لە ئۆپەراسیۆنە فراوانەکانی ڕۆژی 16 شەهریوەری 1397 -ی سوپای تیرۆریستی پاسداران کە لەدژی هێزەکانمان ئەنجام درابوو، ناسنامەی سێ لە هەڤاڵانی شەهیدمان بەناوەکانی (ئارگەش کارزان، تۆلهەڵدان سنە، دلۆڤان فیدایی)-مان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. زانیاری تەواومان لە چارەنوسی یەکێک لەهەڤاڵانمان نەبوو. دوای لێکۆڵینەوەی وردو چۆنێتی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیە لە دژی هێزەکانمان، چاودێری ناوچەکەو کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، دەرکەوت کە بەهۆی گەمارۆدانی ناوچەکە کە تائێستاش بەردەوامە و نەبوونی دەرفەتی پەیوەندی بە یەکینەکانی ترمانەوەو لەبەر سەختی برینەکەی و خوێنبەربوونەوە، هەڤاڵمان پەیوەستی کاروانی نەمرانی ڕێگای ئازادی بووە. ناسنامەی ئەم هەڤاڵەمان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: جەعفەر محەمەدی بە کۆدی ڕێکخستنی ڕۆژهات لەدایک بووی 1368-بۆکان. هەڤاڵ ڕۆژهات کە بە بوێری، فیداکاری و بێباکی لەنێوان هەڤاڵاندا ناسرابوو، بە هەوڵ و تێکۆشان و ئامادەیی لە زۆربەی مەیدانە ستراتیژیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرمەشق دانانی پێشەنگانی گەورەی وەک شەهید سمکۆ سەرهەڵدان، بووە نمونەیەکی گەریلای فیدایی. بۆ گیان بەختکردنی هەڤاڵ ڕۆژهات سەرەخۆشی لەگەلەکەمان، بنەماڵەی شەهید و هاوڕێبازانی دەکەین و سوێندی بەردەوامکردنی ڕێبازی هەموو شەهیدان نوێ دەکەینەوە.
ناوهندی راگهیاندنی YRK
۱۹/۹/۲۰۱۸