بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان عەباس کەمەندی بوو. هونەرمەندێک کە بە قەد باڵای ئاویەر لە بوارە هونەریەکان وەکوو مووزیک، سینەما، شانۆ، پەخشان، شێعر، بەرهەمی بە پیتی بۆ گەلەکەی بەجێ هێشت.

لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشیوی گەلی کورددا هونەرمەندان قەڵایێکی نەبەزیوی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان بوون. ئەوان هەمیشە وەکوو شۆرشگێرانی گۆڕەپانی فەرهەنگ بە دەنگ و بەرهەمەکانی خۆیان لە بەرامبەر هەرچەشنە توانەوەیێکی ناسنامەیی بەرخۆدانیان کردوو. هونەر رۆحی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکە، بۆیە هونەرمەندان لە کەسایەتی خۆیاندا و بە رێگای بەرهەمەکانیان پارێزوانی ئەو رۆحە بوون. ئەگەر ئەمڕۆ بمانەوێ لەسەر بنچینەیەکی ئەخلاقی – سیاسی، کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازاد ساز بکەین، هونەرمەندان خاوەن رۆڵێکی گرینگن. بۆیە ئەمرۆ لەو ساتەدا کە مامۆستای پایەبەرز عەباس کەمەندی بەرەوگڵکۆ رەوانە دەکەین، هەموو ئەو هونەرمەندانە بەبیر دێنینەوە کە بە رێگای هونەر و موزیک سینگ بەسینگ ناسنامەی نەتەوەییان پارستووە. لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو گەلەکەمان و هونەرمەندان بە تایبەت هونەرمەندانی جەوان دەکەین کە رۆحی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک بەرز رابگرن و هونەرمەندانی گەورە و پێشەنگی نەتەوەکەمان وەک رێپێشاندەری خۆیان ببینن. هەروەها پێویستە کە هەموومان خاوەنداریەکی شایستە لە هونەرمەندانی راستەقینەی گەلەکەمان بکەین.

لە کۆتایدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو نەتەوەکەمان و کۆمەڵگای کلتووری و هونەری رۆژهەڵاتی کوردستان و بنەمالەی مامۆستا عەباس کەمەندی دەکەین.

 

کۆمیتەی چاند و هونەری کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵات — KODAR
22.05.2014