بەیاننامەی مەجلیسی پژاک
دوای ئیمزاکردنی لێکگەیشتننامە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا، ڕژێم کە ئێستا بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسدارانەوە، هەوڵ دەدات ڕاگرتنی شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ توندکردنەوەی هێرشە سەرکوتکارییەکانی دژی خەڵکی ئێران (لە ڕێگای سێدارەدان، زیندانیکردن و دەستگیرکردنی بەربڵاو) و بەتایبەت دژی گەلی تێکۆشەری کورد بەکار بهێنێت. بەربڵاوی و ئاستی ئەو توندوتیژییەی کە هێزە سەرکوتکارەکان بەکاری دەهێنن، سەردەمی تۆقاندن و کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی شەستی هەتاوی لە بیرەوەرییەکاندا زیندوو دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، شەڕی درێژخایەنی ڕژێمی دەسەڵاتدار دژی کۆمەڵگاکانی ئێران، چووەتە قۆناغێکی زۆر توندتر و خوێناویترەوە. ڕژێم لە هەوڵدایە لە ڕێگای کۆمەڵکوژی، سێدارە و تۆقاندنەوە حکومەتی نیزامیی تیرۆر بسەپێنێت و ئیرادەی گەلانی ئێران بە تەواوی تێکبشکێنێت و هەموو داینامیسمەکانی بەرخۆدان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان دا لەناو ببات. بێگومان ترسی سەرەکیی ڕژێم لە کۆمەڵگاکانی ئێران و ئیرادەی ئەوانە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دژی گەل شەڕێکی هەمەلایەنەی ڕاگەیاندووە. لەم نێوەندەشدا، ئەم ڕژێمە لە هێزی تێکۆشان و پوتانسییەلی ئازادیخوازیی کۆمەڵگای کوردستان ئاگادارە و بۆیە هێرشە دڕندانە و سیستماتیکەکانی خۆی ئاراستەی گەلەکەمان لە کوردستان کردووە.
گرژبوونەوە و پەرەدان بە ئەم گوشارانە، نیشاندەری سەرلێشێواوی و ترسی قووڵی کۆماری ئیسلامییە لە هێزی لە بن نەهاتوویی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە کۆمەڵگای ئێمەدا و ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد بۆ تێپەڕین لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییە. ئەم هەنگاوانە، پڕۆژەیەکی تەواو شەڕئەنگێزانەیە دژی گەلانی ئێران، بەتایبەت گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێمە.
ڕەنگدانەوە بەرچاوەکانی ئەم سیاستە شەڕخوازانەیە لە مانگەکانی ڕابردوودا، جیا لە شەپۆلی بەربڵاوی دەستگیرکردن و سێدارەدانە بەکۆمەڵەکان، بریتین لە: هێرشکردنە سەر هەڤاڵانی ئێمە لە مەریوان، هەڵکوتانە سەر هەڤاڵانی ئێمە لە بانە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ (درۆنی ئینتحاری)، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە چەکی قورس دژی هەڤاڵانی ئێمە لە مەهاباد کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٤ کەس لە هەڤاڵانی گەریلای ئێمە، کەمیندانان و پیلانگێڕی دژی هەڤاڵانمان لە سەردەشت، هەڵکوتانە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار و شەهید کردنی 6 پێشمەرگە، بەقەتڵگەیاندنی گەنجی کورد، “سیاوەش ئەلەک” لە مەهاباد لەلایەن بەکرێگیراوانی حکومەتەوە.
هەموو ئەم حاڵەتانە نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی شمشێری بۆ توندکردنەوەی سەرکوت، خنکاندن و میلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری کوردستان لە کاڵان کێشاوە. لە دۆخێکی وەهادا بە پێویستی دەزانین کە ڕای گشتی لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی پارتەکەمان لەم قۆناغەدا ئاگادار بکەینەوە:
1. ئێمە لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوادا و بە دروشمی “بەرخودان ژیانە”، لە بەردەم هەر چەشنە هەڵکوتان و هێرشێکی سەرکوتکارانە و کۆمەڵکوژانەدا دەوەستینەوە و بەرگری لە خۆمان و گەلەکەمان بە مافێکی زاتی و حاشاهەڵنەگر دەزانین.
2. بەمەبەستی لەقاودان و ئاشکراکردنی بێبنەمابوونی بانگەشەکانی ڕژێم سەبارەت بە گرێدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان بە دەوڵەتانی دەرەکی و لەقاودانی بەڵگە بێبنەماکانی کۆماری ئیسلامی، ڕایدەگەیەنین کە تێکۆشانی پارتەکەمان سەربەخۆیی فکری و کرداری وەک پێوەری بنەڕەتیی خۆی پابەند بووە و دەبێت.
3. هێزەکانی گەریلای پارتەکەمان لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لە پێگەی بەرگریی ڕەوادا بوون نەک لە پێگەی هێرشدا. ڕایدەگەیەنین کە وێڕای پاراستنی مافی بەرگری لە خۆ، ئەم دۆخە دەپارێزین و لایەنگری پەرەسەندنی شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا نین؛ چونکە پێمانوایە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە بە بیانووی شەڕ، پاساوی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکانی خۆی بکات.
4. ئێمە هێرشەکانی ڕژێم دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی خۆمان بە توندی سەرکۆنە دەکەین و ئەم کردەوانە بە نموونەی ئاشکرای تیرۆریزمی دەوڵەتی دەزانین. بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە مەهاباد و هەموووڵاتپارێزان دەکەین و پابەندبوونی خۆمان بە ڕێڕەوی ڕێبازی ئامانجە باڵاکانی شەهیدانمان دەردەبڕین، هەروەها هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکانی حیزبی دیموکرات و هاوسەنگەرانیان دەکەین.
5. کۆماری ئیسلامی لە پێناو سەرکوتکردنی کۆمەڵگادا، دەستی خاینان و بەکرێگیراوانی خۆی بۆ ئازار، سووکایەتی و کۆمەڵکوژیی گەلەکەمان ئاوەڵە کردووە. ئەم کردەوانە بەشێکن لە سیاسەتی تۆقاندنی ڕژێم و وێنەی ڕاستەقینەی تیرۆریزمن. کوشتنی سیاوەش ئەلەک، گەنجی بێتاوانی مەهابادی، کردەوەیەکی تیرۆریستی و بەشێکە لەو توندوتیژییە سیستماتیکەی دەوڵەت دژی کۆمەڵگای ئێمە. ئێمە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو و خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد و کوردستان، ئەم هێرشە دڕندانەیە بە ئاراستەی بوونی خۆمان و گەلەکەمان دەزانین و خاوەندارێتیی تەواوی خۆمان لەو گەنجە گیانبەختکردووە و خەڵکی مەهاباد ڕادەگەیەنین. گەلی نیشتمانپەروەر و وشیاری ئێمە لە بەردەم ئەم هێرشانەدا هەڵوێستی دەبێ و بێزاریی خۆی لە سیاسەتەکانی ڕژێم و کردەوەکانی بەکرێگیراوان و خاینان نیشان دەدات. بێگومان هیچ کام لەم کردەوە لێوانلێو لە توندوتیژییانە، گەلی ئێمە تەسلیم ناکات و بێ ئاسۆیان ناکا؛ بەڵکو گەلی هۆشیاری ئێمە لە بەردەم ئەم گوشارانەدا، خۆی ڕێکخراوتر دەکات و بۆ بەرخۆدانێکی بەهێزتر وەگەڕ دەخات. ڕوون و ئاشکرایە کە بە بەرخودانی ئێمە وەک ڕۆڵەکانی ئەو گەلە تێکۆشەرەو بە ڕێکخستن، هۆشیاری و یەکگرتوویی، تەواوی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری پووچەڵ دەکەینەوە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
12ی پوشپەڕی 1405 هەتاوی
3ی ژوئییەی 2026