ساڵی 2008 و لەرۆژی جەژنی كرێكارانی جیهان لەهێرشێكی فرۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك پۆلێك لەهەڤاڵانی كۆمیتەی راگەیاندنی ئازادی پەژاك لەچیاكانی كوردستان كۆمەڵكۆژ كران. ئەو كۆمەڵكۆژیە لەكاتێكدا پێكهات كە رۆژی جیهانی كرێكاران و رەنجدەران و زەحمەتكێشانی جیهان وەكو رۆژی جیهانی خۆیان دەزانن و لەو رۆژە مێژوویەدا كرێكاران و رەنجدەرانی جیهان رق و توڕەیی خۆیان بەسەر سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا هەڵدەڕێژن و یەكگرتن و كۆدەنگی چینی كرێكار و رەنجدەر وەكو بژاردەی رزگاربوون لەدەستی سیستەمی قۆرخكار و دسپۆتی سەرمایەداری و سیستەمی مۆدیرنیتەی كاپیتالیزم دەبینن و ئەو رۆژە وەكو جەژنی خۆیان دەبینن، كەچی هەر لەو رۆژەدا، دەوڵەتی توركی بەكرێگیراو و دەستەمۆی سیستەمی سەرمایەداری و ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ و كاندیدكراو بۆ قەبوڵكردن لەیەكێتی ئەوروپا كۆمەڵكۆژیەكی هۆڤانە پێكدێنێت، ئەمەش ئاستی بێ ئەخلاقی سیستەمی جیهانی نیشان دەدات كە ئەو سیستەمە لەبڵندترین ئاستەكاندا هیچ نرخ و بەهایەك بۆ پیرۆزیەكانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و كۆمەڵگە دانانێت و بگرە بەوەحشیانەترین و پێشكەوتووترین چەك و تەكنەلۆجیای سەربازی هێرش دەكاتە سەر نرخ و بەها كۆمەڵایەتیەكان و بەئامانجی لەناوبردنیان سڵ لەهیچ كاردانەوەیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتیش ناكاتەوە.

وەكو كۆمیتەی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”، لەگەڵ ئەوەی رۆژی یەكی گوڵان رۆژی جەژنی كرێكاران جیهان لەهەموو كرێكاران و رەنجدەرانی جیهان و بەتایبەتی كرێكاران و رەنجدەرانی كورد و لەكەسایەتی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد” رامان جاوید، ئارگەش باوەڕ، فۆرات چەلێ، هێرش مەهاباد، ئارمانج مەریوان و وەداد ئامەد” ئازاد پیرۆزبایی دەكەین و لەهەمانكاتیشدا، دەسەڵاتی ملهۆر و خوێنمژی دەوڵەتی تورك و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ریسوا و شەرمەزار دەكەین.

هاوپەیمانی دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان و بەتایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئێران و بەهاوكاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ـ ئەوروپا و ئێراق، هاوپەیمانیەتیەكی چەند قۆڵیان لەساڵی 2008دا لەدژی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان پێكهێنابوو. بەپێ رێككەوتنی ئەمنی ـ پاراستنی نێوان ئێراق و ئەمریكاش دەبوو لەساڵی 2008دا هێزە سەربازیەكانی ئەمریكا بەتەواوەتی لەئێراق بكشێننەوە و دۆسیەی ئەمنی ـ سیاسی ئێراق رادەستی هێزە عێراقیەكان بكەن. بۆیەش لەئەگەری دەركەوتنی ئەمریكا لەناوچەكە، دەبوو هێزێك بتوانێت لەناوچەكە ئەو بۆشایەی لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا درۆست دەبێت پڕ بكاتەوە و باشترین بژاردەش بۆ ئەوان دەوڵەتی توركی داگیركەر بوو. دەوڵەتی تورك ماوەی پەنجا ساڵی رەبەقە وەكو مەقاشێكی دەستی هێزە سەرمایەدارەكان و بەتایبەتی ناتۆ و لەسەرەوەی هەموویانەوە ئەمریكا رۆڵی جەندەرمەیەك بۆ سیستەمی جیهانی و بەكرێگیراویەتی بۆ ئەمریكا و ئەوروپا دەگێرێت. رژێمی داگیركەری و فاشیستی ئێرانیش هاوشێوەی دەوڵەتی تورك وەكو ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێش خۆی مەڵاس دابوو كە ئەمریكا كشایەوە هەلبكۆتێتە سەر ئێراق و هەیمەنەی خۆی لەرووی سەربازی و سیاسیەوە بەتەواوەتی بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

ئەمریكا و ئەوروپا بۆ ئەوەی سازشێكیان بۆ دەوڵەتی داگیركەری ئێران كردبێت و ئەو رژێمە لەخۆیان رازی بكەن، ئاسمانی عێراق بەرەو رووی فرۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر دەكەنەوە و لەبێدەنگی وڵاتانی بەناو دیموكراسی و ئازادیخوازی ئەوروپا پەلاماردانی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان دەدەن. لەو هێرش و پەلامارە كۆمەڵكۆژكارانەی فرۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك؛ لانی كەم شەش هەڤاڵی كۆمیتەی راگەیاندن و چاپەمەنی پەژاك بەناوەكانی”رامان جاوید، ئارگەش باوەڕ، فۆرات چەلێ، هێرش مەهاباد، ئارمانج مەریوان و وێداد ئامەد”دەگەنە كاروانی شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی گەلی كوردستان.

هاوكات لەساڵی 2008 ئەمریكا و هاوپەیمانی ناتۆ بۆ زیاتر پەیوەستكردن و دڵخۆشكردنی دەوڵەتی فاشیستی تورك و دەسەڵاتی ئاكەپە بۆ زیاتر زیاتر كەوتنە خزمەتی سیستەمی جیهانی و بەكرێگیراویەتی زیاتر، پەلاماری هەرێمی زاپ و هەرێمەكانی پاراستنی مێدیا و گەریلاكانی ئازادی كوردستانیاندا. لەو بەروارە تا ئێستاكە ماوەی پانزدە ساڵە دەوڵەتی تورك سەرەڕای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ئەتۆمی تاكتیكی ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكی نەیانتوانیووە ئیرادەی خۆڕاگری گەریلاكانی ئازادی كوردستان لەو هەرێمانەدا بشكێنن و هەرێمی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك بووەتە دۆزەخ و گۆڕستانی سەربازانی تورك و شكستی سەد ساڵەی سیاسەتی قڕكەر و فاشیستی دەوڵەتی داگیركەری توركی داگیركەر و فاشیست.

یەكی گوڵان رۆژی جیهانی كرێكاران و رەنجدەرانی جیهانی لەكاتێكدا وەبیردێنینەوە كە چینی كرێكار و رەنجدەرانی جیهان زیاتر لەساڵانی رابردوو لەژێر زەخت و گۆشار و چەوساندنەوە و لەژێر چەپۆكی سیستەمی ناعەداڵەتی و نابەرابەری و نایەكسانیدان و رۆژبەرۆژ ژیان و گۆزەرانی چینی كرێكار و رەنجدەر پڕزەحمەتتر دەبێت. یەكێك لەو رژێمە داگیركەرانەی هیچ نرخ و بەهایەك بۆ رەنج و ماندوویەتی چینی كرێكاران و رەنجدەران و پیشەیەكان دانانێت، رژێمی ئێرانە. رژێمی ئێران هەرچەند وا خۆی پیشان دەدات كە سیستەمێكی كۆماری و ئیسلامییە كەچی لەناوەڕۆكدا، سیستەمێكی بۆرژوازی چاولێكەر و نۆكەری سیستەمی جیهانیە و بەهۆی هەڵسوكەوتە قازانج ویست و بەرژەوەندیخواز و هەڵپەرەستەكانی باری گۆزەران و ژیانی چینی رەنجدەر و كرێكاری ئەوەندە قورس كردوە كە توانای بژیوی و برسیەتیان لێ بڕیوون، كەچی سیستەمی جیهانی بە بێ ئەوەی تۆزقاڵێك لەخەمی ژیان و سەلامەتی و پاراستنی گیان و ماڵی چینی كرێكار بێت یا خود رژێمی داگیرکەری ئێران لەبەرامبەر بەبن پێ كردنی ماف و ئازادیەكانی چینی كرێكاران و رەنجدەران لۆمە بكات، پەرە بەسیاسەتی بازرگانی و سەفەقاتی ژێربەژێری خۆیان دەدەن، تەنانەت لەبەرامبەر بەو هەموو بن پێ كردنانەی مافی مرۆڤ و بێ رێزی كردن بەنرخە مرۆڤیەكان و گرتن و ئەشكەنجەكردن و زیندانی كردن و سزادانی بێ بنەما هیچ كاردانەوەیەك نیشان نادەن، بۆیەش دام و دەزگاكانی مافی مرۆڤ كەلەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆنیاد نراون، فۆرمالیتەن و ناتوانن لەئاستی خۆاستەكانی چین و توێژە هەژار و رەنجدەراندا بن و دەیانەوێت بەرێگەی بۆنیادنانی ئەو دام و دەزگایانە رەوایەتی بە هەڵسوكەوتە بەرژەوەندیخوازی و دەسەڵاتداریەتیان بدەن.

وەكو كۆمیتەی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لە رۆژی جەژنی كرێكاران و رەنجدەرانی جیهانیدا یادی هەڤاڵانی شەهیدی راگەیاندنی ئازاد” رامان جاوید، ئارگەش باوەڕ، فۆرات چەلێ، هێرش مەهاباد، ئارمانج مەریوان و وێداد ئامەد” بەرزرادەگرین. كەسایەتی ئەو هەڤاڵانەمان رۆڵە هەرە بەئەمەك و رەنجدەر و كرێكارانی راستەقینەی گەل و نەتەوە و ئازادیخوازانی جیهانن و ئەمڕۆكە ئەو بیروهزر و فەلسەفەیەی ئەو هەڤاڵانەی راگەیاندنی پارتەكەمان نوێنەرایەتیان دەكرد؛ بوونەتە رئالیتەیەكی تێكۆشان و وەرچەرخان لەپێناو ئازادی گەلانی ئێران و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و رووڕەشی بۆ سیستەمی جیهانی و بنكەوتنی سیاسەتی قڕكەر و فاشیستی ئاكەپە ـ مەهەپە و دەوڵەتی توركی داگیركەر و دەست و پێوەندەكانیان.

 

کۆمیتەی راگەیاندنی پەژاک

٣٠/٤/٢٠٢٣