کەم بوونی وزە قەیرانێکی بێ چارەسەر لە ئێراندا

✍️جووتیار پێشەوا

ئەوەی کە هەموو سیستەمی سەرمایەداری لە جیهاندا تووشی قەیران بونە یاخود هەموو دەوڵەت – نەتەوەیەک بە تایبەت دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوین رووبەڕووی قەیران بوونەتەوە، راستییەکی حاشا هەڵنەگرە. قەیران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر ئاڵۆزتر و ماڵوێرانکەرترە. ئەم هەرێمە سەدان ساڵە بووەتە ئامانجی داگیرکردن و تاڵانکردنی سیستەمی سەرمایەداری. زلهێزان و وڵاتانی پیشکەوتووی پیشەسازی ئەوەی پێیانکراوە لەم جوگرافیایەدا کردویانە. هەڵیانوەشاندووە و بە پێی داخوازی خۆیان سازیان کردۆتەوە. داگیریان کردوە و بەریان داوەتەوە. هەتا ئێستایش هەر هەمان شێوە هەڵسوکەوت بەردەوامە و پێشەرۆژیش هەر هەبێت. مۆدیلێکی دەوڵەت – نەتەوەیان لە رۆژهەڵاتی ناویندا ساز کردووە کە هەر دەچێت کێشە و ئاڵۆزییەکان قوڵتر و گەورەتر دەبنەوە. یەک لەو دەوڵەتانە کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ئێران هەر لە یەکەم رۆژی هاتنە سەر کاریەوە لە ناو قەیراندا ژیاوە. هەتا ئێستایش یەک چارەسەری، بۆ بن بڕ کردنی قەیران نەدۆزراوەتەوە. ئیستا وای لێهاتووە ئیتر قەیرانەکان کەڵەکەی سەر یەک بوونە. دەرکەوتن لە بن ئەم کێشانەدا ئیتر زۆر ئەستەمە. لە ئێراندا قەیران تەنیا لە لایەنی سیستەم نییە. قەیرانەکە هەمە لایەنەیە. قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، نیشتمانی، باوەڕی، ئەمنییەتیە.

یەک لەو قەیرانانە، کێشەی کەم بوونی وزە بە تایبەت کەم ئاوی و بێ ئاویە. بە وتەی بەرپرسان و خودی وەزیری وزە، زیاتر لە سەد شار و لە ناویاندا تاران رووبەڕووی کەم ئاوی بوونەتەوە. ئەمە پرسێکی نوێ نییە. هەر دەوڵەتێک کە هاتووە، بە ناو چارەسەر کردنی ئەم بابەتەی بۆ خۆ، کردۆتە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن. بەڵام لە وتە زیاتر شتێکی تری پێنەبووە. لە دوای تەواو بوونی تەمەنی هەر دەوڵەتێک بە روونی دەوڵەتی پێش خۆی بە ناکارامەیی و بێ توانایی تاوانبار و تۆمەتبار کردوە و بەم بیانووە ناکارامەیی خۆی پەردەپۆش کردوە و خۆی لەم تاوانە کارەساتبارە پەڕاندۆتەوە. کێشە و قەیران هەر چووە گەورەتر بووە و کەسیش خۆ بەرپرسیار نابینێت. لەم نێوەندەدا ئەوەی کە باجی ئەم بێ پلانی و قەیرانە گەورەیە دەدات؛ گەلە نەک دەوڵەتە نابەرپرسیارەکان. ئەوەتا ئیتر پزشکیان بێ چارەبوونی خۆی بە روونی دەربڕی.

جوگرافیای ئێران، لە بنەڕەتدا جوگرافیایەکی نیوە وشکە. کاتێک باس لە نیوە وشکبوونی جوگرافیای ئێران دەکرێت، بەو واتایە دێت کە ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەکی کەش و هەوا (اقلیمی) دروست نەبێت و بەفر و باران بەڕێژەی بارینی سەدان ساڵی لەمەوپێش ببارێت دیسان وڵاتێکی کەم ئاوە. ئەگەر چاو لە جوگرافیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئێران بکەین زۆر بەڕوونی ئەمە بەرچاوە کە ئێران هەر لە مێژە کێشەی بێ ئاوی هەبووە. هەبوون و کۆڵینی سەدان و بگرە هەزاران کیلومیتر کارێز (قەنات) و راکێشانی ئاو نیشانەی بێ ئاوی یاخود کەم ئاوییە. راکێشانی ئەم کارێزە دوور و درێژانە مێژووی کۆنی هەیە. واتا ئەم کارێزانە هی سەردەمێکن کە کەش و هەوا بە بۆنەی کون بوون و تەنک بوونی لایەی ئۆزۆنەوە تووشی گۆرانکاری نەهاتبوو. ئەو سەردەمە کێشەی پیس بوونی هەوا بە دیئۆکسیدی کەربۆن و گازی میتان لە ئارادا نەبووە. دارستان و گیاجاڕەکان زۆر جوانتر، چڕتر و پانتاییەکی زۆرتریان هەبوو. زاگرۆس و باکوور و بگرە زۆر جێگای تر کە ئێستە ڕووت ڕووت کراون لە هەر جۆرە روەکێک، بە ملوێنان هێکتار زیاتر بە دارستان و روەک داپۆشراو بوون. بارینی بەفر و باران لە دەرەوەی ساڵانێکی تایبەت( کە وەک دیاردەیەک دەبێت پەنجا ساڵ کەمتر یا زیاتر، ساڵێک بێ بارانی یا کەم بارانی هەبووبێت) بە پێی سرووشتی خۆی باریوە. لەگەڵ ئەمەیشدا رێژەی دانیشتوان لە سەدا پێنجی رێژەی ئەم حەشامەتەی ئێستا لە ئەم جوگرافیایەدا ژیاون. خەڵکانێک کە ئەو سەردەمەیش ژیاون بێ گومان ئاستی بەکار هێنانی ئاویان لە خەڵکی ئەم سەردەمە تەنانەت وەک تاکیش کەمتر بووە. دیسانیش پێویست بەوە بووە کە ئەم هەموو کارێزە رابکێشن.

جا ئەگەر سەرنج بخەینە سەر ئەم سەردەمەی کە پرسی ئاو بووەتە پرسێکی جیهانی. پیس بوونی هەوا بە گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن، و گازی میتان، بوونەتە کارەساتێکی گەورە بۆ گوڕانکاری لە کەش و هەوادا. گەرم بوونی زەوی بۆ خۆی قەیرانێکە کە هەموو مرۆڤایەتی لە ناوخۆدا دەگرێت و ئەم کێشەیە بە ئێران چارەسەر ناکرێت. چوون ئێران هێز و توانای بۆ ئەم کارە نییە. پرۆگرامێکیشی بۆ ئەم چارەسەرییەیش نییە. یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی گەرم بوونی گۆی زەوی، بڵاوبوونی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆنە؛ کە بەرهەمی سووتەمەنییە فوسیلییەکانە. نەوت لە جیهاندا سەرەکیترین و زۆرترین مادەی سووتەمەنییە کە وێرانکەرترینیشە. خودی ئێران یەک لە بەرهەمهێنەر و فرۆشیارە گەورەکانی جیهانە. لە بواری ئابووریییەوە، پشتی بە نەوت بەستوە. زیاترین بەرهەمی هەناردەکردنی نەوتە. واتا ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە راستەوخۆ دەستی لە پیس کردن و گۆڕانکاریی کەش و هەوا لە جیهاندا هەیە. راستە ئێران وڵاتێکی پێشکەوتوو لە بواری پیشەسازیدا نییە. بەڵام بەرهەم هێنەر و هەناردەکەری نەوتە. وڵاتێکی گەورەی بەکارهێنەر و هاوردەکەری بەرهەمە تەکنیکییەکانی وڵاتانی پیشەسازییە. جا کام بەرهەمە هاوردە دەکات؟ خراپترین و بە زیانترین بەرهەم دەکڕێت و هاوردەی ناوخۆی دەکات کە زبڵەکەی لە بەشە خاوێنەکەی زۆرترە. واتا زیانەکەی لە قازانجی زیاترە. جا ئەمە لە بچووکترین شتەوە بگرە هەتا گەرەترین شتی. کەواتە ئێران ناتوانێت خاوەن پرۆژەی چارەسەری بێت و ناشبێت. دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران چەنێ کاریان لە سەر ئەوە کردووە کە وڵات تووشی قەیرانی بێ ئاوی نەبێت، یا ئەگەر بە هۆکاری سرووشتی قەیران درووست ببێت، چەنێ پرۆژەی چارەسەر کردنیان هەیە. دڵنیام ئەگەر ئەم پرسیارە لە منداڵێکیش بکرێت، وڵامەکەی ئەوە دەبێت کە دەڵێت هیچ کارێکی زانستی نەکراوە و هیچ پرۆژەیەکی زانستیشیان نییە.

هەر تاکێکی ئێرانی باش دەزانێت کە ئێرانێکی بێ زاگرۆس وێرانەیەکە کە ژیانی تێدا ناکرێت. زاگرۆس گرنگترین سەرچاوەی ئاوی ئێرانە. بە کاریگەرترین، پاک و خاوێن کەرەوەی هەوایە و زاگروس رۆڵی سییەکانی ئێران دەگێڕێت. جوانترین و رازاوەترین هەرێمی سرووشتیە لە ئێراندا. بە بەرەکەت ترین سەرچاوەی داهاتە. ستراتیژترین سپەر و سنووری سرووشتی ئێرانە. یەک لە ناوەندە هەرە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی نیۆلۆتیک و بونیادنەری فەرهەنگی ئاریاییە.

بەڵام روانگەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ ئەم جوگرافیا بە پیت و پێزە چۆنە؟

ئەوە سەد ساڵە دەسەڵاتی ناوەندی، بە تایبەت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە چاوێکی ئەمنییەتی لە زاگرۆس دەڕوانێت. وەک هەڕەشە و مەترسی چاو لە دانیشتوانی هەرێمی زاگرۆس دەکەن. بە چاوی دوژمنانە لە گەلی ئەم هەرێمە دەڕوانن و هەتا دوایی بەم خەڵکە بێ باوەڕن. لەبەر ئەوە هەمیشە بە زمانی زبر و هەڕەشە هەڵسوکەوتیان کردووە و دەیکەن. لە راستیدا زاگرۆس جوگرافیایەکە کە شادەماری ئاو و هەوا و ئابووری ئێرانە، بەڵام لە ئێستادا رێک کراوەتە سەربازگەیەکی سەربازی و هیچیتر.

راستی هێزی سەربازی لە هەرێمێکدا کە بە چاوی هەڕەشە و مەترسی چاوی لێدەکرێت. بە واتای داگیرکاری دێت. ئامانج لە داگیرکردنیش تاڵان و دەست درێژی و تێکدانە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە زنجیرە چیای زاگرۆس و باکووری ئێراندا دەقەومێت، ئەم بارودۆخەی کە ئێستا لە رۆژئاوای ئێراندا بەرچاوە، ئەوەمان بۆ پشت راست دەکاتەوە کە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکوومەت و دەوڵەتی ئیسلامی هیچ بەرنامەیەکیان بۆ نەهێشتنی کێشەی ئاو و وزە لە ئێراندا نییە. تەنانەت هیچ پرۆژەیەک کە بخوازن ئێران لەم گێژاوەی قەیران کە خودی دەسەڵاتیش لە ناویدا لە خنکاندندایە، نییە. هەرکەس ئەمە باش دەزانێت کە ئەگەر ئەم بارودۆخەی بێ ئاوی وەها لە ئێراندا بەردەوام بێت، کە بێ گومان بەردەوامیش دەبێت، لە چەند ساڵی داهاتوودا دەرفەتی ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانی ناوەند و رۆژهەڵاتی ئێران نامێنێت. باشە ئەی ئەو خەڵکە بۆ دەرفەتی ژیان روو لە کوێ بکەن؟ باشە لە ئێراندا جیاواز لە زاگرۆس و رۆژئاوای ئێران، شوێنێکیتر بۆ ژیان و حەوانەوە گونجاو بێت، دەمێنێت؟ خۆ ئیتر زاگرۆسیش بەهۆی تاڵان و بێ هەڵوێستی بەرپرسان، پێی ناوەتە دۆخی بەرەو قاقڕ چوون. سیستەم بە سازکردنی بەنداوی کەڵەکە کراو لە سەر یەک، نەک هەر کەش و هەوای گۆڕیوە، بەڵکو جوگرافیایشی گۆڕیوە. دارستان دەسوتێنرێت و دەبڕدرێت و تاڵان دەکرێت. ئەم کارە بەشێکی زۆری راستەوخۆ دەوڵەت دەیکات. بەشێکی کەمیش خەڵکی هەرێمەکە بۆ خۆ دەیکەن،. ئەویش بەهۆی نەبوون و نەهێشتنی دەرەتانی ژیانەوە، ئەو کەسانە ناچار ماون کە سروشت بفەوتێنن.

جا سەیر لەوەدایە، بۆ پاراستن و زیندوو راگرتنی ئەم جوگرافیا ناوازەی زاگرۆس، بە هەزاران کەسی دڵسۆز و خۆبەخش لە گیان و ماڵی خۆیان مایە دائەنێن. خاوەن پرۆژە و بەرنامەی ئاوەدان کردنەوەن. بەو پەڕی لێهاتوییەوە خەبات دەکەن. بێ ئەوەی چاوەڕوانی یەک تاکە تمەن یارمەتی دەوڵەت بن. بەڵام ئەم ژینگەپارێزانەیش بە چاوی هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵات تەماشا دەکرێن. رووبەڕووی گوشار و گرتن و هەڕەشە و ترساندن و کوشتن دەبنەوە. ئاستەنگیان بۆ درووست دەکرێت. دەخرێنە بن چاودێری توندی ئەمنی. دڵنیام ئەگەر ئەو کەسانە لە هەر وڵاتێکی تری دونیادا بوونایە، گەورەترین شانازییان پێوە دەکرا. باشترین دەرفەتیان بۆ بەردەوام بوون لەم کارە پێئەدرا. ئاخر لە وڵاتێکدا کە ژینگە پارێزی تاوان بێت، ئیکۆلۆژیست بوون سووچ بێت، ئەبێ چۆن چاوەڕوانی ئاوەدانی و ژیانی ئاسوودەی لێبکرێت؟ چۆن ئەو وڵاتە قەیرانی بێ ئاوی نابێت؟ ئەمە پرسێکی زۆر سەرنج راکێشە. باشە تۆ بە دەست بێ ئاوی، بێ كارەبای و هەوای پیسەوە دەناڵێنیت و کێشەت هەیە. بە بۆنەی پیس بوونی هەواوە ساڵانە سی بۆ چل هەزار كەس ئەمرێت، لە پاڵ ئەویشدا کەسێك کە بۆ چارەسەر کردن، هەموو شتێکی خۆی خستۆتە خزمەتی ئەم وڵاتە تاوانبارە؟ دەبوایە ئەو شەهیدانەی کە گیانی خۆیان لە پێناو ئاوەدانیدا بەخت کرد، لە کاک شەریفی باجوەر و کاک ئومێدی حوسەین زادەوە تا دەگاتە کاک حەمیدی مورادی و هەڤاڵانی، پێویست بوو لە زێڕ پەیکەریان بۆ ساز بکرایە. پێویست بوو، ناو و کەسایەتی و ژیان و خەبات و شەهادەتیان، بکرایەتە پەرتووک بۆ ناوەندە پەروەردەییەکانی ئێران لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆکان. لە هیچ وڵاتێکدا ئەم کەسانە پەیدا نابن. ژیان و دڵسۆزی ئەم کەسانە، ئەگەر بکرایەتە بابەتی پەروەردە، بەڕاستی بەس بوو بۆ ئەوەی کە هەشتا ملوێن هاوڵاتی ئێرانی ببوونایەتە کەسانی ئیکۆلۆژیست. بەڵام بەداخەوە، بە بیرهێنانەوەی شەهادەتەکەیشیان هەر بە چاوی ئەمنی سەیری دەکرێت. بۆ؟ چوون ئەم مرۆڤانە خاوەن چاندی زاگرۆسین. پێشینەیەکی مێژوویی پێکەوە ژیان و هاو سۆزی و هاوماڵی و مرۆڤدۆستیان هەیە. پەیوەندییەکی چڕ و پڕیان لە گەڵ ئاو و خاک و ئاوەدانی هەیە. باشە مرۆڤێک بۆ رزگارکردنی چڵە دارێک، بنجەگیایەک یاخود ئاژەڵێک لە سووتان، گیانی خۆی فیدا بکات، ئەم مرۆڤە ئەتوانێت دژە مرۆڤ یا مەترسی بێت؟

هەر چەند لە راستیدا ئەم کەس و رێکخراوانە هیچ داواکارییەکی مادی و چاوەڕوانی هاوکاری و یارمەتییان لە دەوڵەت نییە و ناشخوازن. لەوە زیاتر کە پێویستە دەرفەتیان پێ بدرێت، بۆ خۆ باشترین دەرفەتن بۆ پاراستنی وڵات لەم دەردە گرانە. بەهێزترین پۆتانسێلن بۆ رزگارکردنی وڵات لە قەیران و ئاڵۆزی. بە تایبەت بۆ بنبڕکردنی قەیرانی وزە بە گشتی کە ئێرانی تووشی شۆک و دڵەڕاوکێ کردوە. چوون ئەم کەس و رێکخراوانە ئیرادەن، ئافرێنەرن، ژینگە دۆستن، وڵات دۆستن، مرۆڤ دۆستن، رۆشنبیرن و خاوەن بیر و پلانی چارەسەركارن. دەرفەتی باش و گونجاون بۆ چارەسەر کردنی قەیران. مەترسی نین، بەڵکو مەترسییەکان دەڕەوێننەوە. تەنیا مەترسییەك کە هەیانە ئەوەیە کە ئەگەر هەڕەشەیان لێنەکەن، لە بەردەم زۆر کەسی هەلپەرست و تاڵانکار و دز ئاستەنگن. بۆیە دەیان تۆمەتی بێ بنەمایان دەخەنە پاڵ.

باشە ئەم ترسەی دەسەڵات لە دەرەوەی بێ دەسەڵاتی لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئاشکرایە، کاتێک دەسەڵاتدارێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە کەسێکی ژینگەپارێز دەترسێت، جا ئەویش لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە بە دەست کێشەی ژینگەییەوە دەناڵێنێت، دیارە لە لێواری هەڵدێردایە و رۆژانی کۆتایی تەمەنی خۆی دەژمێرێت. وەختێک دەسەڵاتدار بە ترسەوە ژیان دەکات، ئەوە بە واتای دەسەڵاتێکی دژە گەلە. هەرچەند لە راستیدا دەسەڵات هەر دژە گەل و ئازادی و دیموکراسییە. جا ترسی دەسەڵات لە تێکچوون، خۆی بۆ خۆ قەیران ساز دەکات. کە دەسەڵات تووشی قەیران بوو، ئیتر ناتوانێت بڕیارێکی راست و ئاواکار بگرێت. بڕیاری هەڵەیش قەیران قوڵتر و زیاتر دەکات. قەیرانی قووڵ و زۆر مەترسی تێکچوون زیاتر دەکات. بۆ ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتە تێک نەچێ ناچارە زمانی هەڕەشە و هێرش بەکار بێنێت. بۆ زمانی هەڕەشە و هێرش ملیتاریزە کردن پێویستە. دەوڵەتێکی ملیتاریست دەبێت لە ژوور هەتا ژێر، بەرپرسان و رێوەبەرانی بداتە دەست لایەن و کەسانی سەربازی. بڕیار و زمانی کەسانی سەربازیش شەڕ و هەڕەشەیە. زمانی هەڕەشەیش ئاواکار نییە، تێکدەرە. ئەو هەرکەس وەک خۆی نەبێت وەک دوژمن سەیری ئەکات. کەسێکیش وەک دوژمن سەیری بکرێت، کە ئەو کەسانە هەمیشە زۆرینەی ناو وڵاتێکی دیکتاتۆرین، ئەوا پشت لە دەسەڵات دەکەن و وەک خۆی مامەڵەی لە گەڵ دەکەن. لێرەدا کەس ناپەژرێتە سەر ئەوەی کێشە و قەیران چارەسەر بکات. بەڵکوو زۆرینە ئاواتەخوازن کە قەیران قوڵتر و تەمەنی دەسەڵات کورتتر بێت. وڵاتێکی قەیراناویش باشترین بەستێنی دەستێوەردانی گەورە داگیرکەرە جیهانییەکانە. کە ئەوە ئەو دۆخەیە كە دەوڵەتی ئێران رۆژە رەشەكانی خۆی بەسەر دەبات بەدەست مەترسی داگیركەری لەسەری و لەناوچونی. لەمڕۆدا ئێران لە ژێر هەڕەشەی توندی زلهێزە جیهانییەکاندایە. ئیسرائیل و لە ناویدا ئەمریکایش دوازدە رۆژ بە چڕی هێرشیان کردە سەر ناوەندە سەربازی و ناوەکییەکان. زیانێکی گەورەیان بە لایەنی سەربازی و ئابووری و ناوەکی ئێران گەیاند. زۆربەی فەرماندەکانی سوپا و زانیارە ناوەکییەکانی کوژران. هێشتایش ئەم مەترسیە لە سەر ئێران لانەچووە و هەر كات و سات پێدەچێت هێرش دەست پێبکاتەوە. ئەمە بە بیانووی پیتاندنی ئۆرانیۆم بوو. ئۆرانیۆم تەنیا بیانوویەک بوو بەس. بوێری ئیسرائیل نەک تەنیا باوەڕ بوون بەهێزی سەربازی خۆی بوو؛ زیاتر لەو رەوشە پارچەپارچە بووەی ناو خۆی ئێران کەڵکی وەرگرت. چوون دەزانێت گەلانی ئێران بە دەست قەیرانەوە تەنگیان پێ هەڵچنراوە و لەم دۆخەدا ئەگەر پشتیوانی ئیسرائیل و ئامریکایش نەکەن، ئەوا پشتیوانی سیستەمیش ناکەن و بگرە پێیشیان خۆشە کە ئەم سیستەمە هەڵوەشێتەوە. ئەمەیش باشترین هەل بوو بۆ ئەوەی هێرش بکەن. ئەم شەڕەیش وا زوو کۆتایی پێنەهاتووە و کۆتایشی پێ نایەت. کێشەی ئاو و وزەیش بەردوام رووی لە خراپتر بوونە. ئەگەر لە داهاتوودا شەڕ دەست پێبکاتەوە و ئیسرائیل هێرش بکات، باوەڕ دەکەم هەرکەس باش دەزانێت چە کارەساتێک روو بدات. هیچ دوور نییە شەڕگەرم بێت وێسگەی كارەبا و ئاو نەبێتە ئامانجی لێدانەکانی ئیسرائیل. بە راستی ئەمە جێگای پرسیارە ئێران بۆ بارودۆخێکی وەها چەندە ئامادەیە؟ لە ئێستادا ئاو لە تارانا جیرەبەندییە!!! باشە ئەی بۆ رێکخستنەوەی ناوخۆ چاوەڕێی چیدەکات؟ ئایا ئێران بەڕێکخستنەوەی هێزی سەربازی ئەتوانێت لەم شەڕەدا بەسەر دوژمن و قەیرانی وزەدا زاڵ بێت، یا بە ئاشت بوونەوە و یەکێتی لە گەل گەلانی ناو ئێراندا؟ کاتێک باسی رێکخستنی ناوخۆ و یەکێتی ئەکەم باس لە ئاواکردنی بەستێنێک بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی دیموکراتیک دەکەم. باس لە بە یاسایی کردنی مافی نەتەوەکانی ئێران دەکەم.

زوو پەرتووکێکم خوێندبوەوە بە ناوی ئێران کۆمەڵگەیەکی دەم کوورت ( ایران جامعەای کوتاە مدت ) باش لە بیرم نەماوە نوسەرەکەی کێ بوو. باسی ئەوە دەکات کە لە سەردەمی زنجیرە دەسەڵاتە شاهەنشاهییەکان، سەر و ماڵ و موڵکی خەڵک و وەزیر و کاربەدەست و تەواوی خاک و داهاتی ئێران ماڵ و موڵکی شاە بوو. کەنگێ و بۆ کێ، بیخواستایە دەستی دادەنایە سەر ماڵ و موڵکی خەلکی. لە بەر ئەوە گەل لە ترسی شاە زۆر نەدەکەوتنە شوێن ئەوەی کە موڵک و ماڵ پێکەوە بنێن. واتا بیریان لە داهاتوو نەدەکردەوە چوون دیار نەبوو کەی شاە ماڵەکەی بۆ خۆی زەوت بکات و تەنانەت بیشیکوژێت.

بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە، هەر کەس بە تایبەت کاربەدەست و پلە داری ناو دەسەڵات، بە تایبەتتر دەسەڵاتی هەرە ژوور، هەموو خەمیان ئەوەیە کە ماڵ و موڵکێکی زۆر بە تاڵان و دزی پێکەوە بنێن، لە بەر ئەوە دەزانن کە ئەو دەسەڵاتەیان زۆر ناخایەنێت و ئەم هەلەیان لە کیس دەچێت. بۆ ئەوە هەوڵ ئەدەن رۆژێک لە ناکاو دەستیان لە بن هەمانەکە بە خاڵی دەرنەچێت. بۆ ئێستای مرۆڤ ئەتوانێت بێژێت ” ئێران دەسەڵاتێکی دەم کورت”

قەیران بە کەسانی شەڕخواز و زمانی زبر و هەڕەشە چارەسەر نابێت. بە رێبازی سەربازی و ئەمنییەتی چارەسەر نابێت. بە دەسەڵاتداریی رەهای چینێک ناکرێت باسی چارەسەری بکرێت. ددان نەنان بە جیاوازییەکانی گەلان و كۆمەڵگە و رەد کردنی جیاوازییەکان بۆ خۆ قەیران خولقاندنە. پێویستە بە چاوی ئەمنییەتی لە نەتەوە یا جوگرافیایەک تەماشا نەکرێت. پێویستە پرۆژە و پێشنیار و ئیرادە و بەشداربوونی گەل بە حورمەتەوە و دوور لە روانینی ئەمنییەتی بە هەند وەربگیرێت، کێشە تەنیا بە کاربەدەست و رێوەبەرانی دەوڵەتی ئەستەمە چارەسەر بکرێت. ئیتر ئەو کاتە بەسەر چوو کە بڕیار تەنیا لە ژوورەوە بگیرێت و گەل وەک ئۆبژەیەک پێکی بێنێت. گەل نەزان دیتن، بێ ئیرادە دیتن، بێ کەڵک دیتن، کارەساتەکە گەورەتر دەکات. قەیرانی وزە تەنیا قەیرانی دەوڵەت نییە. قەیرانێکە کە گەل هەزینەکەی ئەدات و ئەگەر چارەسەریش بکرێت تەنیا گەل ئەتوانێت چارەسەری بکات. پێویستە دەسەڵات باوەڕی بە عەقڵ، زانست و تێگەیشتنی گەل هەبێت و دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت. رۆژانە مێشک و کەسە پسپۆڕەکان بەر بە هەندەران هەڵدێن. چوون نە هەلی کار، نە هەلی بیرکردنەوە، نە هەلی بە کردەوەکردنی بیرۆکەکانی، نە هەلی پێشنیار، نە هەلی ژیانی بۆ نەماوەتەوە. ئەمیش بۆ خۆی قەیرانە. لە وڵاتێکە وا مێشکەکان هەڵدێن. دەبێت دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە کەی بە خۆدا بچنەوە و خۆ لە قەیرانێک كە بۆ خۆ و بە دەستی خۆ خولقاندویانە رزگار بکەن. وڵات پێویستی بە یەکێتی نیشتمانی، لە سەر بنگەی کۆمەڵگەی ئازاد، کەسایەتی ئازاد و ئیرادەی ئازاد، بە پشت بەستن بە نەتەوەی دیموکراتیکە. تەنیا چارەسەری بۆ دەرکەوتن لەم رەوشە بۆ ئێران پشت بەستن بە تێزی، ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموکراتی رێبەر ئاپۆیە.

بابەتی پەیوەندیدار