بانگەوازی مەجلیسی پژاک بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە بە مەیدانی شەڕێکی دژوار کە  دەرەنجامی سیاسەتە چەوت و دزێوەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە لە لایەکەوە، ماوەی ٤٧ ساڵە مافی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی لە گەلانی نێوخۆی ئێران زەوت کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە سەرچاوەی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی جیهان. لە ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا، ئەمڕۆ شەڕێک بەرۆکی حکومەتی ئێرانی گرتووە، کە  لە سەرژیان و هەروەها چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکان پێدەچێت کە ئەو شەڕە مەودایەکی درێژتر بخایەنێت هەربۆیەش نرخاندنی کاریگەریەکانی شەڕ و بەپێی ئەوەش ئامادەکاری چڕوپڕ پێویستە.دۆخێک لە ئارادیە کە هەڵگری کۆمەڵێک هەڕەشەی جیدی و لەهەمان کاتیشدا، دەرفەتی مێژووییە. لەو باوەڕەداین بە خۆ بەرپرسیار دیتن و پێکهێنانی ئەرکەکانمان دەتوانین دەرفەتەکان بقۆزینەوە، هەڕشەکان پووچەڵ بکەینەوە و هەروەها کاریگەری شەڕ لە سەر ژیانی کۆمەلگەکەمان کەمتر بکەینەوە.  بۆ ئەمەش ئەم خاڵانە دیار دەکەین:

یەکەم: داوا لە سەرجەم گەلی خۆڕاگرمان دەکەین ، ڕۆحی یەکڕێزی و تەبایی بکەنە هەوێنی هێز بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و هەنگاونان بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی. پێویستە بە چاوێکی کراوە و وشیارییەکی سیاسیی قووڵەوە هەنگاو بنێین، تا بتوانین بە کەمترین تێچوو، گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەین. یەکگرتنی پتەوی کۆمەڵایەتی، بەهانای یەکترەوە چوون و ڕوحی هەرەوەزی و دەستەوایی کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگی کۆمەڵگای ڕەسەن و ئەخلاقی کوردە ڕەمزی خۆپاراستن و سەرکەتنمان دەبێت لەو قۆناخەدا. لە هەموو گووند و گەڕەکەکانی شارەکان دا بە ساز کردنی کۆمیتەکانی ڕێوەبەری خۆجێی، دابەشکردنی ئەرک لە ناو هاونیشتیمان دا و ڕێکخستنی کۆمیتەگەلێک بۆ باتەکانی پاراستن، تەندرووستی وخزمەتگوزاری وهەروەها لۆجیستیک کۆمەلگەی خۆمان لە بەرانبەر هەڕەشەکان و هەروەها کاریگەری شەڕ بپارێزین. کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات لە هیندێک شوێن گەلەکەمان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەبوون بکات. ئەو بەشێکە لە سیاستی قڕکردن و پێویستە بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەرەنگاری ئەو سیاسەتە ببینەوە و خۆڕاگری بکەین. بە نەمانی دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی پێویست دەکات ئەلتەرناتیڤی ئەو دەزگایانە بە شێوازی هەرێمی لە لایەن گەلەوە ساز بکرێن. دەتوانین نیشان بدەین کە پێویستیمان بە هەبوونی دەوڵەت و دەزگاکانی نیە و کۆمەڵگەی ئێمە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە. لەبەرانبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کۆمەلگەی ئێمە بە چەمکی پاراستنی ڕەوا مافی خۆپاراستنی هەیە و سازکردنی کۆمیتەکانی تایبەت بە پاراستن پێویستیەکی ژیانییە . هەروەها بە وریایی تەواوەوە ڕێگر بین لە دزەکردنی بەکرێگیراوانی ڕژیم  بۆ ناو کۆمەڵگە و سازمانی کۆمەڵایەتیمان و ئەو بەکرێگیراوانەی کە ناسراون هانیان بدەین پشت لە ڕژێم بکەن و خۆیان بسپێرنە  دەست، لێبوردەیی گەل.    بێگومان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، گەورەترین وزەی ئێمە دەبێت بۆ سەرکەوتن وپێویستە لە جاران زیاتر هەوڵەکانمان لەم پێناوەدا چڕ بکەینەوە. دروشممان ئەوەیە: چەندە کۆمەڵگەی یەکگرتوو ئەوەندە بەرخۆدان، چەندە بەرخۆدان ئەوەندە ئازادی.

دووەم: داوا لە تەواوی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن و ببنە قەڵغانی پاراستنی گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەوهێرشانەی کە پاکتاو کردنی گەل و لەناوبردنی ئازادی نەتەوەکەمان دەکەن بە ئامانج . جەوانانی نیشتیمانپەروەر بە کوڕ و کچەوە بەرپرسیارانی سەرەکی بەڕێکخستن کردن، بەرز ڕاگرتنی ئاستی ورە، بە سیاسی کردن و پاراستنی کۆمەڵگەی ئێمەنە. هەربۆیەش هەموو جەوانان لە ئاستی ئامادەکاری و خۆ پەروەردە کردن دا خاوەن بەرپرسیاریەتین. جەوانان دەتوانن لە گرووپی بچووک دا خۆیان ڕێکبخەن و پەروەدە بکەن. هەروەها ئەو جەوانانەی کە دەیانەوێ لە ئاستی پسپۆری (حیرفەیی) دا لە بوارەکانی پاراستن و سیاسی دا پەروەدەی پێشکەوتووانە ببینن و وەکوو شۆڕشگێڕی پسپۆڕ خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن با پەیوەست بن بە ڕێزەکانی گەریلای ئازادی کوردستان.  پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی گەریلا، بەرزترین ئاستی هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و نیشانەی ئەمەکناسییە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگە.

سێیەم: بەهۆی ئەوەی کە هەموو ناوەندەکانی نیزامی و ئەمنی و سیخووڕی رژێم لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێن بە ئامانجی بۆمباردمان، داوا لە گەلەکەمان دەکەین خۆیان و بنەماڵەکانیان لەو ناوەندانە بە دوور بگرن. هەروەها هێزەکانی رژێم لە ترسی هێرشی ئاسمانی خۆیان لە مزگەوتەکان و مەدرسەکان دا حەشار داوە. بەکارهێنانی قووتابخانە و مزگەوت بۆ مەبەستی نیزامی تاوانی دژە مرۆڤیە و پێویستە گەلەکەمان نەڕازی بوونی خۆی لە داگیرکردنی ئەو شوێنانە دەرببڕێ. هەروەها خۆ بە دوور گرتن لە هەموو شوێنەکانی خۆحەشاردانی هێزەکانی رژێم بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتیمانان بە پێویست دەزانین.

چوارەم: بانگ لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن ڕەنج و ئەمەگن لە تێکۆشانی پارتیمان دا و بە هەر هۆکارێک، لە ڕیزەکانی تەڤگەرەکەمان  دابڕاون،  یان پەیوەندیی رێکخستنیان نەماوە؛ لەم دۆخە هەستیارەدا، بۆ دووبارە جێگرتنەوەیان لە کار و خەباتدا، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتییمانەوە بکەن. باوەشی پژاک وەک هەمیشە بە ڕووی هەموو تێکۆشەراندا کراوەیە.

لە کۆتاییدا، جەخت دەکەینەوە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بۆ کەنارەکانی ئارامی و ئازادی، لە گرەوی تەبایی و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدایە.

بابەتی پەیوەندیدار