شەهید سمکۆ؛ بە یەکانگیرکردنی ئەندێشە و کردار نموودی کرداری و کارامەیی فەرماندارێکی سەردەمیانەیە

چواردەهەمین ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵی پێشەنگ و دانەر و ئافرێنەری خەتێ نوێی فەرمانداری گەریلای رۆژهەڵاتی کوردستان سمکۆ سەرهەڵدان بەرز رادەگرین و سەری رێز و نەوازشی بەرامبەری دادەنەوێنین.

بێگومان داهێنەران و دانەرانن کە لە مێژوودا هەتایی دەبن و بەردەوام شوێنی سەردان و رووگەی یادکردنەوەن و ئاسۆنوێنن. چواردەساڵ لەمەوبەر حیماسەی قەندیل بە پێشەنگایەتی و رەچەشکێنی فەرماندەی پایەبەرز و لێزان و خاوەن ئەزموون سمکۆ سەرهەڵدان بەڕێوەچوو. شەڕێک کە توانایی و کارامەیی دوو جیهان‌بینی نیشان دەدا. رەهەندی گرینگی هەر ئەندێشە و دونیابینییەک بواری پاراستنی و هێزی راگریی ئەو ڕامانەیە. هیچ ئەندێشەیەک ناتوانی سەرکەوتوو بێ، مەگەر ئەوەی رەهەندی پاراستنی و خاوەندارێتیەکەی بەرجەستە و تۆکمە بێ و دڵنیایی‌هێن و متمانە‌بەخش بێ. نموودی ئەو رەهەندەش لە کەسایەتی پارێزوان و جەنگاوەری ئەو ئەندێشەدا دەردەکەوێ. حەقیقەتی ئەندێشەیەک چەندە بەرزتر و پڕئاسۆتر، بە هەمان ئەندازە نەزمێکی رێک‌وپێک‌تر و ‌هێزێکی خۆڕاگرتر و مەیداندارانی بە هەمان ئاست لێوەشاوە و لێهاتوو سازدەکا. شەهید سمکۆ سەرهەڵدان بە یەکانگیرکردنی ئەندێشە و کردار لە گۆڕەپانی پاراستن و جەنگدا نموودی کرداریی و کارامەیی فەرماندارێکی سەردەمیانەیە. ئەو کەسایەتەی کە بە تازەگەری و داهێنان لە سایەی ئەندێشەی ئاپۆیی و نوێ‌بوونەوە لە بواری زەینی و فکریدا توانی بەرامبەر سپایەکی دڕندە و پڕ چەک‌وچۆڵ مێژوویەکی درەوشاوە و بریقەدار لە بەرخۆدان و مەیدانداری بنەخشێنێ. باڵادەستی و لێزانی لە شێواز و رێبازی نەبەردی گەریلایی و تێکەڵاویی لەتەک ورەبەرزی و رۆحی فیدایی و پێشەنگایەتی و هونەری بەڕێوەبەری لە مەیدانی جەنگدا، بوو داڕشتەی هەیکەڵێکی تەواو لە فەرماندە و فەرماندەری خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و هەنگاونان بەرەو ئامانجەکانی گەلی کورد دا.

ئەو رێباز و رێزانییە بوو بە بنەما و بنچینەی فێرگەیەک کە ماوەی چواردە ساڵە کادری پێشەنگ و فەرمانداری هاوشێوەی تێدا پەروەردە دەکرێ و بەردەوام گەریلای رۆژهەڵاتی کوردستان لەو سەرچاوەیە پاراو دەکا و فێری هونەری شەڕ و بەڕێوەبەریی خەبات دەبێ. نموونەی هەری دوایی رێڕەوان و پێشەنگانی ئەو خەتی فەرماندارییە هەڤاڵانی شەهیدمان ئامەد سەرحەد و شوان چیان. کە لە درێژەی هەمان رەوت و رێبازدا بێ‌پشوو لە بەرین‌کردنەوەی خەبات و شەکاوەتر‌کردنی ئالای فەرمانداری گریلادا خاوەن رەنج و دەسکەوتی بەرز بوون. ئەوان بە تێکۆشانی خۆیان سەلماندیان کە رێبازی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان بێ‌پسانەوە بەردەوام بە نوێگەری و داهێنان دەدا لە بواری گریلایی و هەتا مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی شەهیدان رێگەی سەرکەوتن دەبڕێ.

لە کۆتاییدا چواردەهەمین ساڵیادی شەهادەتی فەرماندەی نەمر سمکۆ سەرهەڵدان و هەروەها دویەمین ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵان ئامەد سەرحەد و شوان چیا بەرزرادەگرین و بەڵێنی پێداگری و پابەندی بە رێبازییانەوە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان”ی ر ک”

2-9-2025

بابەتی پەیوەندیدار