مێژووی هەزاران ساڵەی کوردستان لێوانلێوە لە ئازار و ئازایەتی، لە خیانەت و خۆڕاگری، لە کوشتن و لە کۆڵنەدەری. لە هەر شوێنێک کوشتن هەبووبێت، لەوێش گەلی کورد بەرگری لە خۆی کردووە.
ئەم گەلە قەقنەس ئاسا دەیان و سەدان و هەزاران جار لە ناو ئاگردا ژیاوەتەوە و دیسانیش سروودی ژیانەوەی وتۆتەوە.
ئیمە لە کاتێکدا یادی شەهیدانی مانگی گوڵان ئەکەینەوە کە گەلی کورد لە قۆناخێکی چارەنووس سازدا ئەژی. لە هەر چوار لاوە ڕووبەڕووی هێرشی هەمەلایەنەی هێزە ئەمپێریالیست و دارەدەستە ناوچەییەکانیان ئەبێتەوە و خۆڕاگرییەکی بێوێنەی نواندووە.
گوڵان مانگی شەهیدانە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی تەڤگەری ئازادییەوە مانگی گوڵان شاهیدی گیان بەخشینی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بووە لە پێناو ئازادی و ژیانێکی واتاداردا.
ئەم کاروانە بە شەهادەتی هەڤاڵ حەقی قەرار کادری پێشەنگی تەڤگەری ئازادی دەستی پێکرد و تا ڕۆژی ئەوڕۆش هەر بەردەوام ئەکات. هەر ڕۆژێکی ئەم مانگە هەڵگری چیرۆکی قارەمانەتی و کۆڵنەدەری قوتابیانی ئاپۆیی بووە کە ئەفسانەیان خوڵقاند و ناوی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوو نەخشاند.
بێگومان مانگی گوڵان بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتیش خاوەن واتایەکی زۆرە. شەهادەتی ٦ کادری ڕاگەیاندنی پژاک لە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە له ١ی گوڵان، شەهادەتی ٥ هەڤاڵ لە داڵاهۆ بە پیلانگێڕییەکی چەپەڵی خۆفرۆشانی هەرێمی و هەروەها ئێعدامی ٥ تێکۆشەری ڕێی ئازادی لە بەندیخانەی ئێڤین له ٩ی گوڵان بە دەستی ڕژیمی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران، و هەروەها شەهادەتی دەیان هەڤاڵی دیکە کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان گیانی ئازیزی خۆیان فیدا کرد، لەو برینە ساڕێژ نەبووانەن کە هەر تازە ئەبنەوە و ئاگری تۆڵە لە ناخی هەر تاکێکی بەویژداندا دائەگیرسێنێ.
ئەو دەسکەوتانەی کە گەلی کورد بە تایبەت لە ڕۆژاوای کوردستان بەدەستی هێناوە، بۆ نەیارانی دێمۆکراسی و ئازادی وەک مەترسییەک ئەبینرێ و هێرشی تورکیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بێدەنگی هەموو دەوڵەتانی جیهان لە سەر ئەساسی لەناو بردنی ئەم دەسکەوتانەی گەلی کورد و بەردەوام کردنی پیلانگێڕی ناودەوڵەتی بوو.
باشترین و بەنرخترین جەنگاوەرانی ئەم گەلە بۆ ئازادی گیانی خۆیان فیدا کرد. ئەوەتا ئەمڕۆش بە هەزاران تێکۆشەری ڕێی ئازادی زیندان و دەرەوەی زیندان بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن، کاردۆ بۆکانی، هەرێم مهحموود، هەموو گۆڕەپانە نێونەتەوەییەکانیان وەک شوێنی تێکۆشان دیاری کردووە و بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر سەرۆک ئاپۆ گیانیان لە سەر دەست گرتووە و تێکۆشان بەگوڕتر ئەکەن. کە واتە ئەرکی ئێمەیە نەهێڵین خوێنی ئەوان بە فیڕۆ بچێت و ئەوەش ناکرێت مەگەر بە یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی.
شەهید سنوورەکانیان تێک شکاند و ئەم یەکبوونەیان بە بەخشینی گیانیان بۆ هەر چوار پارچەکە سەلماند. کە واتە درێژە پێدانی ڕێی شەهیدان بە ئەرکی خۆمان بزانین و لە پێناو ئەمەشدا ئەبێ بەرژەوەندییە بچووکەکان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی وەلا بنرێن.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە شەهیدانی مانگی گوڵان و هەموو شەهیدانی ڕێی ئازادی بە بیر دێنینەوە و بەڵین نوێ ئەکەینەوە کە تا ئازادی نەکەینە میوانی هەموو ماڵێکی ولاتەکەمان قەت لە تێکۆشان ماندوو نەبین و ڕێی شەهیدان هەر پڕ ڕێبوار ئەمێنێ.
کۆمیتەی شەهیدانی کۆدار
6/5/2019