بۆ ڕای گشتی و گەلی وڵاتپارێزمان؛

لە چل ڕۆژی رابردوو هەتا ئەوڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک بە هاوکاری دەزگای سیخوڕ و خیانەتکاری بنەماڵەی خائینی بارزانی لە سەر ناوچەی ماوەت و زنجیرەچیاکانی ئاسۆس بە دەیان جار هێرشی هەوایی ئەنجام داوە. ئەو هێرشانە کە هەموو بە ڕێگەی فرۆکەی جەنگی ئەنجام دراون، زەرەر و زیانێکی زۆری مادی بە ڕەز و باخ و ژینگەی گەل و وڵاتمان لە گوندەکانی گەڵاڵە، سەفرە، قامیش و شینکێ گەیاندووە؛ بەڵام هیچ زیانێک بەر هێزەکانی گەریلا نەکەوتووە.

هەروەها شەوی ڕابردوو کاتژمێر نۆ هەتا نۆ ونیوی شەو (٢١ تا ٢١:٣٠) ، گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت چوار جاری دیکە لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆمباردمان کراوە، کە لە ئەنجامدا دیسان زەرەرێکی مادی زۆر بەر ژینگە و ڕەز و باخی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە کەوتووە. وێڕای ئەوەی دیسان زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتوووە بەڵام، بەشێک لە دارستانی دۆڵی کوێرەکانی گوندی گەڵاڵە لە ناو ئاگردا سوتان و هەتا ئێستاش ئەو ئاگرە بەردەوام دەکا. لە سەر ئەو ئەساسە سەرجەم پرۆپاگەندەی دەوڵەتی تورک کە لە ماوەی رابردوو لەو بارەیەوە کردوویەتی کە گوایە گورزی لە هێزەکانمان وەشاندووە دور لە راستییە و بە تەواوی رەتی دەکەینەوە. میدیا و دەزگای سیخۆڕی دەوڵەتی فاشیستی تورک هاوتەریب لە گەڵ میدیا و دەزگای سیخۆڕی بنەماڵەی بارزانی بۆ شاردنەوەی ئەنجامی ئەو هێرشانە بەردەوام شەڕێکی دەرونی دژ بە گەلەکەمان بەڕێوە دەبەن، کە پێویستە سەرەتا گەلی نیشتمانپەروەر و خۆڕاگرمان لە باشوری کوردستان و هەموو هێز و لایەنەکان بزانن ئەو هێرشانە قەت نابنە ئاستەنگ لە بەرامبەر تێکۆشانمان و هێز و ورەمان بۆ بەردەوامی خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی کوردستان بە گوڕتر دەکا. ئامانج لەو هێرشانە ترساندنی گەلەکەمان و چۆڵ کردنی گوندەکانی ناوچەی ماوەتە. بەڵام بە خۆشیەوە گەلەکەمان لەم ناوچەیە بەو پەڕی دڵسۆزی و وڵاتپارێزییەوە پێداگرە لە سەر پاراستنی خاک و ژینگە و هەنگاو بەرەو دواوە نانێ و لە سەر خاکی پیرۆزی ئەو ناوچەیە بەسەربەرزی و کەرامەتەوە ژیان دەکەن.

جارێکی دیکە وێڕای مەحکووم کردنی سەرجەم ئەو هێرشانە و هاوکاری خەتی خیانەت، هەڵوێستی بوێرانەی گەلمان لە گوندەکانی ناوچەی شارباژێڕ بەرز دەنرخێنین و داواکارین وەک هەمیشە ڕێگە بە جووڵەی سیخوڕانی بنەماڵەی بارزانی نەدەن و لەسەر ئەرکی وڵاتپارێزیان بەرەنگاریان ببنەوە.

٠٣/ ٠٩/ ٢٠٢٤

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)