لەبەرامبەر بە خۆڕاگری و راپەڕین و شۆڕشی نزیكەی سێ مانگەی كۆمەڵانی خەڵكی راپەڕیوی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رژێمی فاشیستی و دیكتاتۆری ئیسلامی ئێران بەپەنا بردنە بەر توندوتیژی و سەركۆتكردن بەزەبری هێزی سەربازی و بەبەكارهێنانی چەك و هێزە سەركۆتكەرەكان و ئەو كۆمەڵێك مرۆڤی بێ شۆناس و بەدوور لە پێوانە مرۆڤیی و ئەخلاقیەكانی كۆمەڵگە، هەوڵدەدات ئێرادەی گەلان و بەتایبەتی گەنجان بشكێنێت و بەو شێوەیەش گەلان لە بەرامبەر بە داواكاری و خواستە رەواكانیان سارد بكاتەوە.
دەوڵەت و رژێمی دیكتاتۆری ئیسلامی ئێران بەدرێژایی تەمەنی 43 ساڵەی بەدەر لە خشتەبردن و بڵاوكردنەوەی بێ باوەڕی و بێ ناسنامەیی هێشتنەوەی چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و نانەوەی دووبەرەكی و توانەوە و قڕكردنی ناسنامەی كەلتوری و چین و توێژە جیاوازەكان شتێك لەبەرژەوەندی كۆمەڵگەی ئەنجامنەداوە، ئێستاكەش كە ماوەی نزیكەی سێ مانگە گەلان دەستیان بەشۆڕشێكی ئەخلاقی، هزری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و چاندنی كردوە، ئاگر لەدڵ و دەروونی دەوڵەت و رژێمی كۆنەپارێز و ستاتۆگەرای رژێمی ئێران بەربووە و هەرچی دەچێت گڕی ئەو ئاگرە هەموو جەستەی لەنێوخۆدا دەسووتێنێت و مایەپووچی دەكات. رژێم بۆ ئەوەی ئەو سەرهەڵدان و راپەڕینە خۆڕسكەی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران سەركۆت بكات، لەپێش هەموویاندا بەبێ سڵكردنەوەی هەموو پێوانە مرۆڤیی و ئەخلاقیەكان پەلاماری گەنجان دەدات و لەزۆربەی شارە كوردیەكان، بەسەدان گەنجی خەڵتانی خوێن كردوە. وەكو كۆمەڵەی گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو رەفتار و هەڵسوكەوتە وەحشیانەی رژێم و دارودەستە سەركۆتكارەكەی بەتوندی ریسوا و شەرمەزار دەكەین و رایدەگەیەنێن كە رژێم بەخۆتاقی كردنەوە و شكاندنی گەنجان ناتوانێـت هیچ ئەنجامێك بەدەست بخات؛ چونكە ئیرادەی گەنجانی راپەڕیو كە لەدوای ژیانێكی ئازاد و یەكساندان بەهێرش و توندوتیژی سەركۆت ناكرێت و ئەو هێرش و پەلامارانە ئێرادەی سەربەخۆی گەنجان لەبەدەستهێنانی ئامانجەكانیان زیاتر سور و پێداگریان دەكات. گەنجانیش دەبێـت هەموو رێگەكانی خۆپاراستن لەبەرامبەر بەو توندوتیژیانەی هێزە سەركۆتكەرەكانی رژێمی داگیرکەری ئێران بگرنە بەر و بەتایبەت لەخۆبەرێكخستن كردن و دامەزراندنی دامەزراوە خۆڕسك و كاتی و هەمیشەیەكان هەوڵی بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕشەكەیان بكەن. پاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕشی ژن لەئێستاكە زیاتر لەهەموو كەس و لایەنێك لەئەستۆی گەنجانی بوێر و ئازا و پێشەنگدایە.
رژێمی داپلۆسێنەر و فاشیستی ئێران دەبێت ئەو راستیە باش بزانێت كە بەبەكارهێنانی زەربر و زەنگ رەنگە بۆ ماوەیەكی كاتی ببێتە بەربەست لەبەرامبەر بە راپەڕینی گەلان، بەڵام لەدرێژخایەندا وەكو گڕكانێك لەئاگر ئەو دەنگ و ئاوەزە ناڕازیانە پەنگ دەخواتەوە و لەناكاودا هەموو جەستە و دڵ و دەروونی رژێم دەسووتێنێت. بۆیەش رژێم دەبێـت گەل لەوەی كە هەیە زیاتر توڕە نەكات و دان بەخۆدا گرتنی كۆمەڵگە و گەنجان تاقی نەكاتەوە. چونكە لەئەگەر بەردەوامیدان بەو رەفتارە توندوتیژیانە، مۆمی تەمەنی رژێم بەرەو كوژانەوە دەچێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی ئەو شەهید و بریندارانەی راپەرێن و شۆڕشی ژن لەزۆرینەی شارە كوردیەكان زۆرتر بوون، بۆیەش وەكو ئەركێكی گەنجانە و پێشەنگ لەكۆمەڵگە، خاوەنداریكردن لەشەهیدان و بنەماڵەكانیان و بەهانە چوونەوەی بریندارەكان پێش هەر كەسێك لەئەستۆی گەنجانە. دەبێت گەنجان بەپێداگری و خۆبەرێكخستنكردنیان رێگە نەدەن تەرمی تاكە شەهیدێك لەو شۆڕشە بكەوێتە دەست هێزە سەركۆتكەرەكانی رژێم و بریندارەكان بۆ شوێنی پارێزراو بگۆازنەوە و دەرمانیان بكەن.
بەرخۆدانی خوێندكارانی زانكۆكان كە وەك سەنگەرێكی سەرهەڵدێر لە دەستپێكی دەسەڵاتداری رژێمی داگیركەری ئێرانەوە تا بە ئەمرۆ لەسەر پێ بوە و بۆ چركەیەكیش دەنگی ناڕەزایەتی لێ كپ نەبووە سڵاو دەكەین. چون خوێندكاران رۆڵی پێشەنگایەتی شۆڕشیان گێڕاوە و بە بەرخۆدان و سەرهەڵدانی خۆیان سەلماندیان دا كە تەسلیمی زوڵم و ستەمی دیكتاتۆران نابن.
رژێمە داگیركەر و فاشیست و دیكتاتۆری ناوچەكە دەیانەوێـت ئەو ئێرادەیە سەرهەڵدێرەی لەكەسایەتی تاكی كوردی ئازاددا لەناوچەكە سەریهەڵداوە بەهێرش و پەلامار سەركۆت بكەن و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكەش لەكەسایەتی كورداندا رووبەرووی تەسفیەكاری و لەناوچوون بكەنەوە، بۆیەش لەهەرچواربەشی كوردستان گۆڕیان بەهێرشەكانیان بۆ سەر گەلی كورد داوە. دەبێت گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەو راستیە باش بزانن ئەوەی لەم قۆناخەدا لەبەرامبەر بە فاشیست و دیكتاتۆر و كۆنەپارێزی رژێمەداگیركەرەكانی ناوچەكە و هێزە هەژمۆنخوازە جیهانیەكان تێكۆشانی ئازادی بەرێوە دەبات رووبەرووی قڕكردن و لەناوبردن بووەتەوە، بۆیەش پاراستن و بەرپرسیاریەتی و پێشەنگی كردن ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆڤیی و ئازادیخوازانەیە. هەر بۆیەش لەسەر ناوی كۆمەڵەی جەوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوا لەگەنجانی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەگشتی دەكەین بۆ خاوەنداریكردن لەنرخ و بەها ئەخلاقیەكانی كۆمەڵگە و مێژووی تێكۆشانی گەنجان لەهەر ئەگەرێكدا روو لەچیاكانی كوردستان بكەن و گوڕ بەبەرخۆدانی و بۆنیادنانی ژیانی ئازاد بدەن.
بە شەهیدكردنی گەنجانی شۆرشگێر نەك شۆرش كپ نەكرا، بەڵكو ئاگری شۆرش گوڕتر بوو و كڵپەی ئاگری شۆرش لەسەرتاسەری ئێران بڵاوبوویەوە. جەوانانی گەلەكەمان بە ئیلهام گرتن لە بەرخۆدانی گەریلا و شەرڤانەکان شەقامەكانی كرماشان، جوانرۆ، كامیاران، سنە، مەریوان، سەقز، بانە،بۆكان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ و هەموو شارەكانی تریان كردە گۆڕەپانی بەرخۆدان و تیكۆشان. جەوانان فەلسەفەی نەمر بونیان بە بنەما گرت و بە دوژمنانی ئازادییان راگەیاند كە ئەوەندە ئەڤینداری ژیانن كە لە پێناو ژیان دا ئامادەی گیانبازین.
ئەو بەرخۆدانەی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئیران لە ئارادایە، مێژوێكی دورو درێژی هەیە. واتا بەرخۆدانی گەلی كورد كولتورێكی هەزاران ساڵەی هەیەو ئەو كولتورەش بووەتە هەوێنی جاودان بوونی. زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لەمێژوو تا بە ئەمڕۆش بۆ حەماسە و بەرخۆدانی گەلەكەمان شایەتی دەدەن. لەئەمرۆشدا بەڕونی دەبینین كە داگیركەرانی كوردستان بۆ بە چۆك داهێنانی گەلەكەمان چۆن كوردستانیان گەمارۆ داوە. داگیركەرانی كوردستان بۆ هێرش كردنە سەر كوردستان هیچ سنورێكیان دانەناوە و لە هیچ جەنایەتێك و كۆمەڵكوژییەك سڵ ناكەن. لە گەڵ ئەوەش بەرخۆدانی گەلەكەمان سەلماندی كە ئیدی زنجیری كۆیلەتی پچڕیوەو وەك رێبەر ئاپۆ دەڵێت:”ئەگەر ژیانێك هەبێت بە ئازادی دەیڕازێنێتەوە”. داگیركەرانی كوردستان بە باشی دەزانن ئەو تەڤگەرەی كە هیوای ئازادی و دیمۆكراسی لە ناو زەین و هزری گەلانی چەوساوە زیندوو كردوەتەوە لە بیروهزری رێبەر ئاپۆ و لە كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر بۆیەش بە هێرش كردنە سەرهەر چوار بەشی كوردستان دەیانەوێت چرای ئازادی گەلان لە كوردستان دابمركێنن. بۆیە ئەو هێرشانەی بۆ سەر چیا ئازادەكانی كوردستان، رۆژئاوای كوردستان و رۆژهەلاتی كوردستان دەكرێن لە لایەن یەك عەقڵیەتەوە بەڕێوە دەبرێن. كە ئەوەش عەقڵیەتی فاشیزمە كە بەردەوام بونی خۆی لە پاكتاو كردن و لەناو بردنی گەلی كورد دا دەبینێت. بەڵام دوژمنان پێویستە بە باشی بزانن، كە گەل بڕیاری پتەو كردنی بەرخۆدان و بونیادنانی ژیانی ئازادی داوەو لەو پێناوەدا ئامادەی هەر جۆرە گیانبازییەكە.
هەلومەرجێك كە لە رۆژهەڵاتی كۆردستان و ئێران دا پێش كەوتوە ئەنجامی زیاتر لە ٤٣ ساڵ زیندان، ئەشكەنجە، سێدارە و سەركوتی گەلان و پێكهاتەكانی ئێرانە. ئەگەر داگیركەری ئێران ئەو سیاسەتە سەركوت كارانەی بەردەوام بكات و بە سەركوت و كوشت و بڕین بخوازێ وڵامی شۆڕشگێڕان بداتەوە، كۆتایی بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی دەهێنێت.
بۆ هەر كەس و لایەنێك ئاشكرایە كە شۆرشی ژن لە ژێر كاریگەری بیر و هزری رێبەر ئاپۆدا پێش دەكەوێت. ژنانی رۆژهەلات و ئێران بە هێز گرتن لە بەرخۆدان و تێكۆشانی هەڤاڵانی ژن لە بەرانبەر داگیركەرانی كوردستان، هێرشەكانی داعش و شۆرشی رۆژئاوا جەسارەتی بەرەنگار بونەوە لەگەڵ رژێمی كۆنەپەرەستی رژێمی ئێرانیان گرتوە و ئاستی تێكۆشانیان بەهێزتر كردوەتەوە. شۆرشی ئازادی ژن ئەنجامی تێكۆشان، بە پارتی بون، ئەرتەش بونی ژن و شەهادەتی شەهید بێریتانەكان و شەهید ساراكانە كە بونەتە سەمبوولی تێكۆشانی ژنانی ئازادی خوازی جیهان.
لە دەستپێكی سەرهەڵدانەكانی شۆڕشی ژن و جەوانان، گەلانی ئازادیخواز لە رۆژهەلاتی كوردستان و ئێران دا نرخ و بەهایەكی زۆریان دا و بە دەیان جەوانی ئازا و بوێر و بەشەهامەت گیانیان پێشكەشی ئازادی كرد. دوژمنی ئازادی و دیمۆكراسی، لەهەوڵدایە كە بە سەركوت، كوشت و برین دەنگی ئازادی لە گەروی ئازادی خوازان دا كپ بكات. بەڵام بە پێچەوانەی هەوڵەكانی رژێم، شەهادەتی هەر یەك لە شەهیدان بوو بە هەوێنی ئازادی ورێگای شۆرشی بۆ روناك كردین. بە شەهیدكردنی گەنجانی شۆرشگێر نەك شۆرش كپ نەكرا، بەڵكو ئاگری شۆرش گوڕتر بوو و كڵپەی ئاگری شۆرش لەسەرتاسەری ئێران بڵاوبوویەوە. جەوانانی گەلەكەمان بە ئیلهام گرتن لە بەرخۆدانی خوشك و برا گەریلاكانیان شەقامەكانی كرماشان، جوانرۆ، كامیاران، سنە، مەریوان، سەقز، بانە،بۆكان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ و هەموو شارەكانی تریان كردە گۆڕەپانی بەرخۆدان و تیكۆشان. جەوانان فەلسەفەی نەمر بونیان بە بنەما گرت و بە دوژمنانی ئازادییان راگەیاند كە ئەوەندە ئەڤینداری ژیانن كە لە پێناو ژیان دا ئامادەی گیانبازین.
لەو پێناوەدا برایەتی و یەك ڕیزی گەلانی ئێران سڵاو دەكەین. چۆن گەلەكەمان بە یەكڕیزی و یەكدەنگی خۆیان شەڕی تایبەتی رژێمی داگیركەری ئێرانیان پووچەڵ كردەوە. جەوانانی كورد، بەلوچ، ئازەری عەرەب، فارس و هەمو پێكهاتەكانی دیكەی ئێران بە پێشكەش كردنی سەدان شەهید برایەتی گەلانیان مسۆگەر كرد و بۆ پێكەوە ژیانی هەزاران ساڵەی خۆیان پەیمانیان نوێ كردەوە.
بەرخۆدانی خوێندكارانی زانكۆكان كە وەك سەنگەرێكی سەرهەڵدێر لە دەستپێكی دەسەڵاتداری رژێمی داگیركەری ئێرانەوە تا بە ئەمرۆ لەسەر پێ بوە و بۆ چركەیەكیش دەنگی ناڕەزایەتی لێ كپ نەبووە سڵاو دەكەین. چون خوێندكاران رۆڵی پێشەنگایەتی شۆڕشیان گێڕاوە و بە بەرخۆدان و سەرهەڵدانی خۆیان سەلماندیان دا كە تەسلیمی زوڵم و ستەمی دیكتاتۆران نابن.
لەكۆتاییدا داوا لەجەوانان دەكەین كە بە هەموو هێزیانەوە خۆ بە رێكخستن بكەن و یەكێتی ناو ریزەكانیان درووست بكەن و دام و دەزگای گەل و شۆڕش دابمەزرێنن و رۆڵی خۆیان پێك بێنن. هاوكات لە بەرانبەر پەلاماری هێزە سەركوتكارەكانی رژێم مافی پاراستنی رەوا بە كار بێنن و خۆ بپارێزن. و دەرفەتی ژیان بۆ سیخوڕ و خەیانەتكارانی رژێم لەناو كۆمەڵگا نەهێڵن و رێ نەدەن كە شۆڕش لەرەوتی حەقیقی خۆی بەلاڕێدا ببردرێت.
جارێكی دی سەری رێز لە بەرانبەر هەمو شەهیدانی شۆرش دا دادەنەوێنین و بەڵێنی بەردەوام كردنی رێگایان نوێ دەكەینەوە. هەتا گەیشتن بە ئاوات و ئارمانجی شەهیدان رێگای تێكۆشانیان بەردەوام دەكەین.
بمرێ خەیانەت و داگیركاری
بژی شۆرشی ئازادی ژنان و جەوانان
بژی برایەتی و یەكڕیزی گەلان
كۆمەڵگای جوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان – KCR
٢٥\١٢\٢٠٢٢