سەرەتا وەک پەژاک بە بۆنەی هاتنی رۆژی زمانی دایکی، پیرۆزبایی لە هەموو گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد و هەروەها تێکۆشەران، پارێزوانان و چالاکانی بواری زمانی دایکی دەکەین. بێگومان هەر زمانێک هەڵگری ئەزموون، بەسەرهات، هەست و شێوازی ژیانێکی مرۆڤایەتیە. پاراستن و گرینگیدان بە زمان، پاراستن و گرینگیدانە بە فەرهەنگ و مێژووی مرۆڤ. کەوا بوو هەر زمانێک گوزارە لە هەبوون، فەرهەنگ و کۆمەڵگایەک دەکات و پارچەیەکە لە بەرهەم و دەسکەوتی ژیانی مرۆڤایەتی لە دەسپێکەوە هەتا رۆژی ئەمڕۆ. لە سەردەمی نوێدا و بە ئاوابوونی دەوڵەت ـ نەتەوەکان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوین وەک سەرچاوەو و لانکەی ژیار و مرۆڤایەتی، گەلێک زمان و فەرهەنگ کەوتنە بەر هێرشی زێهنییەتی پاوانخوازی و دەسەڵات و لەناوچوون یان مەترسی لەبیرچوون و سڕینەوە، باڵی بەسەردا کێشاون.
لە حاڵیکدا بەرەو 2ی رەشەمە وەک رۆژی رێزگرتن لە زمانی دایکی دەڕۆین کە هیج نیشانەیەک لە جێبەجێکردنی بەڵینەکانی حەسەنی رۆحانی بە تایبەت لەمەڕ بە فەرمی ناسینی زمانی گەلانی غەیری فارس و بەکارهێنانییان وەک زمانی پەروەردەو خوێندن لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا نابینین و بگرە ئەم بابەتە روبەروی هێرش و ناڕەزایەتی چەندین ناوەندی پاوانخواز و دەسەڵات پارێز وەک: سوپای پاسداران و فەرهنگستانی زمانی فارسی بۆتەوە. گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ لەناو بردن و سڕینەوەی زمانەکەیان هیچ کات لە هەوڵدان لەپێناو پاراستن و بەرز راگرتنی رانەوەستانوو بە شێوازی جۆراوجۆر وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە. لە کۆتاییدا داوا لە هەموو گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد دەکەین بە هەرشێوازێک بۆیان دەکرێت هەوڵەکانیان بۆ پارستن و بەفەرمی ناسینی زمانی خۆیان زیاتر بکەن و هەموو رۆژێک بکەن بە رۆژی رێزگرتن لە زمانی دایکی.
سڵاو و رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
20.02.2014