“بۆ ڕای گشتی، وڵاتان، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!
ڕژێمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی، سەربازیی و ستراتیژییە ئایدۆلۆژییەکانی، جارێکی دیکە پەرەی بە هێرشە مووشهکی و درۆنییەکانی بۆ سەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان داوە. ئەم هێرشانە نیشانەی دەستەوەستانی و لاوازیی ڕژێمە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە سێ خاڵدا بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی ئێستا ڕادەگەیەنێت:
١- هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێداگریی دەکاتەوە ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە، شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ جیهان نییە؛ بگرە ئەوە ڕژێمی دیکتاتۆر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییە کە تەواوی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە. ئەو شەڕەی ئێستا هەڵگیرساوە، ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازی، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و پاڵپشتیی تیرۆریزمە؛ سیاسەتێک کە دواجار هەم ئێرانی تووشی داڕمانی ئابووری کرد و هەم کۆماری ئیسلامییشی بەرەو لێواری ڕووخان بردووە.
٢- ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەم قۆناغەی شەڕەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی خاکی عێراقی بەزاندووە و هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج. لەم نێوەدا، زیاتر لە ١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم دەستدرێژییەدا، تا ئێستا ٢١ کەس شەهید بوون؛ کە ١٠ کەسیان تێکۆشەران و پەنابەرانی ئەندامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانن. وێڕای ئیدانەکردنەوەی ئەم تاوانانە، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنین و بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەکان، کامپە سیاسییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بە پێشێلکردنی “ڕێککەوتننامەی جێنف” و تاوانێکی جەنگی دەزانین. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە وڵاتان، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان هەبێت.
٣- داوا لە سەرجەم هاونیشتمانییەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەکەین، بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە بەرپرسیارێتیی نیشتیمانییەوە، لەسەر شەقام و لە بەردەم باڵوێزخانەکان و ناوەندەکانی بڕیاردا دەنگی خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەکەمان بن. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێشوازی لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، حزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هۆگران و لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری بۆ پاڵپشتی لە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەقاودانی تاوانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕایدەگەیەنین ئەم هێرش و قوربانییانە، نەک هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵکو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕووخانی ئەم ڕژێمە و ڕزگاریی کوردستان پۆڵایینتر دەکات.”
٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٦
٣ی گوڵانی ١٤٠٥