ئامەد شاهۆ
قۆناغێک لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران تێپەڕی. رەهەندەکانی ئەو شەڕە تا دەڕوات فراوانتر دەبێت. شوێنی هاوڵاتیان لەهەر دوو لای شەڕەکە دەکرێتە ئامانج. وێرانی و کاولکاری تەشەنە دەسێنێت. ئاماری کوشتنی هاوڵاتیان روو لەهەڵکشان دەکات. شەپۆلی کۆچبەری و کۆچ کردنی هاوڵاتییان لە زێدی لەدایکبوونیان فراوانتر دەبێت. گرانی و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی هاوڵاتیان رووی لەبەرز بوونەوە کردوەتەوە. ئەوەش نیگەرانییەکانی لەسەر دەرئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە زیاتر کردووە.
لەبنەڕەتدا شەڕەکە لە نێوان دوو هێزی هەژمونگەرای ناوچەکە لە پێناو زیادکردنی فراوانخوازییەکانیان بەڕێوە دەچێت. هەر لایەک رۆڵی سەرکەوتن و تێکشکاندنی لایەنی بەرامبەر بەخۆی دەبەخشێت. لەکاتێکدا ئەو شەڕە شەڕێکی دوو دەوڵەت ـ نەتەوەی هەرێمی، شەڕی دەسەڵات و قازانج و سەرمایەیە. واتە شەڕێکە کە سەرتاپای لەدژی بەرژەوەندی گەلان، دیموکراسی و ئازادییە. چون ئەو شەڕە ناتوانێت ئازادی بۆ گەلان مسۆگەر بکات.
رژێم لە لێواری مەرگ نزیک بووەتەوە
رژێمی ئێران بەرپرسی یەکەمە لەهەڵگرساندنی ئەو شەڕە ناڕەوایەدا. واتە ئەگەر رژێم لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕ و گەشەدانەکانی ناوچەکە لەپێناو چارەسەری پرسی کورد، گەلان، ژنان و دیموکراتیزە کردنی ئێران هەنگاوی هەڵبگرتایە، ئەمڕۆ پزیسکی شەڕی جیهانی سێهەم نەدەکەوتە ناوخۆی ئەو وڵاتە. بەڵام ملهوڕی، لەخۆڕازی بوون، هاشووهووش و زیهنیەتی دواکەوتوو و کۆنەپارێزانەی وای کرد کە وڵات گیرۆدەی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بکات. دیارە لۆژیک و زیهنیەتی شەڕانگێزانەی دەسەڵاتدارانی رژێم زیاتر ناوچەکە گیرۆدەی شەڕ و پشێوی دەکەن. ئەوەش نە بە واتای بەهێزبوونی رژێمە، بەڵکوو بە واتای لاوازی و سەرگەردانی رژێم و ناوەندە شەڕانگێزییەکانیەتی. هەر چۆن کە لە ئێستادا لەناو پەلەقاژەکردندایە هەڕەشە و گوڕەشەکانی بۆ سەر گەلی کورد کۆتایی پێ نایەت. بە سیناریۆی داتاشراو رەوایەت بە میلتاریزەکردنی کوردستان دەدات. جارێکی دیکە گەلی کورد بە گرووپی جوداخواز، ئاژاوەگێڕ و تیرۆریست تۆمەتبار دەکات. گیراوانی سیاسی وەک بارمتە راگرتووە و بە لەسێدارەدانیان هەڕەشە لە گەلی کورد دەکات. بێگومان ئەو سیاسەتەی رژێم هیچ خزمەت بە ئاسایش و ئارامی ناوخۆی ئێران ناکات، بەڵکوو رژێم لە لێواری مەرگ نزیک دەکاتەوە. بۆیە رژێم بەو تۆمەتانە ناتوانێت گەلی کورد بۆ پەلکێش کردنی ناو شەڕەکە تەحریک بکات.
لەکاتێکدا یەکەمین گوژمی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گورزێکی جەرگبڕانە و تێکشکێنەرانەی وەبەرکەوتووە. چون لەیەکەمین گورزدا بەرپرسە دەرجە باڵا و یەکەمەکانی سوپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەکان و زانا ئەتۆمییەکانی رژێم کوژراون. واتە رژێمێک کە ئەوەندە هێزنوێنی و خۆی بە زەبەلاح نیشان دەدا، لە یەکەمین گورزی شەڕدا زەمین کێش دەکرێت. ئەوە سەلماندی کە رژێم چەندێک لەبواری سەربازی، ئەمنی و سیاسییەوە ئامادەکاری بۆ شەڕ کردووە و خاوەن هێز و توانایە. لەکاتێکدا سەرەتای ئەو شەڕە پەیامێکی راشکاوانەی بڵاو کردەوە کە رژێم لەلاوازترین دۆخی دەسەڵاتداری تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی ژیان بەسەر دەبات. چون ئەوەندە بە ئاسانی دزە کراوەتە ناو دەزگا هەواڵگری، لەشکەری، سیاسی و ئابوورییەکانی کە دەسەڵاتدارانی رژێمی تووشی شۆک، تۆقاندن و ئیفلیج بوون کردووەتەوە.
ئیسرائیل بە بیانووی لەناو بردنی بنکە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی رژێم، لەبۆردومانی بێ ناوبەری خۆی بۆ سەر ئێران بەردەوامە. دیارە ئەو هێرشانەش بە رێ و رێبازی جیاجیا بەردەوام دەبن. چون کێشەی ئیسرائیل لەگەڵ رژێمی ئێران فراوانتر و زیاتر لەو بابەتانەیە. بۆیە لەیەکەمین قۆناغدا بەرپرسە باڵاکانی سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنی و زانا ئەتۆمییەکان و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئامانج گرتووە. بەڵام هێرشەکان بەو ناوەندانەوە سنووردار نامێنێ. واتە ئیسرائیل لەمەو بەدوا هەموو ناوەندە حکومییەکانی رژێم بە تایبەت ناوەندە سەربازی، ئەمنی، ژێرخان و سەرخانی ئابووری و ناوەندە بانگەشە و ئایدۆلۆژی و پەروەردەییەکانی زیاتر دەکاتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی. لەهەمان کاتدا تیرۆری بەرپرس و سیخوڕ و مۆرە دیارەکانی رژێم سەرهەڵبدەن و ناوخۆی ئێران ئاڵۆز و شڵەژاوتر بکرێت.
ئەوەش دەرئەنجامی سیاسەتی نکۆڵی کارانەی رژێمە کە بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی مردن بۆ ئیسرائیل و سڕینەوەی لەسەر گۆی زەوی بەرز کردوەتەوە. هاوکات زیاتر لە ٤٦ ساڵە ئابووری وڵاتی بۆ پڕچەک کردن و رێکخستن کردنی هێزە پرۆکسییەکانی تەرخان کردووە. لەهەمان کاتدا ٤٦ ساڵە بە سیاسەتی لەسێدارەدان، تیرۆر، ئەشکەنجە، گرتن، بێکاری، ماددەی هۆشبەر و برسێتی و هەژاری گەلانی ئێران دەچەوسێنێتەوە. واتە هەم لەدەرەوە و هەم لەناوخۆی وڵات پەرەی بە سیاسەتی شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕی و تیرۆر داوە. لەپێناو چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کورد، ژنان و گەلان هیچ هەنگاوێکی نەناوە. نیازپاکی، پڕۆژە و پلانە دیموکراتیکەکانی گەلی کوردی بە سیاسەتی لەسێدارەدان، تیرۆریزەکردن، جوداخوازی و ئاژاوەگێڕی وەڵام داوەتەوە. واتە لەسیاسەتی سەرکوت، داپڵۆساندن و چەوساندنەوە پێداگری کردووە. بۆیە بەو سیاسەتانەی بووەتە هەڕەشە و مەترسییەکی جددی بۆ سەر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە.
رژێم دوا بزمار لەتابووتی دەسەڵاتداری خۆی دەدات
بەم دەستێوەردانە لە پێناو دیزاین کردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوین لەیەکەم هەنگاودا پێویستی بەوە بیندراوە کە هێز و دەسەڵاتداری رژێم لاواز و بچووک بکرێتەوە. واتە تا ئەو ئاستەی کە بە هەڕەشە و گوڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا لەقەڵەم نەدرێت. هەڵبەت ئەو سیاسەتە بە لاوازکردن و بێ کاریگەر کردنی هێزە پرۆکسییەکانی رژێم سنووردار نەکرا. بەڵکوو لاواز کردنی پڕوکسییەکانی رژێم دەرفەتی رەخساند کە دەستێوەردانی دەرەکی بۆ سەر ئێران زووتر فەراهەم بکات. واتە بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە رژێم هاوشێوەی حەماس و حیزبووڵا لاواز و بێ کاریگەر بکەن. رژێمێکی بێ سوپای پاسداران، بێ عەلی خامنەیی و بێ ولایەتی موتڵەقەی فەقیە بهێڵنەوە. بۆیە کوشتنی توندڕەوەکانی ناو رژێم لەپیلانی یەکەمی شەڕەکەدایە. واتە کوشتنی عەلی خامنەیی و هاوڕەنگەکانی بەدوور لەو سیناریۆیانەی شەڕەکە نییە. ئەگەر ئەوەش روو نەدات مانەوەی خامنەیی و دەستەو تاقمەکەی لەسەر کورسی دەسەڵات زۆر ئەستەم دەبێت و پێویستی بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات دەبێت.
بژاردەیەکی دیکە لەچاوەڕوانیدا دەبێت، ئەوەیە کە شەڕەکە وەرچەرخێتە شەڕێکی ماندووکەر بۆ هەر دوو لایەن. ئەوەش ماڵوێرانی و کاولکاری ناوچەکەی بە دواوە دەبێت. یان شەڕەکە پەلکێشی ناوچەکە ببێت و ناوچەکە لەو شەڕەوە تێوەبگلێنرێت. بۆیە شەڕەکە چەندێک درێژخایەن بێت، ئەوەندە لەزیانی گەل و کۆمەڵگە دەشکێتەوە. لەم قۆناغەدا ئەمریکا لەشەڕی دیپلۆماسیدا رژێم گۆشەگیر و لاواز دەکات. ئیسرائیلیش بە هێرش و بۆردومانەکانی، رژێم لاواز و ناچاری تەسلیم بوون دەکات. ئەگەر رژێمی ئێران لەمێزی دانوستاندن پێداگری لەسیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، بە زەبری هێرشی ئیسرائیل ناچاری دەکەن کە هەنگاو بەرەو دواوە هەڵبنێت. هەڵبەت هێرشەکانی ئیسرائیلیش هەرگیز ناتوانێت ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلان بەدی بێنێت.
بژاردەیەکی دیکەی بەردەم رژێمی ئێران لەئارادایە، بە بێ شەرت و مەرج تەسلیمی ئەمریکا ببێت. بۆیە بەو هێرشانە دەیانەوێت رژێم ناچاری گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بکەن. بە گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی دانوستان رژێم هەموو ناوەندە ئەتۆمییەکانی دابخات و واز لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمی و فراوانخوازییەکانی لەناوچەکە بێنێت. بەڵێنی ئەوە بدات کە نەبێتە هەڕەشە و گوڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا. لەو لاشەوە خامنەیی دەسەڵات رادەستی ئەو هێز و لایەنانە بکات کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکەن. ئەم بژاردەش بە واتای مەرگی نەرم و بێدەنگی رژێمە. واتە بە کشانەوەی رژێم بۆ سەر مێزی دانوستان دەیانەوێت بە بێ شەڕ رژێم بێ کاریگەر و تەسلیم وەربگرن.
لەلایەکی دیکەوە پانتایی هێرشەکان بەو ئاقارەدا دەڕوات کە ئیسرائیل نیازی گۆڕین و رووخانی رژێمی هەبێت. بۆ ئەوەش پەلکێش کردنی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ شەڕەکە زیاتر لەئارادا دەبێت. هاوکات چەک و تەقەمەنی مەترسیدارتر لەشەڕەکە لەدژی یەکدی بەکار ببردرێت. شوێنی نیشتەجێی هاوڵاتیان زیاتر بکرێنە ئامانج و شارەکان وێران بکرێن. ئەوەش بژاردەیەکە کە مەترسییەکی جددی بۆ داهاتووی گەلانی ئێران درووست دەکات و ئێران بەرەو پارچەبوون و شەڕی ناوخۆیی پەلکێش دەکات.
دەرئەنجامی هەر یەک لەو بژاردانەی لەبەردەم ئێراندا دانراوە، ناتوانێت سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوخۆی ئێران بگەڕێنێتەوە. بەڵکوو ئەو بژاردانە بەرپابوونی کارەساتی مرۆیی بەدوای خۆی دێنێت. چون رژێم لەم شەڕەدا تەنانەت هاوڵاتیانی مەدەنی وەک بارمتەی شەڕ و قەڵغانی پاراستن بەکار بردووە. واتە رژێم بەو سیاسەتەی دوا بزمار لەتابووتی دەسەڵاتداری خۆی دەدات.
باشترین بژاردە بۆ گەلانی ناوخۆی ئێران برەودان بە یەکێتی و یەکڕیزی نێوخۆییە
ئەگەر ئەو شەڕە نە لەقازانجی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ئێران، پرسی دیموکراسی و ئازادی بێت، لەو کات و ساتەدا رۆڵ و بەرپرسیاری گەلان چی دەبێت؟ ئەزموونی شەڕ و نائارامییەکان لە ناوچەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە گەلان لەو شەڕ و ململانێیە خۆ بە دوور دەگرن و نابنە سووتەمەنی هیچ لایەنێکی شەڕەکە. واتە لەو پێناوەدا باشترین بژاردە بۆ گەلانی ناوخۆی ئێران برەودان بە یەکێتی و یەکڕیزی نێوخۆییە. سادەتر بڵێم پێویستی بە دامەزراندنی پلاتفورمی دموکراتیک گەلان هەیە، تا لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆیان بڕیار بدەن و پەرە بە کار و خەباتە دیموکراتییەکانیان بدەن. هاوکات پێویستە گەلان ئامێز بۆ یەکدی ئاوەڵا بکەن و خاوەندارێتی لەیەکدی بکەن. لەم قۆناغە سەخت و دژوارەدا پێویستە گەلان بە هانای یەکدییەوە بڕۆن و لەپاڵپشتی کردن و هاوکاری و یارمەتیدان بە یەکدی درێغ نەکەن. لەو پێناوەدا دامەزراندنی کۆمیتەکانی هاوکاری بۆ بە هاناچوونی گەلەوە پێویستی سەردەمەکەیە. بۆیە رێکخراوە و دامەزراوە مەدەنییەکان ئەرک و بەرپرسیاری مێژووییان بۆ خاوەندارێتی گەل لەئەستۆدایە.
ئەو شەڕە ئەوە بە سەر هەموو لایەکدا فەرز دەکات کە زیاتر لەهەر قۆناخێک گەل خۆی بە رێکخستن بکات. بە رێکخستنێکی بەرین و فراوان دەتوانێت بەرگەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕە بگرێت. بەو میکانیزمە گەل خاوەن هێز و پلان دەبێت. بە برەودانی پاراستنی جەوهەری دەتوانێت بەرپەرچی هەر هێرشێک بۆ سەر دەستکەوتەکانی بداتەوە. بۆیە لەم قۆناغەدا پشت بەستن بە هێز و توانای گەوهەری گەل زامنی سەرکەوتن و بە دیهێنانی ئازادی و بەرقەراری دیموکراسی دەبێت.
سەرهەڵدانەوەی بڵێسەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی پێویستییەکی سەردەمیانەیە. چون گەلان بۆ خۆیان خاوەن شۆڕشێکی هاوچەرخن. ئەو شۆڕشەش دەتوانێت هەبوون و ئازادییەکانیان مسۆگەر بکات. بۆیە سیناریۆی راپەڕینی گەل بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەدژی دەسەڵات بە پارادیگما، فەلسەفە، ئاڵا و نرخەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی مسۆگەر دەبێت.
یەک خیتابی، یەک هەڵوێستی و یەکگوتاری بۆ پارتەکانی رۆژهەڵات پێویستییەکی سەردەمیانەیە
ئەزموونی گرنگ و پڕ بە نرخی هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەئارادایە. چ کاتێک یەکگوتاری، یەک هەڵوێستی و یەکێتی لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لەئارادا بووبێت، گەل تێکڕا بە هەڵوێستی دیموکراتییانەیان پێشوازییان لەبڕیار و پڕۆژەی حیزبەکان کردووە. بۆیە هەستیاری دۆخەکە ئەوەی دەوێت کە هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات ببنە خاوەن یەک خیتاب، یەک هەڵوێست و گوتارێکی هاوبەش. واتە بە پڕۆژەیەکی هاوبەش ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانی داهاتوو لەئامێز بگرن. تایبەت گەلی کورد بۆ ئەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تاجدار بکات و ماف، هەبوون و ئازادییەکانی مسۆگەر بکات، پێویستی بە دامەزراندنی کۆنگرەی دیموکراتیکی نەتەوەیی کورد هەیە کە بەدوور لەعەقڵیەتی تەسکی حیزبایەتی، خێڵایەتی، بنەماڵەگەرایی، ناوەندگەرایی و دیکتاتۆریەت بێت. چون هەر هێز و لایەنێک بیەوێت سواری ئەو شەپۆلەی شەڕ ببێت و بیەوێت لەپێناو بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی سەروەری بە سەر گەلدا دروست بکات، لەزبڵدانی مێژوو دەگرسێتەوە.
پەژاک لەو پێناوەدا چۆن لەسەرەتاوە پێشەنگایەتی بۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کردووە، لەم قۆناغەدا بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد و پرسی گەلانی ئێران بە پشت بەستن بە چەمک، تێڕوانین و پرەنسیپەکانی چارەسەری دیموکراتیک و بۆ پێشخستنی رێکاری نەتەوەی دیموکراتیک پەرە بە تێکۆشان و خەباتی ئازادیخوازانەی دەدات. هەرچەند کە هەلومەرج بۆ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەم قۆناغەدا زیاتر فەراهەم دەبێت، پەژاک ئامادەیە رۆڵ و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی بە جێ بێنێت. تەنانەت بە هەموو هێزیەوە پاڵپشتی پڕۆژە دیموکراتییەکانی گەل دەکات و لەئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەر گەلی کورد، ئەرکی پاراستنی گەل بە ئەستۆ دەگرێت.