شەڕ و ئاڵۆزی لەناوچەكە بە ترافیكی دیپلۆماسی لەنێوان هێزە هەژمونگەرا جیهانی و هەرێمیەكان تێپەڕی فازێكی نوێی‌ مەترسیدار دەبێت. ئەو هێزانە لەپێناو راگرتنی باڵانسی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان بە داڕشتنی كۆنسپتێكی نوێ‌، ئاڵوگۆڕی لە هاوسەنگیە سیاسیەكان دەكەن و هەر دەوڵەتێك بە زەبری هێز دەیەوێت لەداهاتووی ناوچەكە خاوەن رۆڵ بێت و هەژمونی خۆیان بە سەر گەلانی ناوچەكەوە درێژە پێ بدەن. ئاكتەرانی سەرەكی ئەو كۆنسێپتە لەپێناو دابەش كردنی كەیكی دەسەڵات، راگرتنی باڵانسی هێز و هاوسەنگی سیاسی بە پێی بەرژەوەندی خۆیان دادەڕێژن. بە قۆناخی دوای شەڕی داعش، سەردەمێكی نوێی‌ بەربەرەكانێ‌ بۆ راگرتنی باڵانسی دەسەڵاتی نێوان ئەمریكا ـ روسیا و هاوپەیمانانیان لەناوچەكە هاتۆتە ئاراوە. دەستپێكردنی ئەو قۆناخەش بە قوربانی كردنی پرسی كوردان كە لەشەڕی دژی تیرۆر رۆڵی سەرەكیان گێڕاوە، دەستیپێكردووە. ئەمریكا بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی لەرۆژهەڵاتی ناوین، پچڕاندنی هیلالی شیعەی لەناوچەكە كردۆتە ئامانج و وەك لەمپەری دوایی بەردەم پڕۆژەكانی دەیەوێت كۆتایی بە هەژمونی ئێران لەناوچەكە بهێنێت. دەستپێكردنی خولی دووهەمی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، لەچوارچێوەی ئەو كۆنسێپتە تازەیە وەگەڕ خراوە. ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی بە کارتی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەیەوێت هاوپەیمانی دژە ئێران بەهێزتر بكات و بە هێزی ناتۆی عەرەبی و بە دەستێوەرانی نوێ،‌ رژێم لەناو دوورگەی قەیران دا نوقم بكات.

قووڵ بوونەوەی بەربەرەكانێی‌ ئەمریكا و ئێران بەرەیەكی نوێی‌ شەڕ لەناوچەكە دەكاتەوە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەكانی لەئارادایە. ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هەر جۆرە هێرشێك بە ترافیكی دیپلۆماسی دەیەوێت دیواری مقاومەتی فاشیزمی مەزهەبی بەهێزتر بكات. هەر یەك لەو لایەنانە لەپێناو سەركەوتنیان لەبازنەی شەڕی جیهانی سێهەمدا، وەك مۆرەی شەترەنج یاری بە ژمارەیەك لەدەوڵەت و هێزە هەرێمیەكان دەكەن. سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ئێران و ژمارەیەك لەوڵاتانی تری جیهان بۆ ئێراق و هەرێمی باشوری كوردستان لەچوارچێوەی راگرتنی باڵانسی هێز و پێناسە كردنی رۆڵی نوێی هەرێمی باشوری كوردستان دوای ریفڕاندۆمە شكست خواردووەكەی بارزانی پێكهاتووە. پێكنەهاتنی حكومەتی نوێ‌ی ئێراق و كابینەی نوێی‌ هەرێمی باشووری كوردستان لەدەرئەنجامی بەرژەوەندی ئابوری کۆمەڵێک سەرمایەداری هەرێم و ئێراق و ململانێ‌ی سیاسی ئەمریكا و ئێرانە.

ئەو دۆخەی ئێستا لەناوچەكە دەگوزەرێت لەپێناو شەڕی دەسەڵات ـ قازانجە. ئێران و ئەمریكا، ئێراق و هەرێم وەك كێلگەیەك بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەكانیان بەكار دەبەن و بۆ سەپاندنی هەژمونی لە ئێراق لەناو كێبڕكێیەكی ناتەندروست دان. لەبەر ئەوەی ئێراق و هەرێم سیاسەتێكی سەربەخۆ و دیموكراتیكیان پەیڕەو نەكردووە، لەبەخشینی رۆڵی مەقاشێك زیاتر هیچیان پێ نەدراوە. ترافیكی دیپلۆماسی كە لەژێر ناوی سیاسەت و كوردایەتی لەهەرێمی باشووری كوردستان دەگوزەرێت، جیا لەبەرجەستەكردنی هێڵی خیانەت و بەهەراج كردنی نرخ و دەستكەوتی دیموكراتیكی گەلی كورد هیچ پێناسەی تری لەسەر ناكرێت. ئەمریكا بۆ دەستێوەردانی سەر ئێران بە بێ ‌هیچ ستاتۆیەك دەیەوێت حساب لەسەر كوردان بكات و ئێرانیش لەژێر هەمان لۆژیك دەیەوێت كوردان وەك بۆری هەناسە كێشان لەدوورگەی قەیران دا بە كار بهێنێت.

دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان لەبەر ئەوەی لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێ و هێزە جیهانیەكان جارێكی تر رۆڵیان پێ بدرێت، بە جێگای ئەوەی لەبەرەی گەل جێ‌ بگرن، ئیرادەی خۆیان خستۆتە ئامێزی توركیا ـ ئێران. بۆ رەزامەندی ئەو هێزانە بە شانازییەوە دژایەتی دەستكەوتی كوردان لەبەشەكانی تری كوردستان دەكەن. توركیا لەژێر پەردەی هەڵگرتنی سزاكانی بۆ سەر یەكێتی، دەیەوێت یەكێتی لەهێڵی نەتەوەیی كوردان دوور بخات و بە رێگای گوشار لەپێناو داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی و گرتنی چالاكانی سیاسی و مەدەنی ئۆتۆریتەی یەكێتی تێكبشكێنێت. پارتی بۆ بەدەستهێنانی متمانەی تەواوی ئێران فەرشی سوور بۆ كاربەدەستانی ئەو وڵاتە رادەخات و بەڵێنی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری، دیپلۆماسی و ئەمنی بە رژێم دەدات. پارتی دەسەڵاتدار بە بێ‌ئەوەی هەڵوێستی توركیا، ئێران لەكاتی ریفڕاندۆمی باشوور و سیاسەتەكانیان لەسوریا، توركیا و ئێران بەرامبەر كوردان بە بیربهێننەوە، هەر دوو دەوڵەتی داگیركار بە دۆستی دێرین و هاوپەیمانی ستراتژیکی كوردان لەقەڵەم دەدەن. هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەرامبەر توركیا و ئێران هەڵوێستێكی تەسلیم كارانەیە و بە بەشداریان لەكۆنسێپتی نێودەوڵەتی لەریزی داگیركەرانی كوردستانەوە دەستكەوتی نەتەوەیی كوردان دەخەنە مەترسییەوە. دیدارەكانی دوو پارتی دسەڵاتدار بە دەسپێشخەری پارتی دیموکڕات لەگەڵ كاربەدەستانی توركیا، ئێران و هاوپەیمانانیان، لەكاتێكدایە كە توركیا هەڕەشە و گوڕەشەی بۆ سەر داگیركردنی باكووری سوریا زیاد كردووە و قڕكردنی سیاسی لەباكوور لە لووتكەدایە و لە ئێرانیش لەهەمان كاتدا شەپۆلی دەستگیركردنی چالاكانی سیاسی، ژینگەپارێزی و مەدەنی و سەركوتی گەلی كورد بەردەوامە و ئەو رژێمەی دەستی سورە بە خوێنی هەزاران گەنج و لاوی شۆڕشگێڕ، باوەش پێداگرتنی سەرانی حکومەتی باشووری کوردستان سەرشۆڕیە بۆ کورد.

هیوادارین كە یەكێتی بە چاوخشاندنێك بە هەڵویستەكانی رابردووی خۆی نەكەوێتە ناو داوی كۆنسێپتی توركیا و ئێران و لەبەرامبەر سیاسەتی نكولی کردن و سەركوت كارانەی ئەو هێزانە بێتە دەنگ و پێویستە پارتیش لەپێناو دەسەڵات ـ قازانج، كۆتایی بە سیاسەتی قوربانی كردنی كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان بهێنێت. لەكۆتاییدا داوا لەسەرجەم گەلی كورد لە رۆژهەڵات و بە تایبەت باشوری كوردستان بە پێشەنگایەتی پارت و رێكخراوە مەدەنیەكان، رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، میدیاكاران، پێشمەرگە دێرینەكان، گەنجان و ژنان دەكەین كە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كۆنسێپتی دژ بە ئیرادەی ئازادی كوردان بێ کاریگەر بكەن.

 

مەجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)

18.1.2019