شاری سنە، سەرەڕای هەموو گوشارەکان و سیاسەتەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، هەمیشە پاراستنی ناسنامە، زمان و کولتووری کوردیی وەک بابەتێكی پیرۆز بینیوە و لە پێناویدا گیانی بەخشیوە. لەم شارەدا کولتووری نیشتمانپەروەری لە هەموو کایەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ڕەگی داکوتیوە و هەر منداڵێک بەم هۆشیارییەوە گەورە بووە. سنە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستاندا چالاکانە بەشداریی کردووە و لە پێشکەشکردنی ڕۆڵەکانی بە ڕیزەکانی تێکۆشان درێغیی نەکردووە.
هەڤاڵ فیداکار لە شاری سنە، لەو شوێنەی کە نیشتمانپەروەری تێیدا گەشەی سەندووە چاوی بە دنیا هەڵهێنا. بەهۆی ڕۆحیەتی نیشتمانپەروەریی خێزانەکەی و ژینگەی ژیانییەوە، کەسایەتییەکی بەبڕشت و ئاراستەکراو بە هۆشیاری و کولتووری کوردیی بەدەست هێنا. بێبەشبوون لە خوێندن بە زمانی دایک و ئینکارکردنی ناسنامەکەی لە ساڵانی قوتابخانەدا، دژایەتییەکی قووڵی لە ناخیدا خوڵقاند. هەڤاڵ فیداکار لە تەمەنێکی بچووکەوە لە ستەمی دەوڵەتان لە کوردستان و بەرنامەکانیان بۆ لەناوبردنی ئەم خاکە تێگەیشت و خستنیە ژێر پرسیارەوە. حەز و ئارەزووی ئەو بۆ ژیانی گەریلایەتی و لێکۆڵینەوە لەسەر بزووتنەوەکەمان، هاوسۆزی و سەرسامییەکی قووڵی لە ناخیدا بەرامبەر بە تێکۆشانی گەریلایەتی دروست کرد.
ئەو هاوکات لەگەڵ خوێندنی لە قۆناغی قوتابخانە و زانکۆدا، بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی شۆفێریی دەکرد و لە بیناسازیدا کاری دەکرد. ئەو بە بەرزڕاگرتنی بەهای ڕەنجی دەست و ئارەقەی نێوچاوان، گەیشتبووە کەسایەتییەکی پێگەیشتوو. بەم تایبەتمەندییانەوە، لە نێو خێزان و دەوروبەریدا خۆشەویست بوو و ئەوانی تر گوێیان لە قسەکانی دەگرت. ئەم هەڤاڵە گەنجە ماندوونەناسە، هەم دەستبەسەرکردنی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆ و هەم بێبەشبوونی لە بەرهەمی ڕەنجەکەی وەک کرێکارێک، بە دژایەتییە بنەڕەتییەکانی ژیانی خۆی دەزانی. هەڤاڵمان کە بە قووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی داستانی بەرگریی گەریلا لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە زاپ، دوای تێکشکانی سوپای تورکیا و بەرگریی قارەمانانەی زاپ، ڕووی لە لێکۆڵینەوە لەسەر فەلسەفەی ئاپۆیی کرد.
هەڤاڵ فیداکار بەرامبەر بە تاوانەکانی داعش لە ڕۆژاوا و شەنگال بێدەنگ نەبوو و بڕیارێکی ڕژدی لەسەر پەیوەستبوون بە گەریلاوە دا. ئەو گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کاتی پەیوەستبوون بەو گەریلایانە هاتووە کە وەک قەڵغانێک لە بەرامبەر ئەو تاوانە دژە مرۆییانەدا وەستاون و چەتەکانیان تێکشکاندووە. کاتێک لە کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەری لە زانکۆی کرماشان دەیخوێند، پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی گەریلاوە و هەڵوێستێکی ڕوونی لە دژ بە سیستەم گرتەبەر. هەڤاڵ فیداکار لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ چوونە ڕیزی گەریلاکان، ڕووی لە ناوچەکانی گەریلا کرد، بەڵام لەو ڕێگەیەی هاتبوو، بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. ئەو لە بەرامبەر دوژمندا هەرگیز لە هەڵوێستی ڕێکخراوەیی خۆی پاشەکشەی نەکرد و بەمەرجێک لە بەندکردن ڕزگاری بوو، لە ماوەیەکی کورتدا خۆی گەیاندە ناوچەکانی گەریلا و بڕیاری خۆی بۆ خەبات نیشان دا.
هەڤاڵ فیداکار لە ساڵی ٢٠١٤دا خولی پەروەردەی شەڕڤانانی نوێی تێپەڕاند و کەوتبووە ژێر کاریگەریی پەیوەندییەکانی نێوان هەڤاڵانی گەریلا و ژیانی بەکۆمەڵیان. ئەو بۆ ڕزگاربوون لە هەر شتێک کە سیستەم لە کەسایەتییدا دروستی کردبوو، هەوڵێکی زۆری دا و شانازیی بە گەریلابوونی خۆیەوە دەکرد؛ پێشنیازی کرد بچێتە ئەو ناوچانەی کە تێیاندا ڕووبەڕووی دوژمن دەبێتەوە، چونکە دەیویست بە کرداری بچێتە ناو کایەی تێکۆشانەوە. لە هەمان ساڵدا لە سەر سنوور بریندار بوو و ئەم بریندارییە بڕیارەکەی بۆ خەبات پتەوتر کرد. دوای ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا قۆناغی چارەسەریی تێپەڕاند، پەیوەست بوو بە چالاکییەکانی ناوچەی قەندیل و لەوێ درێژەی بە خەباتەکەی دا.
لە کاتی هێرشی تاوانکارانەی داعش بۆ سەر مەخموور و کاتێک گەلەکەمان لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدا بوو، هەڤاڵ فیداکار لە بەرەی پێشەوەی مەخمووردا چووە ناو شەڕی دژ بە داعش. ئەو دەیزانی کە گەریلا لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەر گەل و بزووتنەوەکەمان، لە ژێر هەر بارودۆخێکدا هێزی بەرگری دەبێت و بە ئەرکی شۆڕشگێڕانی خۆیەوە پابەند دەمێنێت. دوای ئەوەی ئەرکەکانی خۆی بە شێوازێکی شایستە ڕاپەڕاند، گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی پاراستنی مەدیا و پێشنیازی کرد بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازیی خۆی، پەروەردەی پسپۆڕی ببینێت. ئەو لە هەر ناوچەیەکدا کە لێی بوو، بە بەشدارییەکی بەبڕشت، پڕ وزە و پڕ لە گڕوتین، تێکۆشەرێکی نموونەیی بوو. شەهیدبوونی کوڕەپووری، هەڤاڵ کارۆ سنە (عوسمان تاڵ) کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بەرگریی کۆبانێدا شەهید بوو، بوو بە هاندەرێک تا هەڤاڵ فیداکار خەباتی خۆی زیاتر لە جاران بەرفراوان بکات.
ئەو بە باشی دەیزانی کە تەنیا بە تاکتیکەکانی گەریلای نوێ دەکرێت هێرشەکانی دوژمن پووچەڵ بکرێنەوە؛ لەبەر ئەوە، لە ساڵی ٢٠١٧دا لە بەشی پەیوەندیدار بە مین و تەقەمەنیاندا پەروەردەی تایبەتی بینی. ئەو دەیویست ببێتە گەریلایەکی پیشەگەر و خاوەن پاشەکەوتێکی سەربازی و بیروباوەڕی بەهێز، بۆیە بە جدییەت و وردەکارییەکەی زۆرەوە بەشداریی لە پەروەردەکاندا کرد. هەروەها لە ماوەی خولی پەروەردەدا بە قووڵی لەسەر کارەکەی چڕ بووەوە و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە گورز لە دوژمن بوەشێنێت و بەرپرسیارێتییەکانی هاوتەریب لەگەڵ ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانەی گەریلادا جێبەجێ بکات. تووڕەیی ئەو بەرامبەر بە دوژمن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو و سەرەنجام وەک گەریلایەکی پسپۆڕ لە ئەکادیمیا دەرچوو.
هەڤاڵ فیداکار پێشنیازی چوون بۆ باکووری کوردستانی قبووڵ کرد و لە ساڵی ٢٠١٩دا پەیوەست بوو بە گرووپی ناوچەی بۆتانەوە. ئەو کە لە بۆتاندا وەک گەریلا تێدەکۆشا، لە ماوەیەکی کورتدا ئەزموونی زۆر بەنرخی بەدەست هێنا. کەوتبووە ژێر کاریگەریی سروشتی بۆتان و نیشتمانپەروەریی قووڵی خەڵکەکەی، و لەو ناوچەیەدا لە چەندین چالاکیدا بۆ بەرپەرچدانەوەی پڕۆژەی سڕینەوە و پەراوێزخستنی ڕێبەرەکەمان و گەلەکەمان بەشداریی کرد. پاشان گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی پاراستنی مەدیا و ئەزموونی ژیان و پاشەکەوتی سەربازیی خۆی خستە خزمەت هەڤاڵەکانییەوە. ئەو لە دوایین ناوچەی چالاکیی خۆیدا واتە قەندیل، وەک گەریلایەکی بەتوانا لە هەموو ڕوویەکەوە، بە تەواوی بوونی خۆی تەرخان کرد بۆ چالاکییەکان تا ئەو ئامانجانەی شەهیدان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەخشیبوو، بگەیەنێتە سەرکەوتن.
هەڤاڵە هێژاکەمان فیداکار، کە بێوچان لە قەندیلەوە تا مەخموور و لە گارەوە تا بۆتان خەباتی کرد، بە هۆگریی قووڵی بۆ ڕێبەرەکەمان و شەهیدان، ببووە نموونەیەک بۆ هەموو هەڤاڵەکانی؛ ئەو لە ١٠ی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٢دا، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی دوژمندا بۆ سەر ناوچەی قەندیل، گەیشتە کاروانی شەهیدان.
وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و یادەوەریی ئەو، جارێکی تر پەیمانی خەبات لەسەر ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەینەوە؛ بەم بۆنەیەوە شەهیدبوونی هەڤاڵ فیداکار لە پێش هەموو شتێکدا لە بنەماڵەی بەڕێزیان و پاشان لە خەڵکی نیشتمانپەروەری سنە، گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازان سەرەخۆشی دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: فەداکار ڕوناهی
ناو و پاشناو: سەرکەوت قادری
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٧ _ سنە
ناوی دایک: گوڵان زەندی
ناوی باوک: کەریم قادری
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٤ _ پێنجوێن
شههادەت: ١٠ -٠٧-٢٠٢٢





