ئاگادارییەکی بەپەلە و بانگەوازی هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پەنابەران و حیزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین
ڕوو لە:
سکرتێری گشتی و شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان!
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان!
حکوومەتی ناوەندیی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ!
لە ماوەی ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی تاوانە سیستماتیکەکانی خۆیدا، دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەیەکی زەق پێشێل کردووە. ئەم ڕێژیمە بە زنجیرە هێرشی بەردەوام و دڕندانەی مووشەکی و درۆنی، کەمپی پەنابەران و بنکەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بە بەردەوامی کردووەتە ئامانج. ئەم دەستدرێژی و سنووربەزاندن و هێرشە مووشەکییانە لە کاتێکدا دەکرێن کە حیزبە سیاسییە کوردەکانی ئێران ساڵانێکە چالاکییەکانی خۆیان لەسەر خەباتی سیاسی چڕ کردووەتەوە و هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی بۆ سەر ناوچەکە نەبوون و نین. بۆیە ئەم هێرشە بەردەوامانە، تەنیا بیانوویەکن بۆ دووبارەکردنەوەی سووڕی توندوتیژی و سەرکوت و دروستکردنی ترس و تۆقاندن.
ئەم کردەوە دەستدرێژکارانەیە، ژیانی سەدان کەسی سڤیل لەوانە ژمارەیەکی زۆر منداڵی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیدی کردووەتەوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونەوەی دووبارەی خێزانە مەدەنی و بێبەرگرییەکان لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا.
ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەکەین:
١. بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی کاریگەریی خۆیان، فشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و گەرەنتی کردنی ئەمنییەتی پەنابەران زیاد بکەن.
٢. بۆ پاراستنی ژیانی خێزانەکان و خەڵکی سڤیل لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا، ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر، ئەویش بە تەیارکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەران بە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی.
٣.تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ئەم تاوانانە و دەستنیشانکردنی ئەو زیانانەی بەر پەنابەران کەوتوون بەڕێی ناوچەکە بکرێت.
ئێمە داوا لە حکوومەتی عێراق وەک وڵات و حکوومەتی میواندار دەکەین:
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری ڕاستەوخۆیە لە پاراستنی ژیانی پەنابەران و چالاکانی سیاسیی کورد لەسەر خاکی خۆی. حکوومەتی عێراق دەبێ لە بەیاننامە ڕواڵەتییەکان زیاتر هەنگاو بنێت و ئەمنییەتی گیانیی ئەم کەسانە گەرەنتی بکات و بە شێلگیری و لێبڕاوییەوە لە هەمبەر پێشێلکردنی سەروەرییەکەی لەلایەن ئێرانەوە بوەستێتەوە و لە ئاستە باڵا نێودەوڵەتییەکاندا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتەکە بۆ بکات.
کاتی هەنگاونان هەر ئێستایە. بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە، گڵۆپی سەوزە بۆ بەردەوامیی تیرۆریزمی دەوڵەتی.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٠ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی)