان بوون بە قەڵایەک بۆ پاراستنی بەهاکانی گەلی کورد. هاوکات بوون بە بەربەستێک لە دژ بە سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتووریی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەند و هێڵێکی سووریان بەسەر بیرکردنەوەی ئێرانشەهریدا کێشا. هەر منداڵێک لەم جوگرافیایەدا گەورە بووبێت، بە بەها کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی گەلەکەی و نەریتی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن پەروەردە بووە. سنە بیرهێنەرەوەی دەسەڵاتی ئەردەڵانە کە زیاتر لە حەوتسەد ساڵ فەرمانڕوایی کرد و بوو بە دارولعلم (مەڵبەندی زانست)؛ ئەو دایکە بوو کە لە ئامێزی خۆیدا، مەستوورەی ئەردەڵانی وەک یەکەمین ژنە مێژوونووسی مێژوو پەروەردە کرد.

هەڤاڵمان باهۆز نیشتمان لە سنە، لە کەشێکی ئاوهادا و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵهێنا؛ ئەو لە نەوەی ئەردەڵان بوو و لە خێزانێکی قەرەباڵغی خاوەن دە منداڵدا گەورە بوو. لە نێو ئەم بنەماڵەیە و لەم شارەدا بنەماکانی نیشتمانپەروەریی فێربوو؛ وەک تێکۆشەرێک بۆ پاراستنی نیشتمان و بەها مرۆییەکانی گەلی کورد پێی نایە مەیدانی خەباتەوە و پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانەوە. هەڤاڵ باهۆز لە هەر لە تەمەنی منداڵی و گەنجییەوە، پەی بەو بەرپرسیارێتییە بردبوو کە لە خێزانێکی قەرەباڵغدا لەسەر شانی بوو، هەر ئەمەش ڕۆحیەتی هەوڵدان، بەشداری و هاوسۆزی لە ناخیدا پەروەردە کردبوو.

هەڤاڵ باهۆز تەنیا هەشت ساڵ لە قوتابخانەکانی ڕژێمی ئێراندا خوێندی، ئەو قوتابخانانەی کە بە ئامانجی بێهێزکردن و بەستنەوەی مێشکی ئازاد دروست کرابوون. ئەو لەم ماوە کورتەدا تێگەیشت کە چۆن سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە ژێر ناوی پەروەردە و فێرکردندا، هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی نەتەوەی کورد دەدات. ئەو بە باشی دەیزانی کە سەپاندنی تێڕوانینی یەکڕەنگکەری فارسی لە قوتابخانەدا و سیاسەتەکانی ناوەند، ئامرازێکن بۆ ناچارکردنی قوتابییان بە ئینکارکردنی ناسنامەی خۆیان؛ ئەوانە شوێنێک بوون بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی نامۆبوون لە خۆیی. لەبەر ئەوە، پاراستنی بەها ڕەسەنەکانی خۆی، زیاتر لە جاران وەک ئەرکێکی سەرشانی خۆی پێناسە کرد.

هەڤاڵ باهۆز دوای وازهێنانی لە خوێندن، بۆ یارمەتیدانی خەرجییەکانی ژیانی بنەماڵەکەی ڕووی لە کاسبکاری کرد و کەسایەتییەکی ڕەنجدەر و ماندوونەناسی لە ناخی خۆیدا دروست کرد. ئەو گەنجێکی ڕاستگۆ و بەهەڵمەت بوو کە گرنگیی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەدا، لەبەر ئەوە لە نێو دەوروبەریدا خۆشەویست و ڕێزلێگیراو بوو.

لەو قۆناغەی کە هێرشە دڕندانەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و کۆبانێ توند ببووەوە، هەڤاڵ باهۆز دەرفەتی بۆ ڕەخسا خەباتی ئازادیی کوردستان لە نزیکەوە بناسێت. هێرشەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی ئێزدی و توندوتیژیی ئەو گرووپانەی کە لەلایەن دوژمنەوە پشتگیری دەکران لەسەر خاکی کوردستان، توڕەییەكی قووڵ و هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخیدا خوڵقاند.

هەڤاڵ باهۆز کە لە بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بە گەلەکەی هۆشیار بوو، ژیانی باوی ئەوکاتەی بە قووڵی خستە ژێر پرسیارەوە؛ ویستی خەباتی ئازادیخوازانە لە نزیکەوە بناسێت و ببێتە بەشێک لێی. لەسەر ئەم بنەمایە، لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووی لە کوێستانەکانی کوردستان کرد و لە ناوچەی هەورامانەوە پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی گەریلاوە.

دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی گەریلا، هەڤاڵ باهۆز یەکەمین خولەکانی پەروەردەی خۆی لە قەندیل تێپەڕاند؛ ئەو بە خێرایی لەگەڵ ژیانی شاخ و ناو دڵی چیاکانی کوردستان ڕاهات و لەگەڵ گەریلادا ئاوێتە بوو. ئەو بە پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازی، گۆڕانکارییەکی گرنگی لە کەسایەتیی خۆیدا دروست کرد و هەوڵی دا فەلسەفەی ئاپۆیی لە ناخی خۆیدا بچەسپێنێت. خولی پەروەردەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا و بڕیاری خۆی دا تا ببێتە تێکۆشەرێکی ئاپۆیی؛ شەرڤانێکی بەئەزموون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دژوارییەک کە خەبات پێویستی پێی بوو.

دوای تەواوبوونی پەروەردەکەی، هەڤاڵ باهۆز بۆ بەرگریکردن لە گەلی ئێزدی لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەکانی چەتەکانی داعش چوو بۆ ناوچەی شەنگال و بە ڕۆحیەتێکی فیداکارانەوە جەنگا. ئەو بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە گەلەکەمان، ئامادە بوو گیانی خۆی فیدا بکات؛ ئەو لە ڕیزی ئەو هەڤاڵانەدا بوو کە پشکیان لە تێکشکاندنی ئەو چەتانەدا هەبوو و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەزاندنی دوژمندا گێڕا. هەڤاڵ باهۆز لە دەستپێکی شەڕی شەنگالدا ئەزموونی زۆر بەنرخی لە بواری سەربازیدا بەدەست هێنا و پاشەکەوتێکی خەباتگێڕانەی دەوڵەمەندی پێکەوە نا؛ بە لەناوبردنی داعش و ڕزگارکردنی شەنگال، ئەرکی شۆڕشگێڕانی خۆی بەجێ گەیاند. ئەو دوای ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزە، جارێکی تر ڕووی کردە شاخە سەربەرزەكانی كوردستان، کە شوێنە پیرۆزەکانی گەریلا بوون.

هەڤاڵ باهۆز لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشداریی لە خولی پەروەردە پسپۆڕییەکانی ئەکادیمیای شەهید ماهیردا کرد و تاکتیکەکانی گەریلای نوێ فێربوو، لەم بوارە و لە هونەری شەڕدا توانایەکی زیاتری لە خۆی نیشان دا. ئەو بە بەشدارییەکی چالاک و بەدیسپلین لە خولی پەروەردەدا، ڕێزی هەموو هەڤاڵەکانی بەدەست هێنا و لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ گەریلایەکی ئاپۆیی بەتوانا. بە پەروەردە ئایدۆلۆژییەکان، فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و نەریتی خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستانی زیاتر لە ناخی خۆیدا جێگیر کرد و ڕۆژ بە ڕۆژ ورەی خۆی بەرزتر دەکردەوە. دوای کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی خولە پسپۆڕییەکە، چوو بۆ ناوچەی هەفتانین و لە ماوەیەکی کورتدا بەرەو ناوچەی زاپ بەڕێ کەوت.

هەڤاڵ باهۆز سەرەڕای بارودۆخی دژواری ژیان لە زاگرۆس، بە خێرایی لەگەڵ ناوچەی زاپ ڕاهات و بە کارکردنێکی سەرکەوتوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بڕیارەکەی خۆی توندتر دەکردەوە. ئەو لەم ناوچانەدا کە شەڕ تێیاندا بە توندترین شێوە بەڕێوە دەچوو، فیداکاری و ئازایەتییەکی وای لە کەسایەتیی خۆیدا ڕەنگ پێدابوو کە خەبات داوای دەکرد، هەروەها لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە هێزە داگیرکەرەکاندا بەشدارییەکی چالاکانەی هەبوو. ئەو بە کەسایەتییەکی ئازا، ڕێک و پێك و نەترس، بوو بە تێکۆشەرێکی نموونەیی لە چەشنی شەڕڤانانی ئاپۆیی کە بۆ کوردستان لە هیچ فیداکارییەک درێغی ناکەن. هەڤاڵ باهۆز بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی گەریلایەتی هەڤاڵەکانی، تواناکانی خۆی لە بواری سەربازیدا بەرز کردەوە و لە بەرەکانی دژواری تێكۆشان و خەباتدا، بوو بە هێمایەکی بەرگری.

هەڤاڵمان باهۆز نیشتمان لە ٢٣ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٠دا، لە هێرشێکی ئاسمانیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا بۆ سەر ناوچەی کونییشکا لە زاپ، گەیشتە کاروانی شەهیدان. ئەو کە هەموو شتێکی خۆی بۆ ئازادی گەلەکەی فیدا کرد و ئیرادەیەکی پۆڵایینی (کۆڵنەدەرانەی) هەبوو، پێی نایە نێو ڕێگەیەکەوە کە شەهیدان بە ڕۆحی خۆیان دروستیان کردبوو، بەم شێوەیەش توانی ڕێڕەوی ئازادیخوازیی خۆی بگەیەنێتە لووتکە.

شەهیدبوونی هەڤاڵ باهۆز لە نێو هەڤاڵەکانیدا شوێنەوارێکی قووڵتری بۆ تۆڵەسەندنەوە خوڵقاند و هاوکات ورەیەکی زیاتری بۆ گەشەپێدانی خەبات بەخشی. یاد و یادەوەریی ئەو هێشتا لە دڵی هەموو ئەو گەریلایانەدا کە لە کوێستانەکانی کوردستاندا بەرگری دەکەن بە زیندوویی ماوەتەوە. بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشیی خۆمان لە پێش هەموو شتێکدا لە بنەماڵەی بەڕێزی ئەو، و پاشان لە خەڵکی نیشتمانپەروەری سنە، گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: باهۆز نیشتمان

ناو و پاشناو: عەبید پێشرەو شیرینی

ناوی دایک: خورشید

ناوی باوک: عەبدولباقی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ٢٢-٠٦-١٩٨٩ _ سنە

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١٠-١٠-٢٠١٤ _ هەورامان

مێژووی شەهیدبوون: ٢٣-٠٣-٢٠٢٣

بابەتی پەیوەندیدار