بۆ رای گشتی:
لە رۆژانی دواییدا، زەخت و گوشارەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ سەر گەلی کورد و بە تایبەت چالاکانی سیاسی رووی لە زیاد بوون کردووە. لە ئەنجامی ئەم زەخت و گوشارانەدا، چەندین کەس لە چالاکانی سیاسی لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، سنە و پاوە دەستگیر کراون و هێشتاش هۆکاری دەستگیرکردنیان نازانرێت. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا سزای سێدارە بە سەر چالاکی سیاسی کورد “عەلی ئەحمەد سولەیمان” سەپێندراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پێنج ساڵ سزای زیندان بەم چالاکە سیاسیە درابوو و سزاکەی کۆتایی پێهاتبوو. ئەم زەخت و گوشارانەی رژیم لە دژی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا بەرفراوان بوەتەوە کە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد لە لوتکەدایە و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و دانپێدانان بە راستەقینەی گەلی کورد و مافەکانی وەک راستیەک خۆی داسەپاندووە. بەڵام رژێمی ئێران نەتەنیا ئامادە نیە هیچ چەشنە هەنگاوێک لە پێناو چارەسەری کێشەی کورد بنێتەوە، بەڵکوو بەم کردەوانە لە هەوڵی خنکاندنی یەکجارەکی کەش و هەوای سیاسی ناوخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان دایە. گرتنی چالاکانی سیاسی کورد و سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا، بەتایبەت لە قۆناخێکدا کە چارەنووسی کوردان گفتگۆی لە سەر دەکرێت، هەڵگری پەیامێکی دژبەرانەیە لە بەرانبەر گەلی کورد و هاوکات پێداگری کردنە لەسەر سیاسەتی قڕکردن و هەڵوێستی میلیتاریستی. بێگومان ئەو کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی، بە هیچ شێوازێک لە لایەن گەلی کوردەوە پەسەند ناکرێت.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئەم سیاسەتانەی رژیم مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە بە زووترین کات دەست لەم سیاسەتانە هەڵبگرێت و پێداچوونەوەیەکی جیدی بەسەر سیاسەتەکانی لە مەڕ پرسی کورد بکات. لە جێگای ئەم سیاسەتە دژبەرانەیە، پێویستە رژیمی ئێران لە پێناو چارەسەری کێشەی کورد هەنگاوی بە پەلە بنێتەوە. رژیمی ئێران پێویستە ئەم بابەتە بە باشی بزانێت کە گەلی کورد بەم سیاسەتانە، دەست لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە و رەوای خۆی هەڵناگرێت و لەم بوارەدا هەتا کۆتایی بەبڕیارە. هاوکات بانگ لە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین کە لە بەرانبەر ئەم سیاسەتانەی رژیم، لە سەرجەم گۆڕەپانەکان تێکۆشان بەرز بکەنەوە. پێویستە بەرزکردنەوەی ئەو تێکۆشانە لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە درووشمی “یان ئازادی یان ئازادی” پەرەبستێنێت.
لە کۆتاییدا بانگەوازیمان بۆ گەلەکمان ئەوەیە کە بە شێوەی جەماوەری نەوررۆزی ئەمساڵ پیرۆز بکەن و بەم پیرۆزباییانەش قۆناخێکی نوی لە تێکۆشانی ئازادیخوازی دەست پێبکەن.
کوردیناسیونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
11.03.2013