66مین ساڵیادی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و 11مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان بەتایبەت لە رێبەر ئاپۆ، سەرجەم گەلی کورد، کەسوکاری شەهیدان و بەتایبەت دایکانی شەهید و گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین. هیوادارین چەمک و فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی ئەو رۆژە بببێتە هەوێنی ئازادی گەلەکەمان لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان. 4ی نیسان (15ی خاکەلێوە)، رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد بەواتای سەر لەنوێ لەدایکبوونەوەی نەتەوەیەکە کە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و قڕکردن بووەتەوە. ئەو رۆژە لەمێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا یەکێک لەرۆژە گرنگەکانی مێژوویە کە بووەتە مایەی دڵخۆشی و جەژن گرتنی نەتەوەی کورد و گەلانی ئازادیخوازی هەرێمەکە و بەو بۆنەیەوە ساڵانە شکۆمەندانە رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ بە نەمام چاندن و بۆنەی جیاجیاوە بەرز رادەگیردرێت. ئیدی ئەو رۆژە لەزهنیەتی تاک و کۆمەڵگای کوردەواری دا بە واتای رۆژی یەکێتی و راپەڕین و بەرخۆدان لەدژی زۆڵم و زۆرداری لەدژی زۆحاکەکانی سەردەمە. رۆژی وەرچەرخان، سەرهەڵدان و تێکۆشانە. واتا و گرنگی ئەو رۆژە بۆ گەلی کورد و گەلانی چەوساوەی هەرێمەکە و جیهان بە واتای رزگاربوون لەقڕکردن و کۆمەڵکوژییە. ئەو رۆژە چەمک و رێبازێکی نوآ بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی لەکوردستان بەدوای خۆی هێنا. بەتایبەت بۆ واتادان بەو رۆژە بە هەزاران رۆڵەی قارەمانی کورد گیانیان کردوەتە قەڵغانی پاراستنی کەرامەت و ئازادی گەلەکەمان و قارەمانانە بەشداری کاروانی شەهیدان بوون.

بەرهەمی چەمک و فەلسەفەی ژیانەوەی 4ی نیسان بۆ گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە بوو کە دوای بۆشاییەکی قووڵی ئایدیۆلۆژی، رێکخستنی و سیاسی لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەو رۆژە پیرۆز و بەنرخەدا لە11 ساڵی رابردوو لە4ی نیسانی 2004دا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK) بە دەستپێشخەری ژمارەیەک لە ژنان و گەنجانی ئاپۆیی دادەمەزرێت. دامەزراندن و راگەیاندنی PJAK لەو رۆژەدا بەواتای ژیانەوەی رۆحی ئازادی و بەرخۆدانە. رۆژی 4ی نیسان بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات بە واتای ژیانەوە و رزگاربوون لەتۆخمی بێ‌هیوایی، بێ‌باوەڕی، بێ‌پەروەردەیی و بێ‌رێکخستن بوون بووە. بەرهەمی ئەو رۆژە لەرۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزارن گەنجی بەرەو لانکۆلەی ئازادی هان دا و بەشداری ریزەکانی گەریلای کردن و ئەمڕۆ لەبەرەکانی شەڕ وەک کۆبانێ و شەنگاڵ لەدژی فاشیست پەرەستەکانی داعش پاراستنی کەرامەتی نەتەوەکەیان دەکەن. هاوکات بەرهەمی ئەو رۆژە مێژووییە بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندنی PJAK وەک پارتێکی هاوچەرخ و بونیادنانی سیستەمی KODAR و رێکخستن کردنی YRK و دامەزراندنی KJAR و KCR و دەیان بەرهەمی تری تێکۆشان بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵات ئافراندووە، کە ئەوەش رژێمی داگیرکەری ئێرانی خستووەتە ناو دڵەڕاوکێیەکی گەورەوە کە بۆ رێگری لەو فەلسەفەی نوێی ژیان پەنای بردۆوەتە بەر شەپۆڵی لەسێدارەدان، گرتن، کۆمەڵکوژی، بەسیج کردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و دەیان سیاسەتی چەپەڵی تر. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە نەتەوەى دیموکراتى و هەبوونى ستاتۆى سیاسى و ئیرادەى سەربەخۆ باشترین وەڵام بۆ ڕەنج و فیداکارى تەواوى دایکانى تێکۆشەر و ماندوونەناسى کورد و سەرجەم شەهیدانە کە گیانى خۆیان لە پێناو ئازادى و دیمۆکراسى دا داناوە. بۆیە بەو بۆنەیەوە بانگەوازی لەگەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بۆ خاوەندارێتی لەو رۆژە مێژووییە نەمامی ئازادی بچێنن و جەژنی یەکێتی و بەرخۆدان بەرز رابگرن و بەتایبەت گەنجان بە بەشداربوونیان بۆ ناو ریزەکانی گەریلا خاوەندارێتی لەبەرهەمەکانی ئەو رۆژە بکەن.

لەکۆتاییدا وەک پارتەکەمان بە چەمکی ژیانی ئەو رۆژەوە بەڵێنی درێژەپێدانی تێکۆشانمان نوێ دەکەینەوەو لەو رۆژەدا لەکەسایەتی شەهیدانی 3ی رەشەممەی 1999و سەرجەم شەهیدانی پارتەکەمان کە لەسەرجەم قۆناخەکانی تێکۆشاندا شەهید بوون و ئاڵای ئازادی و تێکۆشانیان شەکاوە هێشتوەتەوە، سەری رێز و نەوازش دادەنوێینین و خۆمان بە قەرزداریان دەزانین و بەڵێنیان پێ دەدەین تا دوا دڵۆپی خوێنمان درێژە بە رێباز و فەلسەفەی ژیانیان دەدەین.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK
02.04.2015