زمانی کوردی لە رەوتی تێکۆشانی گەلەکەماندا بۆتە زمانی دەربڕینی ڕاستەقینەی ئازادی و دیموکراسی

١٥ـی گوڵان، ڕۆژی زمانی کوردی، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن لە کەلتووری دێرین و ڕەسەنی گەلی کورد، کە بەشێکی گرنگ و بەنرخە لە فرەچەشنیی کەلتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ڕۆژە لە سەرجەم ئازادیخوازان، وڵاتپارێزان و پارێزەرانی شوناس و شکۆی گەلی کورد پیرۆز دەکەین.

زمانی کوردی، وەکوو یەکێک لە دێرینترین و دەوڵەمەندترین زمانە زیندووەکانی جیهان، ئامرازێکی گرنگ و سرووشتییە بۆ دەربڕینی بەهاکانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک و مرۆیی. ڕێزلێنان لە زمانی کوردی و هەوڵدان بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی لە هەر چوار بەشی کوردستان، لە بەرامبەر سیاسەتە قڕکارییە کەلتوورییەکانی سیستەمە دەسەڵاتدارەکان، نەک هەر ئەرکێکی کەلتوورییە، بەڵکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە.

زیاتر لە یەک سەدەیە گەلی کورد دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن، تواندنەوە و قڕکردنی کەلتووری بەرخۆدانی کردووە و لەم چوارچێوە پڕ لە بەرزی و نشێوەدا زۆر شەهیدی بەخشیوە. بۆیە لە کەسایەتی ئەواندا سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و زمانی کوردی بەرز ڕادەگرین.

گەلی کورد سەرەڕای تێگەیشتنێکی قووڵ لە گرنگی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی، قوربانیی ماددی و ڕۆحی قورسی داوە. ئەم گەلە کۆنە بە پشتبەستن بە ئیرادەی هەرەوەزی و فیداکاری بێوێنەی، سەردەمی قڕکردنی کەلتووری تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی گەیشتن بە ئازادییەکی تەواوەتییە. زمانی کوردی، وەک بونیادێکی بنەڕەتی شوناسی کەلتووریی، بەشێکە لە میراتی مرۆڤ و دەوڵەمەندی جیهانی زمان و کەلتوورەکان. بەهێزکردن و پەرەپێدانی زمانمان نەک هەر مانای پاراستنی شوناسی گەلی کوردە، بەڵکو هەنگاوێکی کاریگەرە بەرەو بەهێزکردن و گەشەکردنی کەلتووری، دیموکراسی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ لە هەرێمەکەدا.

زمانی کوردی زمانی دەربڕینی ڕەوایەتی کەلتووری هەزاران ساڵەی گەلانی زاگرۆس و هاوکات لانکەی کەلتووری مرۆڤایەتییە لە ناوچەکەدا. هەروەها لە رەوتی تێکۆشانی گەلەکەماندا بۆتە زمانی دەربڕینی ڕاستەقینەی ئازادی و دیموکراسی. زیانگەیاندن بەم زمان و کەلتوورە زیانێکی قەرەبوو نەکراو بە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زمانی کوردی وەک زمانی تێکۆشانی ئازادی، گەشەکردنی عەقڵیەتێکی دیموکراتیک و درووشمی پڕ واتای “ژن، ژیان، ئازادی” لێهاتووە و لەم چوارچێوەدا دەستکەوتی گرنگی بەدیهێناوە. ئێستا کە ئێران ڕووبەڕووی قۆناغێکی مێژوویی گۆڕانکاری بووەتەوە، پێویستە لە ڕێگەی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتییەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتداری سەرکوتکار و پڕۆسەی قڕکاری کەلتووری بهێنرێت و لە شوێنیدا پێکهاتەیەکی دیموکراتیک کە ڕێز لە هەموو نەتەوە و زمانەکان بگرێت، دابمەزرێت. جیا لەوە هیچ بژاردەیەکی سەربازیی ناتوانێ وەک جاران کەلتوور و زمانی کوردی ڕووبەڕووی لەناوچوون بکاتەوە، چونکەگەلەکەمان بۆ پاراستنی زمانی کوردی یەکلایەنە درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات.

بۆیە گەشەدان و پەرەدان بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی ئەرکی هەموولایەکە، دەبێت هەموو ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەک بۆ فێرکردن و بەهێزکردنی زمانی کوردی. لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی لە هەموو چالاکوانانی مەدەنی، ڕۆشنبیران، مامۆستایان، گەنجان، ژنان و  توێژە هۆشیارەکانی کۆمەڵگا دەکەین بۆ ڕێکخستنی خۆبەخۆ و دیموکراتیکی خۆیان، لە هەموو بوارە گرنگەکان بۆ پاراستن، بەهێزکردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی پەرە بە تێکۆشانیان بدەن. دووپاتی دەکەینەوە کە هەر وشەیەک، هەر نووسراوێک، هەر بەشێکی زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە لەلایەن ئێمەوە وەک چالاکییەک، تێکۆشان و هەڵمەتێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی زمانی کوردی، هاوکات پشتیوانی لە هەڵمەتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دانپێدان بە زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە و کاروباری فەرمی دەکات و داوا لە گەلی کورد دەکات کە بە هەموو شێوەیەک لە نێو ژیان و کاروباری ڕۆژانە بە شێوەیەکی زانستییانە فێری زمان و زاراوەی خۆیان بن و بە هەستیارییەوە نزیک ببنەوە. هاوکات داوا لە گەلەکەمان دەکەین لەم کاتە هەستیارەدا چالاکانە بەشداری تێکۆشانەکانی ئازادی و دیموکراسی بن. لەبەر ئەوەی تەنها بە ئیرادەی بەکۆمەڵ و خودئاگایی گەلەکەمان، دەتوانین هەموو ڕۆژێک بکەینە ڕۆژی گەشەکردن و بەهێزکردنی زمانی کوردی.

بابەتی پەیوەندیدار