شاهۆ شۆڕش
سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ واتە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥، میکانیزمی ئیسنەپ بەک بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرا.
سێ وڵاتی ئەوروپایی (فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا) لەنامەیەکدا کە بۆ ئەندامانی کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناردووە، رژێمی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە گوێرەی پێویست پابەندی رێکەوتننامەی بەرجام نەبووە، بۆیە لەچوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ میکانیزمی ئیسنەپ بەک (میکانیزمی گەڕانەوەی گەمارۆکان)ی سەر ئێران کارا دەکەن. هاوکات ئاماژە بەوە دەدرێت کە لەماوەی ٣٠ی رۆژدا، بەر لە جێ بە جێ کردنی میکانیزمی پەلەپیتکە، ئامادەن لەگەڵ ئێران لەسەر رێکەوتنی چەکی ناوەکی گفتوگۆ بکەن و دەرگای دیپلۆماسییان بە کراوەیی هێشتووەتەوە. واتە ئەگەر ئێران نیگەرانی جیدی ئەوروپا، ئەمریکا و ئیسرائیل لەپێناو چەکی ناوەکی و مووشەکی بالیستیک و پڕچەک کردنی هێزە پڕۆکسییەکانی بڕەوێنێتەوە، دەکرێت کاراکردنی ئەو میکانیزمە بۆ چەند مانگێک بە کۆمەڵێک گێروکێشە و مەرجی تایبەتی خۆیان دوای بخەن. لەبەر ئەوەی رژێم بە ئاسانی ناتوانێت لەو شەرت و مەرجە قەیراناوی و ئاڵۆزەدا وەک ئەوەی دەیەوێت لەو شەڕە فرەڕەهەندە خۆی قوتار بکات. لە کاتێکدا ئێران لەگەڵ ئەمریکا پێنج خولی دانوستانی ئەنجام دابوو و لەئان و ساتی خولی شەشەمی دانوستانەکەدا رووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بووەتەوە.
لەم دوو دەیەی دواییدا گفتوگۆی ناوەکی ئێران لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە دیوە. بەتایبەت رێکەوتنی بەرجام و بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە رێکەوتنێکی ١٠ساڵە بووە، لە ساڵی ١٣٩٤ رێکەوتنی بەرجام پێکهاتووە. ئەوەش کۆمەڵێک پرسیار و هەڵسەنگاندن لەسەر داهاتووی ئێران درووست دەکات. سەرەڕای ئەوە لەدوای تەمەنی سێ ساڵەی بەرجام لەساڵی ١٣٩٧، ترامپ بە شێوەی یەک لایەنە لەو رێکەوتنە کشاوەتەوە و گوشاری لەڕادەبەدەر (حداکثر)ی بە سەر ئێراندا سەپاندوە. ئەو سیاسەتەش کاریگەری جیدی لەسەر پێگەی دەسەڵات و ئابووری وڵات داناوە. بەڵام گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران جیاوازتر و مەترسیدارتر لەهەر سەردەمێک دەبێت، تایبەت بە میکانیزمی ئیسنەپ بەک هەوڵی جددی دەدرێت کە رژێم ملکەچی سیاسەتەکانی ئەوروپا، ئەمریکا و ئیسرائیل بکرێت. بۆیە ئەم میکانیزمە دەبێتە دوا بزماری سەر دارەمەیتی دەسەڵاتداری خامنەیی. چون تەوژمی گەمارۆکان بۆ پێگەی دەسەڵات ئەوەندە کوشندە دەبێت، کە بۆ رژێم چاوەڕوان نەکراوە.
تۆمەتبارکردنی ئێران لەلایەن ئەوروپا و ئەمریکاوە بە پابەند نەبوونی رێکەوتننامەی بەرجام، بڕیاری دەستێوەردانی گشتگیر بۆ سەر ئێرانە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رژێمی ئێران بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لەقەڵەم دەدەن. چون لەمپەڕێکی سەرەکی لەبەردەم دیزاین کردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوینە. ئێران بە پشتیوان و پەرەپێدانی تیرۆر و تیرۆریزم لەناوچەکە تۆمەتبار دەکرێت. هەروەها هیچ گۆڕانکاری لەڕەفتار و سیاسەتەکانی خۆی لەپێناو سەقامگیری ئاشتی و ئارامی لەناوچەکە ئەنجام نەداوە.
سەرەڕای ئەو کردەوانەش، لەبەر کاردانەوە و لێکەوتەی پەرلەمانی ئێران بە پەسەند کردنی بڕگەنامەیەک، لەپێناو هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بەشێک لەدامەزراوە ئەتۆمیەکانی، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەئێران دەرکردووە و تەنانەت ئەو مەرجانەی کە لەپێناو تەسلیم بوون بە سەریدا سەپێنراوە رەدی کردوەتەوە. ئێران بەو هەنگاوەی هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگرتووە و بەوەش بەنزینی بە ئاگردا کردووە.
هاوکات پێش راگەیاندنی میکانیزمی پەلەپیتکە لەلایەن ئەورووپیەکانەوە، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەو گوڕەشەی جیدییان لەپێناو سیاسەتی دژبەرانە، ناڕەوا و ناحقوقی ئەو وڵاتانە لەدژی ئێران کردبوو کە لەئەگەری کاراکردنەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە، لێکەوتەی جیدی و کاردانەوەی پێچەوانەیان دەبێت. بۆیە ملهوڕی و شەڕانگێزییەکانی رژێم وای کردووە کە روانگەی ئەوروپا لەدژی دەسەڵات ئاڵوگۆڕی جیدی تێدا دروست بێت و میکانیزمی پەلەپیتکە لەدژی کارا بکرێت.
ئەوەی روونە کاراکردنی میکانیزمی ماشە و بە یاسایی کردنی گەمارۆکان، دۆخی ئابوری ئێران رووبەڕووی ململانێ و ناکۆکی جیدی دەکاتەوە. چون رژێم لەو باوەڕەدایە کە کاراکردنی ئیسنەپ بەک و رەچاو نەکردنی لایەنە یاسایی یا بنەما حقوقییەکەی، متمانە بە بڕیارەکانی کۆنسەی ئاسایش لاواز دەکات و دەبێتە هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
داخۆ هەڵوێستەکانی رژێم لەبەرامبەر کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە چی دەبێت؟لەیەکەم هەنگاودا بەرپرسانی رژێم ئەو هەنگاوەی ئەوروپا بە ناڕەوا، نایاسایی و نا ئەخلاقی لەقەڵەم داوە. بەو شێوەیە رژێم دەیەوێت کردەوەکانی خۆی لەبەرامبەر رای گشتی جیهان بە رەوا لەقەڵەم بدات. واتە ئەگەرێک لەبەردەمدایە کە ئێران هەڵوێستێکی توند و شەڕانگێزانە بگرێتەبەر. ئەو هەڵوێستەش بە واتای یاری کردن بە ئاگرە.
لەم دۆخە ئاڵۆزەدا ئێران بۆ ئەوەی ئەوروپا و ئەمریکا لە ماوەی ئەم ٣٠ی رۆژەدا رازی بکات تا مەرجە بنەڕەتییەکانیان لەپێناو کارا نەکردنی میکانیزمی پەلەپیتکە رابگرن، رژێم رووبەڕووی سیناریۆی رێککەوتن یان سازانی کاتی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا دەبێت کە بە بێ شەرت و مەرج گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو بەستنی رێکەوتنێکی گشتگیر دەستپێبکاتەوە و ملکەچی مەرجە سەپێنراوەکان بەسەریدا بێت و جیا لەتەسلیم بوون بیر لەبژاردەی دیکە نەکاتەوە و گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ ناوخۆی ئێران بە بێ شەرت و مەرج قبووڵ بکات و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٣.٦٧ دابەزێنێت. یا سیناریۆی دەرکەوتن لەڕێکەوتنی قەدەغە کردنی پەرەپێدانی چەکی ناوەکی (NPT) هەڵبژێرێت، ئەو بڕیارە لێکەوتەی زۆر قورس و مەرگەساتباری بۆ رژێم بەدواوە دەبێت. چون ئێران بەو بڕیارە دەیەوێت لەسیستەمی حقوقی نێودەوڵەتی و تایبەت گۆڕەپانی ناوەکی دەرکەوێت. ئەو هەڵوێستەش ئێران زیاتر گۆشەگیر، سەرگەردان و قەیراناویتر دەکات. چون ئەو بڕیارەی رژێم بە واتای داخستنی دەرگا و پەنجەرەی دیپلۆماسییە. تەنانەت ئەوەش بە واتای راگەیاندنی شەڕ و پابەند نەبوون بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە. چون بەرپرسانی رژێم زەنگی مەترسی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم لێدەدەن. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لەبەرپرسانی رژێم ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا راگەیاندووە و جەختیان لەسەر کەم کردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە. باوەڕ دەکەم رژێم بە نواندنی ئەو هەڵوێستە نەرم و نیانەی ناتوانێت لەو زەلکاوەی تێیدا چەقیوە، خۆی لێ قوتار بکات.
دوا سیناریۆیەک کە ناچارە پەنای بۆ ببات پێداگری لەسیاسەتەکانی رابردووی خۆی لەناوچەکە بکات و پیلان و بەرنامە هەرێمییەکانی پەرە پێبدات. بەو پێیە کارتی داخستنی گەرووی هورموز لەدژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بجووڵێنێت. پاڵپشتی هێزە پروکسییەکانی لەناوچەکە بکات و گێرەشێوێنی و شەڕانگێزییەکانی لەناوچەکە گوڕتر بکات. پەسەند نەکردن و ئەگەری رەد کردنەوەی شەرت و مەرجە سەپێنراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، دەستییان بۆ سەپاندنی گەمارۆ و دەستێوەردانی زیاتر لە سەر ئێران ئاوەڵاتر دەکات.
بێگومان کاراکردنی میکانیزمی ماشە لەرێکەوتنی ناوەکی بەرجام کە بە واتای گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان لە دژی رژێم بەڕێوە دەچێت جیا لەوەی کاریگەری لەسەر پێگەی دەسەڵات دەبێت، دەتوانێت کاریگەری و لێکەوتەی بەرفراوان و جیاواز لەسەر ئابووری و بژێوی ژیانی گەلانی ئێران بە دوای خۆی بێنێت. واتە ئەم میکانیزمە لەئەگەری کارا کردنەوەی دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و دەتوانێت گوشارە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، دیپلۆماسی، تەندروستی، پەروەردەیی، لەشکەری و … هتد توند و تۆڵ تر بکاتەوە.
گەڕانەوەی گەمارۆکان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری نیشتمانی ئێران لە گۆڕەپانەکانی نەوتی، وزە، بانکی و بازرگانی دەبێت و هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەبەزێنێت و دەست پێڕاگەیشتن بە سیستەمی مالی نێودەوڵەتی سنووردار دەکات. ئیدی هیچ سنوورێک بۆ پەیڕەو کردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران نامێنێ. چون هەموو وڵاتانی جیهان ناچارن کە پەیڕەوی سەپاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران ببن. کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم هەناردەکردنی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران دروست دەبێت، لەو حاڵەتەدا تەنانەت چینیش ناتوانێ نەوت لە ئێران بکڕێت. لەم دۆخەدا دەوڵەت هێز و توانای دابین کردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی گەل و کۆمەڵگەی نامێنێت و قەیرانەکانی ناخۆی ئێران قووڵتر دەکات.
هاوکات رێژەی هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە و هێزی کڕین و دابین کردنی پێداویستییەکان دادەبەزێت. واتە گرانی زیاتر بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرێتەوە و نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خواردەمەنی، داو و دەرمان و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە و تا دەڕوات بژێوی ژیانی هاوڵاتییان قورستر دەکات.
سوپای بێکاری گەورەتر دەبێت و هەلی کار لە بار دەبرێت. چون گەمارۆکان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر داخستنی کارگەکان و پرۆژەکانی هاوڵاتییان دەبێت. ئەوەش رێژەی بێکاری بەرز دەکاتەوە. بە زیادبوونی بێکاری و لە باربردنی هەلی کار هەڵهاتنی مێشک روو لە هەڵکشان دەکات و قەیرانی هێزی مرۆیی بە دوای خۆی دێنێت.
قەیرانی وزە قووڵتر دەکات و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دادەبەزێنێت. چون گەڕانەوەی گەمارۆکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەم کردنەوەی هاوردەکردنی کەل و پەل و تەکنەلۆژی پێویست لەبەشی وزەدا هەبێ. ئەوەش قەیرانی کارەبا، وزە و گاز و پێداویستییە گشتییەکان قووڵتر دەکات و قەیرانی ژیانی قووڵتر دەبێ.
سیاسەتی میلیتاریزم لەسەر کۆمەڵگە پەرەی پێ دەدرێت و شەپۆلی گرتن و راوەدوونانەکان زیاتر دەبن. سیاسەتی لەسێدارەدان روو لەهەڵکشان دەکات. قڕکردنی ژنان، گەنجان و گەلان تەشەنەی پێ دەدرێت. گرانی، هەڵاوسان، هەژاری و برسێتی گشتگیر بکرێت. ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ و شەڕی تایبەت و رەوانی لەدژی گەل و کۆمەڵگە پەرەی پێ دەدرێت.
سەرەڕای ئەو قەیرانانە گەڕانەوەی گەمارۆکان، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکات و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەکات. چون دۆخی نالەباری ئابووری کاریگەری جیدی لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەبێت.
چونکە ئەو قەیرانانە پایەکانی رژێم بە لەرزە دێنێت و پایەکانی دەسەڵاتداری سست و لاواز دەکات. رژێم بۆ رەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات زەخت و گوشارەکانی لەسەر کۆمەڵگا زیاتر دەکات و کەشێکی ئاسایشی باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەگرێت. واتە رژێم بە میکانیزمی میلیتاریزم دەنگی ناڕەزایەتی کۆمەڵگە کپ و سەرکوت دەکات و میکانیزمی لە سێدارەدانەکان کاراتر دەکات و ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگە لە ناو ئاشی دەسەڵاتدا دەهاڕێت.
رژێم دەیەوێت لە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی میکانیزمی پەلەپیتکە لەسەر دەسەڵات و کۆمەڵگە چەواشەکاری ئەنجام بدات و تەنانەت پیلان و هێرشە سیستەماتیکەکانی لە بەرامبەر خۆی بێ نرخ و بێ بایەخ دەکات. تەنانەت ژمارەیەک لەنوێنەرانی خامنەیی ئەو بڕگەنامەیە بە کاغەزپارەیەکی بێ نرخ و هەڕەشەی پووچ و بێ بنەما بە ناو دەکەن و وەک وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی لەقەڵەمی دەدەن. لەلایەکی دیکەشەوە قەبارەی مەزنی زەخت و گوشار و گەمارۆی فرە ڕەهەندی ئەو بڕگەنامەیە بە شەڕی رەوانی پێناسە دەکەن. واتا بەو سیاسەتانە دەیانەوێت کاردانەوە و شەپۆلی تووڕەیی گەل و نیگەرانیەکانی کۆمەڵگە دابمرکێنن.
ئەوەش لەکاتێکدایە ترسی رژێم لەسەروبەندی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تەنیا لەهەڕەشە دەرەکییەکان و ئیسنەپ بەک نییە، بەڵکوو ترسی سەرەکی بەرپرسانی رژێم لەناکۆکییە ناوخۆییەکان، درزی ناوخۆی دەسەڵات، ناکۆکی و دەمەقاڵەکانی سەر دەسەڵات و سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی گەل و شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە. واتە رژێم لە دووڕییانی میکانیزمی پەلەپیتکە و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گیری خواردووە.
ئەوە پیشان دەدات کە ئاسەواری گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاتر لەو شەڕە سەربازییە دەبێت کە بەرۆکی گرتووەتەوە. بۆیە رژێم بۆ پەردەپۆش کردن و شاردنەوەی شکستەکانی لەدژی کۆمەڵگە شەڕی هەمە لایەنەی راگەیاندووە. تایبەت بە پاساو و تۆمەتی نفوزی ئیسرائیل دەنگ و رەنگە ناڕەزاییەکان سەرکوت و دەچەوسێنێتەوە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتە پێویستی بە یەکێتی و یەکڕیزی نێوان گەلان و سیاسەتی ئابووری و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک هەیە. واتە گەلان بە پاڵپشتی بەهێز و ئیرادەی نەبەزیوی خۆیان دەتوانن پیلانە دەرەکی و ناوخۆییەکان لەدژیان پووچەڵ بکەنەوە. چون شەڕی نێوان ئەو هێزانە هەرگیز دیموکراسی و ئازادی بۆ گەلان دەستەبەر ناکات. بەڵکوو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە تێکۆشانی دیموکراتیک و فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی مسۆگەر دەبێت. بۆیە تاکە میکانیزمێک دەتوانێت چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیک لەقازانجی گەلانی ئێراندا گەرەنتی بکات، بەشداری لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی و خاوەندارێتی لەنرخ و بەهاکانیەتی. واتە کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانی ناوخۆی ئێران خودی گەل و کۆمەڵگەن. ئەگەر هێزە نێودەوڵەتی و تەنانەت دەسەڵاتدانی ئێرانیش بیانەوێت لەدەرەوەی ئیرادەی گەلانی ئێران هەنگاوێک بۆ چارەسەری هەڵبگرن، هەرگیز سەرکەوتوو نابن. تایبەت گەلی کورد داینەمۆی وەرگەڕخستنی دیموکراسی و ئازادییە. بۆیە هیچ پرۆژە و پلانێک بە بێ ئیرادەی گەلی کورد سەرکەوتوو نابێت. چون لەسەدەی ٢١دا مانیفستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان باشترین بەدیلی میکانیزمی پەلەپیتکە و یەکگرتنی نیشتمانییە.
سەرچاوە: ئاژانسی فۆرات نیوز