لە قۆناخی دواییدا رژێمی ئێران ئاستی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوخۆی ئێران و لە بەرامبەر گەلان، لایەنە ناڕازییەکان و بەرهەڵستکارەکانی رژێم بەرفراوانتر کردۆتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دوابەدوای لە سێدارەدانی هەڤاڵی پێشەنگی پارتیمان، هەڤاڵ باهۆز، کادیری هەرێمی پارتیمان و دلسۆز و وەڵاتپارێزی قارەمان، هەڤاڵ رەزا ئیسماعیلی لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە گرتووخانەی سەڵماسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێدارە درا. هاوکات لە رۆژانی دواییدا، لەسەر پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی بانە، هێرشێکی سەربازی بەرێوە چوو و لە ئەنجامدا 4 تێکۆشەری گەلی کورد، شەهیدبوون. هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلی ناڕازی بەلووچ و پێشەنگەکانی ئەم گەلە لە ئاستێکی بەرفراواندا بەرێوە چووە و لە ئاکامدا 16 چالاکی سیاسی بەلووچ لە گرتووخانەکانی رژێم بە کۆمەڵ لە سێدارەدران و کۆماری ئیسلامی ئێران، مۆری خۆی لەسەر قەتڵوعامێکیتر دا و رووی راستەقینەی خۆی لە بەرامبەر کێشە ناوخۆییەکان بە باشی ئاشکرا کرد.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردووانی ئەم قۆناخە وەبیر دەهێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلی کورد و گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی قارەمان پەروەری بەلووچ و سەرجەم لایەنە دیمۆکراسیخوازەکانی ئێران و کوردستان دەکەین. بەم رێگایەوە جارێکیتر رادەگەیێنین کە رژێمی ئێران بەم سیاسەت و کردەوە دژمرۆڤانەیەوە، رەوتێکی مەترسیداری لەبەرامبەر گەلانی ئێران گرتۆتە بەر. لەسەر ئەو بنەمایە بانگ لە سەرجەم لایەنە دیمۆکراسیخوازەکان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم رەوشە هەستیار بن و بانگی تێکۆشانی هاوبەشی لایەنەکان و پێشەنگانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دووپات دەکەینەوە. هاوکات بانگ لەسەرجەم گەلی کورد و گەلانی تری ئێران دەکەین کە بە خاوەنداریەتی لەم شەهیدانە، خاوەندارییەتی لە هەبوون و ناسنامەی خۆیان بکەن و سیاسەتەکانی رژێمی ئێران ئیدانە بکەن.
سڵاو و رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK
27.10.2013