هەڤاڵ وڵات شەپۆل«زەکەریا ڕەسووڵی»

زەکەریا ڕەسووڵی، ناسراو بە «وڵات شەپۆل»، ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری سەردەشت لەدایک بووە. ئەو لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی ئاشنا بوو. لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن باوەڕ بە نرخ و بەها نەتەوەییەکانی گەلی کورددا گەورە بوو.

سەردەشت، بە دارستان و سروشتی جوان و مێژوویەکی کۆنەوە ناسراوە. هەندێک لە مێژوونووسان و خەڵکی ناوچەکە باوەڕیان وایە کە سەردەشت شوێنی لەدایکبوونی زەردەشت، پێغەمبەری ئایینی زەردەشتییە. هەروەها ئەم شارە لە مێژووی شۆڕشی نوێی گەلی کورددا پێگە و ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە؛ چونکە دوای کۆماری مەهاباد، بووە بە مەکۆی مانەوە و تێکۆشانی یەکەمین شۆڕشگێڕان. ئەوانە بە پێشەنگایەتیی شەهیدان سلێمان مۆعینی، مەلا ئاوارە، سمایلی شەریفزادە و مینە شەم، بڵێسەی شۆڕش و خەباتیان جارێکی دیکە لە دڵی گەلی کورددا زیندوو کردەوە. بەڵام دەستی خیانەت و دەسەڵاتی بنەماڵەگەری ڕێگرییان لە گەیشتنی ئەو شۆڕشە بە ئامانجەکانی کرد.

هەروەها، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، دارستانەکانی سەردەشت، بە تایبەتی ناوچەی ئالان، بوونە بە ناوەندێکی سەرەکیی سەرکردایەتی و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و پێشوازییان لە زۆرێک لە شۆڕشگێڕان کرد کە دژی داگیرکاری و دەسەڵاتی ڕژیمی سێدارە خەباتیان دەکرد.

شەهید وڵات شەپۆل هاوڕێ و هاوسەنگەری شەهید شۆڕش شەپۆل بوو. بە ناو و ناسنامەی خۆی و بە تێکۆشانێکی پڕ لە هەست و ورە، بوو بە هۆی بەهێزبوونی هێز و ورەی هەڤاڵانی هاوسەنگەری. ئەو ماوەیەکی کەم لە قوتابخانەکانی ڕژیمی داگیرکەر خوێندی، بەڵام زۆر زوو تێگەیشت کە نیشتمان چۆن لە ژێر پێی داگیرکەراندا پێشێل دەکرێت. ئەم تێگەیشتنە بووە هۆی ئەوەی ڕێگای خەباتی ئازادیخوازی هەڵبژێرێت.

دوای شەڕی قەندیل، خەڵکی سەردەشت بە باوەڕێکی پتەوترەوە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە تەڤگەری ئاپۆیی، بە پێشەنگایەتیی پارتی کارکەرانی کوردستان، هێزێکی نەبەزە لە بەرامبەر داگیرکاریدا. بوونی گەریلا لەو ناوچەیە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥؛ بەڵام دوای شەڕی قەندیل، خەڵکی سەردەشت بە شێوەیەکی بەرفراوانتر باوەشیان بۆ گەریلا کردەوە و بوونی گەریلا لەو ناوچەیە شێوەیەکی فەرمی و بەردەوامتری بەخۆوە گرت. ئەم دۆخەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جەوانانی ئازادیخوازی ناوچەکە هەبوو. هەڤاڵ وڵاتیش لە ژێر کاریگەریی ئەم هەلومەرجەدا، ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد.

دوای تەواوکردنی پەروەردەی شەڕڤانی نوێ، بە شێوەیەکی فەرمی چووە ناو بوارەکانی کار و چالاکییەوە. ڕووداوەکانی ساڵانی دواتر، بە تایبەتی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، وایان لێکرد باشتر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبسەنگێنێت. لەو پێناوەدا، پێگە و ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی سەردەمدا زیاتر لە ناخی ئەودا جێگیر بوو و هەموو هێز و توانای خۆی بۆ قووڵبوونەوە لە هزر و فەلسەفەی تەڤگەری ئاپۆیی تەرخان کرد؛ بۆ ئەوەی ببێتە تێکۆشەرێکی ڕاستەقینە لە پێناو ئازادیی گەلی کورد و کوردستاندا.

شەهید وڵات باوەڕی بەوە هەبوو کە چارەنووسی ئازادیی کوردستان لە هەر چوار بەشدا بە یەکترەوە گرێدراوە. لەبەر ئەوەش ڕووی کردە ڕیزەکانی گەریلا و خەباتی خۆی درێژە پێدا. ئەو، وەک هەر جەوانێکی کوردی ئازادیخواز، پاراستنی گەل و نیشتمانی بە بنەمای خەباتی خۆی دەزانی و بەردەوام هەوڵی دەدا لە هەموو بوارەکاندا خۆی زیاتر پەروەردە بکات. هەڤاڵ وڵات بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆی توانی جێگە و پێگەیەکی تایبەت لە دڵی هەڤاڵاندا بکاتەوە. ئەو ژیانی کۆمیناڵ و هاوبەشیی بە بنەمای ژیانی خۆی گرتبوو و درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دەدا.

یاد و بیرەوەریی شەهید وڵات شەپۆل هەمیشە سەرچاوەی هێز و ورەی هەڤاڵان و هەڵگیرسانەوەی هێزی تۆڵەیە. لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ درێژەدان بە ڕێگای ئەو، پەیمانی خۆمان بۆ بەردەوامبوون لە خەبات لە پێناو ئازادیی کوردستاندا دووپات دەکەینەوە.

لەم یادی شەهید زەکەریا ڕەسووڵی، ناسراو بە «وڵات شەپۆل»،دا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ڕەسووڵی، هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری سەردەشت، گەلی وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕی کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: وڵات شەپۆل

ناو و پاشناو: زەکەریا ڕەسوولی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ٨ی ئەپریلی ٢٠٠٢، سەردەشت

ناوی دایک: ئێران حەسەن‌پوور ئەقدەم

ناوی باوک: ئەبوبەکر

مێژوو و شوێنی بەشداربوون : ٢٠ی ئۆگۆستی ٢٠١٩، مەریوان

بابەتی پەیوەندیدار