هەنووکە بیست و پێنج ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت. پێکهاتەی دەوڵەت- نەتەوەی کە لەناوەرۆکدا پێکهاتەی کومەڵکوژی و داگیرکاریە، بە درێژایی سەدەی بیستەم کانگای هزری چەوساندنەوە و بەڕێوەبردنی سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی لە دژی گەلانی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. ئەم عەقلیەتەی کە کۆمەڵکوژی دێرسیم و گەلیە زیلان و گەلی ئەرمەن و سوریانی بەڕێوەبرد، هەمان عەقلیەتە کە کۆمەڵکوژیەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و ئیندرقاش، هەڵەبجە و ئەنفال، شەهیدکردنی ژنە سیاسەتمەدارە کوردەکانی پاریس و کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوورە دەستکردەکانی بەڕێوەبردوە و بەڕیوەدەبات.
ئەمڕۆکە وەک گەلی کورد لە قۆناخێکی هەستیاری سیاسیدا تێپەڕ دەبین. قۆناخێکە کە یا کۆتایی بە عەقڵیەت و پێکهاتەی کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە دێنێت یانخود سەدەیەکی تر رووبەڕووی هەمان مێژووی پڕ لە کارەساتی سەدەی رابردوو دەبێتەوە.
لە ئاستی باشووری کوردستاندا باشترین هەوڵ و وڵام بۆ دەستپێکی قۆناخێکی نوێ و کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژی، بەرجەستەکردنی هێڵی نەتەوەیی- دیموکراتیکە و لە ئاست پارچەکانی تری کوردستاندا بەرزکردنەوەی تێکۆشانی گەلی شۆڕشگێرە.
شەهیدانی هەڵەبجە بەشێکن لەو نرخانەی کە گەلی کورد لە پێناو گەیشتن بە ئازادیدا پێشکەشی کردوە و لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدایە کە گەلی کورد رووبەڕووی هەموو جۆرە سیاسەتی لەناوبردن بوەتەوە.
لە کۆتاییدا وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سەری رێز و نەوازش لەبەردەم گشت شەهیدانی هەڵەبجە و شەهیدانی کارەساتی هێرشی کیمیایی بۆسەر شاری سەردەشت, دادەنوێنین و یادی ئەم شەهیدانە بەرز رادەگرین.
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک
16.03.2013