هەڤاڵ بێکەس

سنە دەبێت بە چیای ئاویەر بناسرێت؛ چیایەک لە تەنیشت شارێک و شارێک لە داوێنی چیایەکدا کە خۆڕاگری و سەربەرزیی بە دانیشتووانەکەی فێر کرد. سنە شارێکی پڕ لە بەرەنگاربوونەوەیە لە دژ بە دوژمن و قەڵایەکی هەمیشەیییە بۆ پاراستنی هونەر، کولتوور و مۆسیقا. کۆڵان بە کۆڵانی ئەم شارە بیرهێنەرەوەی بەرگریی شۆڕشگێڕانەی ئەو تێکۆشەرانەیە کە بە خوێنی خۆیان مێژوویان نووسییەوە؛ بەرگرییەک وەک بەرگریی ناوچەی سووری ئامەد و شاری جزیرە. شارێک کە دایکانی، تەرمی ڕۆڵەکانیان بە دەستی خۆیان لە حەوشەی ماڵەکانیاندا بە خاک دەسپارد، بەڵام ڕێگەیان نەدەدا دوژمن فرمێسکەکانیان ببینێت.

سنە گێڕانەوەی قارەمانێتیی گەلێکە کە تەنیا لە چوارچێوەی خۆیدا نەمایەوە و بۆ پشتیوانیکردن لە تێکۆشەران، ڕێپێوانێکی دوورودرێژی بەرەو مەریوان دەست پێکرد. نەوەیەک کە چرکە بە چرکەی بیرەوەرییەکانی بۆ منداڵەکانی دەگێڕایەوە. شارێک کە بوو بە پێشەنگی خۆپێشاندانەکان لە دژ بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژ بە ڕێبەر ئاپۆ. ئەم شارە یەکجار خرۆشا و زیاتر لە سی و پێنج شەهیدی بەخشی، تا بە جیهان بڵێت ئێوە ناتوانن خۆری ئێمە تاریک بکەن. ئەم چیرۆکانەی کە هەمیشە لەسەر زاری دایکانی کورد دەوترانەوە، ئاواتی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنیان لە مێشکی هەر منداڵێکدا نەخشاندووە. بە کولتوورێکی ئاوا زیندوو و لێوانلێو لە فیداکاری، یادی شەهیدان و میراتی بەرگری، نەوە بۆ نەوە لەسەر زمان و لە دڵی گەلەکەماندا بەردەوام بووە. هەر منداڵێک لەم خاکەدا گەورە بووبێت، بە بیستنی چیرۆکەکانی بەرگری لە زمانی دایکییەوە گۆڕاوە و ژیانی خۆی بەخشیوە بە داخوازی ئازادیی گەلەکەی. ئایا دەکرێت لە شارێکی ئاوادا، شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرانە لە یاد بکرێت کە بە پێوە گیانیان بەخشی؟ یان ئەو خوشکە بەوەفایانە لە بیر بکرێن کە تا پای گیان بۆ تیمارکردنی بریندارەکانی بەرگریی سنە پێشڕەوییان کرد؟ سنە تەنیا شاری بەرگری نەبوو، بەڵکوو شاری هاوپشتیی لەگەڵ خەباتی گەلانی تریش بوو؛ هیچ کاتێک گەلی تێکۆشەری تورکمەن سەحرا ئەوان لە یاد ناکەن، وەک چۆن ئێمەش خۆشەویستی ئەم شارە هەرگیز لە دڵ دەرناکەین. شارێک کە کۆبانێی بە تەنیا جێنەهێشت و لە تەنیشتی وەستا و وەک بەشێک لە جەستەی خۆی پارێزگاریی لێکرد.

هەڤاڵمان بێکەس بێریڤان لە سنە، لە کەشێکی ئاوهادا و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن نەریتی بەرگریدا چاوی بە دنیا هەڵهێنا. ئەو لە منداڵییەوە بەو چیرۆکە قارەمانێتییانەی کە دایکی بۆی دەگێڕایەوە گەورە بوو و لەم ڕێگەیەوە کولتووری بەرگری و داخوازی ئازادیی گەلەکەی لە ناخیدا جێگیر کرد. یادی شەهیدان و ژیانی فیداکارانەی گەریلاکان کە لە زمانی دایکییەوە دەگێڕدرایەوە، بە قووڵی لە مێشکی هەڤاڵ بێکەسدا نەخشابوو. لەبەر ئەوە، لە تەمەنی گەنجییەوە ئاواتی پەیوەستبوونی بە خەباتێکی بەمانا بۆ ئازادیی گەلەکەی لە دڵدا بوو. ڕۆحیەتی نیشتمانپەروەری بنەماڵەکەی و گێڕانەوەکانی دایکی کە کولتووری بەرگرییان دەگواستەوە، لە کەسایەتیی ئەودا باوەڕێکی ڕەگداکوتاوی بۆ ئازادی خوڵقاند.

هەڤاڵ بێکەس تەنیا دوازدە ساڵ خوێندی و لەم ماوەیەدا لە نزیکەوە لەگەڵ هەوڵەکانی ڕژێم بۆ تێپەڕاندنی گەلی کورد لە خولی ئینکارکردن و تواندنەوەی کولتووریدا (ئاسیمیلاسیۆن) ئاشنا بوو. لەبەر ئەوە، زیاتر لە جاران پارێزگاریی لە بەها ڕەسەنەکانی خۆی کرد. ئەو لە ماوەی خوێندنیدا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی کاری دەکرد و کەسایەتییەکی ڕەنجدەر و فیداکاری هەبوو. هەڤاڵ بێکەس وەک گەنجێکی کورد، هەرگیز ئەو ڕۆڵ و سنووردارانەی کە لەلایەن ڕژێمەوە سەپێندرابوون قبووڵ نەکرد و بەم باوەڕەی کە ئازادیی ڕاستەقینە دەبێت کۆمەڵایەتی بێت، گەڕان و بەدواداچوونەکانی خۆی قووڵتر کردەوە.

هێرشە دڕندانەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا، هەڤاڵ بێکەسی خستە ناو بیرکردنەوە و پرسیارکردنێکی قووڵەوە. هێرشەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی ئێزیدی و توندوتیژیی چەتەکانی سەر بە دوژمن لە نیشتمانەکەمان کوردستاندا، تووڕەییەکی قووڵ و هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخیدا خوڵقاند. ئەو کە لە بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بە گەلی خۆی هۆشیار بوو، هەوڵی دا پەیوەست بێت بە ڕیزەکانی گەریلاوە. بەڵام بەهۆی هەندێک ڕووداوەوە، هەوڵەکانی نەگەیشتنە ئەنجام و نەیتوانی پەیوەست بێت. ئەم سەرنەکەوتنە نەک تەنیا ئیرادەی ئەویشی تێکنەشکاند، بەڵکوو پەرۆشیی ئەوی بۆ چوونە ڕیزی گەریلا زیاتر کرد. هەڤاڵمان بە سەبر و هێمنی لە چاوەڕوانی دەرفەتدا مایەوە و سەرەنجام لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە ناوچەی قەندیل پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی گەریلاوە و گەیشتە ئاواتی لەمێژینەی خۆی کە وەستان لە ڕیزی تێکۆشەران بوو لە ناو دڵی کوێستانەکانی کوردستاندا.

هەڤاڵ بێکەس دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی گەریلاوە، بە قووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی شێوازی ژیانی بەکۆمەڵ و پەیوەندییە هەڤاڵێتیەکانی گەریلا و کولتووری ژیانی ئازاد فێربوو؛ بە پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و لەشكەری، گۆڕانکارییەکی گرنگی لە کەسایەتیی خۆیدا دروست کرد و هەوڵی دا فەلسەفەی ئاپۆیی لە کردەوەدا ڕەنگ پێبداتەوە. دوای کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی خولی پەروەردە، پەیوەست بوو بە چالاکییەکانی بەشی گەنجانەوە و لە ئەکادیمیای شەهید عەلی چیچەک پەروەردە کرا. ئەو سێ ساڵ لەم چالاکییانەدا بەشدار بوو، لە بەشی گەنجاندا لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە قووڵ بووەوە و هێڵی خەباتی ئاپۆیی قبووڵ کرد. لەم ماوەیەدا، بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان و ڕێپیشاندانیان بۆ پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی خەباتەوە هەوڵێکی زۆری دا و لەم پێناوەدا فیداکاریی کرد.

هەڤاڵ بێکەس پاشان لە چالاکییەکانی ناوچەی گارەدا بەشداریی کرد. ئامانجی ئەوە بوو کە لە ڕووی سەربازی و ئایدۆلۆژییەوە بەتواناتر بێت. ئەو لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ئەکادیمیای شەهید ئیبراهیم پەروەردەی بینی، بە بەشداربوون لە پەروەردە سەربازییەکاندا، دەیویست ببێتە گەریلایەکی پسپۆڕ. هەڤاڵمان لە بەکارهێنانی تاکتیکەکانی گەریلای نوێ دژ بە هێزە داگیرکەرەکان کە هێرشیان دەکردە سەر گەل و گەریلاکان، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و بۆ بەدەستهێنانی هەر توانایەک کە خەبات پێویستی پێی بوو هەوڵی دەدا. بەشداریی پەرۆشانە و بەدیسپلینی ئەو لە خولی پەروەردەدا، ڕێزی هەموو هەڤاڵەکانی ڕاکێشا.

هەڤاڵ بێکەس دوای تەواوکردنی پەروەردەی پسپۆڕی لە ئەکادیمیای شەهید ماهیر لە ساڵی ٢٠٢١دا، چوو بۆ ناوچەی مەتینا. ئەو لەم ناوچەیەدا کە شەڕ تێیدا بە توندترین شێوە بەڕێوە دەچوو، لە بەرگریی دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی دوژمندا بەشدارییەکی چالاکانەی هەبوو. هەڤاڵمان لە بەرگریی قارەمانانەی ناوچەی زەندۆرا کاریگەریی وەرگرت و دەیویست تۆڵەی هەڤاڵەکانی کە ببوونە هاوسەفەری کاروانی شەهیدان بکاتەوە و وەڵامێکی توند بە هێرشەکانی دوژمن بداتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، خەباتەکەی بە ڕۆحیەتێکی فیداکارانەوە درێژە پێدا و بە بەشداربوون لە چەندین ئۆپراسیۆندا، ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرنەکەوتنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دوژمندا گێڕا. بە شێوازی ژیانی سادە و هەڤاڵێتی دڵسۆزانە و بێڕیای خۆی، لە دڵی هەموو هەڤاڵەکانیدا جێگەی خۆی کردەوە. بە کەسایەتیی بوێر، ڕاستگۆ و خۆبەخش، بوو بە گەریلایەكی ئاپۆییی نموونەیی.

هەڤاڵمان بێکەس بێریڤان لە ٢ی ڕەشەمێی (فێبریوەری) ساڵی ٢٠٢٢دا، لە گردی ئۆرتێ لە ناوچەی مەتینا گەیشتە کاروانی شەهیدان. ئەو هەموو شتێکی خۆی بۆ ئازادیی گەلەکەی فیدا کرد و تا چرکەی شەهیدبوونی، بە بڕیارێکی پتەو بۆ هەنگاونان لەو ڕێگەیەی کە شەهیدان کردبوویانەوە، توانی تێکۆشەرێکی نموونەیی بێت. یاد و یادەوەریی هەڤاڵ بێکەس و خەباتی ئەو هێشتا لە دڵی هەڤاڵە هاوسەنگەرەکانیدا لە کوێستانەکانی بەرگریدا بە زیندوویی ماوەتەوە و هاندەری خەباتە لە دژ بە داگیرکەرانی کوردستان. بەم بۆنەیەوە، شەهیدبوونی هەڤاڵ بێکەس لە پێش هەموو شتێکدا لە بنەماڵەی بەڕێزی ئەو و پاشان لە خەڵکی نیشتمانپەروەری سنە، گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازان سەرەخۆشی دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: بێکەس بێریڤان

ناو و پاشناو: ئارمین سەعید ڕاد

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩١ _ سنە

ناوی دایک: سوسەن

ناوی باوک: مەعروف

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٥ _ قەندیل

مێژووی شەهیدبوون: ٢٢-٠٢-٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار