بۆ رای گشتی کوردستان
پرسی یەکیەتی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە کوردستان کە بۆ وەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانی بەڕێوە چووە، بەردەوام یەکێک بووە لە خواستە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد. گومانی تێدا نیە کە یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەرفەت و هێزێکی زیاتر بۆ تێکۆشانی گەلەکەمان دەڕەخسێنێت و رێگر دەبێ لە بەخەسارچوونی توانا و وزەی کۆمەڵایەتی – سیاسی نەتەوەی کورد.
لەم ساڵانەی دواییدا کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە خێرایی لە پەرەسەندن دایەو رێکخستنەوەی نوێی ناوچەکە خەریکی داڕشتنەوە و شکڵ گرتنە، هاوکاتیش دەرفەتێک بۆ نەتەوەکەمان رەخساوە کە پێگەی نەتەوەیی خۆی سەقامگیر بکات، هەوڵ و تێکۆشانی دروستبوونی بەستێنێک بۆ لێک نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و لە ئەنجام دا یەکیەتی نێوانیان، لە ئارادایە. کەسایەتی، ناوەند، هێز و رێکخراوگەلێک لەم پێوەندییەدا دەستپێشخەرییان نواندووە و پێشنیاری خۆیان پێشکەش کردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گەیشتن بە قۆناغێکی خێراتر لە گۆڕانکارییەکان، دیسان کەسانێک بە جەختکردنەوە لە رەخساندنی گوتارو بەستێنی یەکیەتی نێوان لایەنە کوردییەکان لە هەوڵ و کۆشش دان. بە لەبەرچاوگرتنی هەرکام لەم هەوڵ و تێکۆشانانە، دەکرێ هەم زیاتر لە خواستی گەلەکەمان تێبگەین و هەمیش بگەین بە رەهەندە نوێیەکانی ئەم پێویستییە، بۆیە جێگەی پێزانین و رێزگرتنن.
پارتەکەمان وێڕای رێزگرتن لە هەموو ئەم هەوڵ و تێکۆشانانە، خوازیارە بە روانینێکی ئەرێنی لە بەرانبەر هەموو ئەم هەوڵدانانە هەنگاو هەڵبگرێت و لەم پێناوەش دا بە پێشنیارەکانی خۆی ئەم بابەتە زیاتر بەرهەمدار بکات. لە هەمان کاتیش دا بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ پێشخستنی وتوێژەکان بە مەبەستی یەکگرتوویی رادەگەیەنێت و لەم پێوەندییەش دا کۆمەڵێک پێشنیارمان داڕشتووە و بە شێوەی نووسراو پێشکەشمان کردووە، کە دووبارە جەختیان لێ دەکەینەوە. هەر وەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دا بینیمان، یەکیەتی نێوان هێز و لایەنەکانی نەتەوەکەمان تەنیا رێگەی پێشخستنی دروستی تێکۆشانە، کە لە کۆتایی دا مەجبوور بە جێبەجێ کردنی ئەم بابەتە گرنگەین، بابەتێک کە لەگەڵ ئاخێوی دیموکراسی و رۆحی پلۆرالیزمی سەردەمیانەدا دەنگوجێت. ئەرکی هەموو هێز و لایەنەکانە لەم پێناوەدا هەنگاو هەڵبگرین. روانینی پارتیمان لەم پێوەندییەدا لە سەر بنەمای باوەڕییەوە و کاردانەوەیەکی تاکتیکی نیە، گوتارو کردارمان لە ئێستادا ئەم راستییە دەسەلمێنێت.
لەم دواییانەشدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( ک ن ک) بە مەبەستی سازبوونی بەستێنی یەکیەتی نێوان لایەنە کوردییەکان و لە ئەنجام دا یەکگرتوویی نێوان لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەئەزموون ترین ناوەند لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاری نێوان هێزە و کەسایەتییەکان و بە گشتی لە نێو نەتەوەی کوردستانە و لەم پێناوەشدا چەندین نموونەی تێکۆشانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بردووە. پارتیمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای راگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ سەرخستنی سەرجەم هەوڵ و تێکۆشانەکان لەم پێناوەدا، وڵامی ئەرێنی بە راگەیاندراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەدات. ئامادەین بە پشتبەستن بە هێز و توانا و دەرفەتەکانمان پشتیوان و هاوکاری ئەم هەوڵدانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بین. هیوادارین کە تێکۆشانەکان لەم پێوەندییەدا بە زووترین کات بگاتە ئەنجام، بە دڵنیاییەوە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەبێت.
٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ ی کوردی
٢٤ ی ژوئەنی ٢٠٢٥ ی زایینی
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)