هەڤاڵ شاهید ئەدوایی بە ناوی ڕێکخستنیی (سەرخۆبوون هەورامان)، لە شاری مەریوان و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا چاوی بە دنیا هەڵهێنا و پەروەردە بوو. پێش ئەویش براکەی پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کردبوو، هەر بەم شێوەیەش هەڤاڵ سەرخۆبوون ئاشنای تەڤگەر دەبێت. ئەو قۆناغی زانکۆ لە بەشی ئەندازیاریی دامەزراوەکان (تەئسیسات) تەواو دەکات و لە ساڵی ٢٠١٧دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە دەکات.
هەڤاڵ سەرخۆبوون لە دامێنی چیای کۆساڵان گەورە دەبێت؛ لە هەورامان، نیشتمانی نەوەد و نۆ پیر؛ نەوەد و نۆ پێشەنگی کۆمەڵایەتی کە هەریەکەیان لە قۆناغێکی مێژووییدا کۆمەڵگەیان بەڕێوە بردووە. ئەویش لە وەها کەشێکدا و لە هەوارگەی «دەرەویان» گەورە دەبێت؛ ئەو جوگرافیایەی کە یەکەمین دەستەی گەریلا کاتێک هاتنە هەرێمی شاهۆ، لەوێدا سەنگەربەندییان کرد. لەنێو ئەو خەڵکە و تەڤگەری ئاپۆیی تەنها ئەو تەڤگەرە بوو کە سنوورە زەمەنی و جوگرافییەکانی تێپەڕاند. وڵاتپارێزەی کە پێداگرییان لەسەر ڕەسەنایەتیی کولتووریی خۆیان دەکرد، تەڤگەری ئاپۆیی تەنیا تەڤگەرێک بوو کە مەودا زەمەنی و جوگرافییەکانی لەنێو برد. هەر لەم تەڤگەرەدا بوو کە زاراوەی هەورامی وەکوو بنچینەی زمانی کوردی پێگەی ڕاستەقینەی خۆی دۆزییەوە. شەهید سەرخۆبوونیش بە تێگەیشتن لەم ڕاستینەیە پەیوەندیی بە تەڤگەری ئاپۆییەوە کرد. هەرچەندە لە بنەماڵەیەکدا لەدایک ببوو کە لە ڕووی ماددییەوە دەستکورت بوون، بەڵام دڵێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستییان هەبوو. هەورامان هەمیشە وەکوو زێدی مرۆڤگەلێک ناسراوە کە لە دڵی چیاوە ژیان دەخوڵقێنن؛ ئاشنا بەو ڕەنجەی کە ئاوێتەی عەشقی خاک و نیشتمانە و ژیان لەسەر تاشەبەردەکان و لەنێو لووتکە سەربەرزەکانی هەوراماندا دەچنێتەوە.
کاتێک هەڤاڵ سەرخۆبوون پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد، تامەزرۆیی و زیندوویەتیی ژیانی لەگەڵ خۆیدا هێنا. هەر لە یەکەم هەنگاوەوە ئاوێتەی ژیانی گەریلا بوو و بە عەشقی ژیانی ئازادەوە لە چیاکاندا هەنگاوی هەڵگرت، لە هەر شوێنێکیش پێی دانابێت شوێنپەنجەی خۆی بەجێ هێشت.
هەڤاڵ سەرخۆبوون بەقووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی شێوازی ژیانی سادە و بێگەردی ئەو گەریلایانەی کە ئاشنایان ببوو؛ فیداکاری و پەیوەندییە سەمیمییەکانیان بە جۆرێک کاری تێ کردبوو کە هەمیشە لەگەڵ ئەو بەهایانەدا دەژیا. لە سەرەتای ئاشنابوونی بە گەریلا، ماوەیەک وەکوو کادرێکی خۆجێیی خەباتی کرد. لەم خەباتە نهێنییەدا کە بۆ گەریلا و تێکۆشانی ئازادیخوازی گرنگییەکی ژیانیی هەیە، بە دیسپلینێکی بەرز و کارنامەیەکی سەرکەوتووەوە زەحمەتی زۆری کێشا و لە بەئەنجامگەیاندنی چەندین خەباتی گرنگی شۆڕشگێڕیدا بەشداربوو. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوا و شنگال، بڕیاری دا بە شێوەیەکی کردەیی بێتە مەیدان و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد.
ئەمجارەیان کە ڕاستەوخۆ ببووە بەشێک لە ژیانی ئازاد و کۆمەڵایەتیی گەریلا، هەستی بە خۆشی و شانازییەکی قووڵ دەکرد. هەر بۆیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سەختییەکانی ژیانی شاخ و گەریلادا تووشی هیچ گرفتێک نەبوو و لە ماوەیەکی کورتدا وەکوو ڕۆڵەیەکی چیا ئازادەکان ئاوێتەی ژیانی ئەوێ بوو. لە ڕێگەی پەروەردە ئایدیۆلۆژی، سیاسی و سەربازییەکانەوە، لە بواری تیۆری و پراکتیکییەوە خۆی پێ گەیاند و بووە تێکۆشەرێکی بەتوانای تەڤگەری ئاپۆیی. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پەروەردەکان، لە قەندیل درێژەی بە خەباتی شۆڕشگێڕیی خۆی دا. نزیکەی دوو ساڵ بێوچان لە قەندیل تێکۆشانی کرد و لە چەندین کاری ستراتیژیدا، لەوانەش هەڵکەندنی تونێل کە بنەمای ستراتیژیی شەڕی قۆناغی نوێ بوو، بەشداریی کرد. ئەو سەرجەم ئەو ئەرکە شۆڕشگێڕییانەی گرتبوونیە ئەستۆ، بە سوودوەرگرتن لە زانستی ئەندازیاریی خۆی بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند.
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، داوای کرد بچێتە ئەو ناوچانەی کە شەڕ تێیاندا سەختتر و دژوارتر بوو. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، بە لێهاتوویی سەربازی، هەوڵدان و هەڵسوکەوتی شۆڕشگێڕانەی خۆی توانیی هەڤاڵانی قایل بکات و ڕوو بکاتە هەرێمی زاپ، واتە دڵی بەرخۆدان. ئەو بەخێرایی لەگەڵ کاروباری هەرێمی زاپدا ڕاهات و بە پێداگرییەوە داوای کرد لە هێڵی پێشەوەی شەڕدا جێگیر بێت؛ هەر بۆیە چووە مەیدانی «ئەشکەوتی برینداران» و لە تونێلەکانی شەڕی ئەوێدا سەنگەری گرت.
هەڤاڵمان سەرخۆبوون لەسەر بنەمای دۆکترینی شەڕی شۆڕشگێڕی هێزەکانی پاراستنی گەل، بە قووڵبوونەوەیەکی هزری و باوەڕێکی پتەوەوە گەیشتە لووتکەی کارامەیی گەریلایی. ئەو ئەزموونانەی لە بواری هەڵکەندنی و دروستکردنی تونێل و ئەشکەوتەکاندا لە قەندیل بەدەستی هێنابوون، لێرەدا لە بەرزترین ئاستدا خستنیە گەڕ. هەرگیز خۆی لە هەڤاڵانی تێکۆشەری جیا نەدەکردەوە؛ خۆی ڕاستەوخۆ بە بێڵ و قوڵینگەوە لە کاری هەڵکەندنی تونێلدا بەشدار دەبوو و بە ئیمکانێکی سنووردارەوە تونێلی شەڕی دروست دەکرد. شەو و ڕۆژ تێدەکۆشا تاکوو ناوچەکە بۆ جێبەجێکردنی شێوازی شەڕی تیمە پسپۆڕەکان لەسەر زەوی و لەناو تونێلدا ئامادە بکرێت و بیکاتە سەنگەری بەرخۆدانێکی مێژوویی.
هەڤاڵ سەرخۆبوون ڕووبەڕووی ئەو هێرشە داگیرکارییانە بووەوە کە سوپای داگیرکەری تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١دا دەستی پێ کردبوو و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرفراوانتری کردبوو. ئەو لە چەندین چالاکی و هەڵمەتی شۆڕشگێڕیدا دژی داگیرکەران لە ڕیزەکانی پێشەوەدا ئامادە بوو و ئەرکە تێکۆشانەییەکانی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ کرد. سەرەڕای هێرشی بێوچانی دوژمن بە بۆمبی سەنگەربڕی چەند هەزار تۆنی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری و هێرشبەر، فڕۆکەی جەنگی و تۆپخانە، ئەو هاوشانی هەڤاڵانی، «ئەشکەوتی برینداران»ی کردە سەنگەرێک کە قەت ناکەوێت و هەرخۆڕاگری دەکات. هەڤاڵمان لە وەڵامدانەوەی هەر پێشڕەوییەکی داگیرکارانەی دوژمندا بە چالاکیی گورزوەشێنەرتر، باشترین کاریگەری هەبوو. ئەو بە کردەوەی خۆی نیشانی دا کە چۆن دەکرێت بە ئیرادەی پۆڵایینی شەڕڤانانی فیداییی ئاپۆیی، سوپایەکی زەبەلاحی ناتۆ لە قووڵاییی زاپدا تێک بشکێنرێت.
سوپای تورکیا کە نەیتوانی ئیرادەی پۆڵایین و بەرخۆدانی ئەفسانەییی پارێزەرانی ئەشکەوتی برینداران تێک بشکێنێت و لە داگیرکردنی زاپدا دامابوو، بە شێوەیەکی سیستماتیک پەنای بردە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاییی قەدەغەکراو و چەکی تێرمۆباریک (گەرماپەستانی)، کە دەچنە خانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییەوە. تەنانەت لە بەرانبەر ئەم هێرشانەشدا هەڤاڵ سەرخۆبوون بۆ ساتێکیش لە خۆڕاگری پاشەکشەی نەکرد. ئەو تا دوا هەناسە، لە تەنیشت هەڤاڵانی و شانبەشانی ئەوان، لەم بەرخۆدانە ئەفسانەیییەدا —کە لە نابەرابەرترین هەلومەرجی مێژوودا شکڵی گرت— خۆڕاگریی کرد و بە جیهانی ڕاگەیاند کە زاپ هەرگیز نابێتە ڕێڕەوی داگیرکەران. ئەو کە ڕۆحیەی سەرکەوتنی کردبووە سەرمەشقی خۆی و شوێنکەوتووی دروشمی «کوردستانی ئازاد، بە ڕێبەرایەتیی ئازاد دێتە دی» بوو، بە هەڤاڵێتیی بەهێز و سەمیمی و پابەندبوونی پتەوی بە بەهاکانی ئازادییەوە، پێگەی خۆی وەکوو شەڕڤانێکی پێشەنگ لە مێژووی تێکۆشانماندا تۆمار کرد.
جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو پەیمانە دەکەینەوە کە بە ناوی شەهید سەرخۆبوون و سەرجەم شەهیدانمانەوە داومانە و دووپاتی دەکەینەوە کە یادیان هەمیشە بە زیندوویی ڕادەگرین. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەخۆشیی شەهادەتی هەڤاڵ شاهید ئەدوایی بە ناوی ڕێکخستنیی (سەرخۆبوون هەورامان) لە بنەماڵەی وڵاتپارێزی ئەدوایی، خەڵکی وڵاتپارێزی هەورامان، گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: سەرخۆبوون هەورامان
ناو و پاشناو: شاهید ئەدوایی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٨ / مەریوان
ناوی دایک: ڕەعنا
ناوی باوک: موحسێن
مێژوو و شوێنی بەشداربوون : ٢٠١٧ / کۆساڵان










