ساڵێک بە سەر هێرشی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر قەندیل تێپەڕ بوو. لە دەرەنجامی بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا و گیانفیدایی و خۆڕاگری هەڤاڵانی شەهید، حەماسەیەکی نوێ خوڵقێنرا و هێزەکانی سوپای پاسداران ڕووبەڕووی شکستێکی مەزن هاتنەوە. لێرەدا و لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی گەورە فەرمانداری شەهید، هەڤاڵ سمکۆ سەرهەڵدان، سەرجەم شەهیدانی ڕێبازی ئازادیخوازی و بە تایبەت ئەو شەهیدانە کە لە قۆناخی شەڕی قەندیل دا شان بە شانی شەهید سمکۆ، ئەم سەرکەوتنە مێژووییە و ئەم حەماسەیان خووڵقاند، وە بیر دەهێنینەوة و سەری ڕێزو نەوازش لە بەردەم قامەتی بەرزیان دادەنوێنین.
بێ گوومان هەڤاڵ سمکۆ لە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی PJAKخاوەن ڕۆڵ و پێگەیەکی تایبەتە و ئەم هەڤاڵە بە فیداکاری و ڕۆحی بەرخۆدان و فیداییانەی خۆی، توانی لە ئاستی پێشەنگایەتی دا ببێتە سیمبولی تێکۆشان. لە ناو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان HRKدا هەڤاڵ سمکۆ نموونەی فەرماندارێکی بە توانا و گەریلایەکی خوڵقکار بوو و ڕەنگدانەوەی کەسایەتی شۆڕشگێری ڕاستەقینەو هاوچەرخی کوردە. هەڤاڵ سمکۆ بە تێگەییشتنێکی ڕاست لە ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، توانیبووی وەرچەرخانێکی مەزن لە چەمک و کەسایەتی خۆی دا بکات و لە کردەوەدا و لە گۆڕەپانی تێکۆشان و ژیاندا نموونەیەکی مرۆڤی ئازاد و هاوچەرخ بوو. بە قووڵ بوونەوە لە چەمکی تێکۆشانی پاراستنی ڕەوا، هەتا دوایین هەناسە ئامادەی گیانفەدایی بۆ گەل و وڵاتەکەی بوو و هەر کات لە هەوڵی پتەو کردنی ڕیزەکانی گەریلا و پێشخستنی بواری تاکتیکی و خوڵقکاری لە تێکۆشانی گەریلایی دا بوو. وەک ئەرکی فەرمانداری و هەڤاڵیەتی لە پەروەردە کردن و ڕاهێنانی هێزەکانی گەریلای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەوڵدانی بێ وچانی دەدا و فەرماندەیەک بوو لە دڵی هەموو هەڤاڵانی دا.
لە درێژایی قۆناخی حەماسەی قەندیل دا، هەڤاڵ سمکۆ هەر کات لە ڕیزی هەرە پێشەوەی شەڕ دا جێگەی گرت و لە هەموو زۆری و زەحمەتیيەکانی شەڕ دا ماندوونەناسانە پێشەنگایەتی دەکرد. بۆیە لە سەرکەوتنی شەڕی قەندیل و خوڵقاندنی ئەم حەماسەیە دا ڕۆڵ و پێگەی هەڤاڵ سمکۆ هەتا دوایی دیاریکەر بوو.
لە دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ سمکۆ، ڕێباز و فیداکاری و پێوەرە کەسایەتیيەکانی ئەم شەهیدە قارەمانە، لە ناو ڕیزەکانی تێکۆشاندا چەمکێکی بەردەوامە. بە قارەمانیەتی شەهید سمکۆ و هەڤالانی دیکە بە سەدان لاوی کورد سوێندی تێکۆشانیان خوارد و بەشداری خەبات و تێکۆشان بوون. حەماسەی قەندیل لە ناو گەلی کورددا مۆراڵ و جۆشێکی مەزنی سازکرد و هیوایەکی نوێی خوڵقاند. یەکیەتی و یەکڕیزی گەلی کوردی پتەوتر کرد و هەنگاوێکی تری بەرەو ئازادی ناوە. بۆیە شەهید سمکۆ و عەگید و ساریا و شاهان و تێکۆشەر و بەرفین و زەردەشت و ئەویندار و هةموو ئەو هەڤاڵانی حەماسە قەنديل، هەرکات لە دڵی کۆمەڵگادان و هیچ کات نامرن.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کەسایەتی شەهیدانی حەماسەی قەندیلدا جارێکی تر هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد وە بیر دەهێنینەوە و پابەندبوون بە چەمک و ڕێبازی شەهیدان ڕادەگەێینین و سوێندی بەردەوام کردنی تێکۆشانی ئەوان دووپات دەکەینەوە.
شەهید نامرن
بژی سەرۆک ئاپۆ
کۆردیناسیونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
02.09.2012