رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەساڵانە لەپێناو بێئیرادەکردنی گەلان هەر جۆرە سیاسەتی چەپەڵ و دڕندانەی لەسەر گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ئازادیخوازی ئێران تاقی کردووە. بەتایبەت لەقۆناخێکدا کە تێکۆشانی دیمۆکراتیک و رەوای گەلان لەتەشەنەسەندن دا بووبێت، سیاسەتی نادیمۆکراتیانەی رژێم لەهەڵکشاندا بووە. هاوکات ئەو هەوڵانەی رژێم نەیتوانیوە بەربەست و تەگەرە لەبەردەم ئازادیخوازەکانی ئێران دروست بکات و بە پێچەوانەوە ئاستی بەرخۆدان و تێکۆشانی دیمۆکراتی بەهێزتر و بەرفراوان تر بووە. بە پێی ئەوەش تایبەت لەرۆژهەڵاتی کوردستان بەسەدان جەوان کە لەناویاندا، دوو جەوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەر بەناوەکانی خدر خرنگە ناسراو بە (عاکیف مامۆ زاگرۆس) و فەهمی رۆستەمی ناسراو بە (سیروان ناری) لەپێناو پاراستنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد و بەدیهێنانی ئازادی و دیمۆکراسی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بوون. لەکاتی بەشداربوونیان دا رژێمی داگیرکەری ئێران سیاسەتی تواندنەوەی کلتووری رەسەنی کوردی لەرۆژهەڵاتی کوردستان بەرفراوان کردبوو، بۆیە لەپێناو پاراستنی شووناس و کلتووری گەلەکەیان وەک ئەرکێکی مرۆیی بەشداری ریزەکانی گەریلا دەبەن و کۆمەڵێک دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلەکەمان تۆمار دەکەن. هەر دوو هەڤاڵمان بەگوڕ و تینی شۆڕشگێڕییەوە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەهۆی رووداویکی لەناکاوی لافاو، لە 5ی نۆڤەمبەری 2006دا شەهید دەبن.
هەر دوو هەڤاڵمان لەماوەی تەمەنی تێکۆشانیان دا گەلێک دەستکەوتی مێژوویی یان بۆ گەلەکەمان و هاوکات PJAK تۆمار کردووە. تایبەت شەهید عاکیف مامۆ زاگرۆس وەک کادیرێکی پێشەنگ لەئامادەکاری و دامەزراندن و رێکخستن کردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK) خاوەن رۆڵ بووە. بۆیە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی PJAK هەموو هەوڵەکانی لەپێناو ئافراندنی کەسایەتی ئازاد و شۆڕشگێڕ و کۆمەڵگایەکی سیاسی و ئەخلاقی خستبووە گەڕ. خاوەن کەسایەتیەکی لێهاتوو و بەتوانا بوو و بەردەوام بە هەڤاڵانی هێز و ورەی دەبەخشی. هاوکات بۆ ئاشنابوونی گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ هەوڵی بێوچانی دا.
شەهید سیروان ناری هاوکات یەکێک لەکادیرە پێشەنگەکانی PJAK بووە کە هاوشێوەی شەهید عاکیف لەدامەزراندنی PJAK دا رەنجی مەزنی داوە. هاوکات بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی PJAK و ئەندامی بەڕێوەبەری یەکێتی راگەیاندنی دیمۆکراتیک بووەو لەپێشخستنی راگەیاندنی پارتەکەماندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە. لەپێناو بڵاو کردنەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ورەیەکی زۆر بەرزەوە خەباتی دەکرد. بۆیە بەرهەمی تێکۆشانی بێوچانی ئەم دوو هەڤاڵەمان ئەمڕۆ لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبینرێت. تایبەت خاوەندارێتی شکۆمەندانەی گەل لەکۆبانێ و شەنگاڵ بە رۆحی نەتەوەیی، بە بەرهەمی تێکۆشانی شەهید عاکیف، سیروان و هەڤاڵانی لەقەڵەم دەدەین. هاوکات دامەزراندنی سیستەمی کۆدار و ئەو ئاستە بەهێزەی کە PJAK تێیدایە، بە بەرهەمی تێکۆشان و رەنجی بێوچانی ئەم هەڤاڵانەمان دەبینین.
نۆهەمین ساڵیادی شەهید بوونی ئەم دوو هەڤاڵ و ئەندامانی بەڕێوەبەری پارتەکەمان، هاوکاتە لەگەڵ شەهیدبوونی هەڤاڵ زاڵ مەد و سەربەست بۆتان کە لەم چەند رۆژەی دوایی دا لەلایەن بەکرێگیراوەکانی رژێمی ئێران شەهید کران. بۆیە لەکەسایەتی ئەم هەڤاڵانەماندا یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و بە رۆحی خۆڕاگری و تێکۆشانی ئەم هەڤاڵانەمان، پەرە بە تێکۆشانمان دەدەین. تایبەت کاربەدەستانی رژێمی ئێران وشیار دەکەینەوە کە وەڵامی هێرشەکانیان دەدرێتەوەو دەبێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد، کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر گەلی کورد و تێکۆشەرەکانی بێنن. لەهەمان کاتدا هیچ جۆرە هێرشێک ناتوانێت ئێمە لەتێکۆشانی ئازادیخوازانەمان پاشگەز بکاتەوە.
لەکۆتایی دا داوا لەسەرجەم جەوانان و ژنان دەکەین کە خاوەندارێتی لەرێبازی شەهیدان بکەن و بۆ بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدانمان برەو بە تێکۆشان بدەن و بەشداری ریزەکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببن.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK
04.11.2015